تایبەتمەندی نێوان پزیشک و نەخۆش چییە؟

10:34 - 2024-02-25
دووتوێ
112 جار خوێندراوەتەوە

دڵان سامان


تا کێشەکەی خۆمم بۆ پزیشکەکە باس کرد دووجار سکرتێرەکەی و جارێکیش نەخۆشێک خۆی کرد بە ژوورا بە بیانووی ئەوەی پرسیاری بە پەلەیان هەیە، پێ بڕینی قسەکانم جگەلەوەی وایکرد نە من و نە پزیشکەکە نەزانین باسی چی دەکەین، هاوکات ئەو مەسەلانەی پەیوەستە بە نەخۆشەوە و دەبێت تەنیا لەنێوان پزیشک و نەخۆشدا بمێنێتەوە بەشێکی سکرتێرەکەشی لێی تێگەیشت و بگرە ئەویش ئامۆژگاری خۆی پێدام، منیش لە سەیرو سەمەرەیی دۆخەکە هیچم پێ نەکرا تەنیا سوپاسم کرد، بێگومان هەر لەوێ چوومە دەرەوە بڕیارمدا جارێکی دیکە سەری پێدا نەکەمەوە، لەبەر هیچ شتێک نا لەبەرئەوەی بەڕای من پزیشکێک تایبەتمەندی و نهێنی نەخۆشەکانی نەپارێزێت و رێزی ئەوە نەگرێت تۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێت کردووە تا ئەو ببینیت چەندە زیرەکیش بێت ناتوانم وەک پزیشک رێزی بگرم و چارەسەرەکانی بە هەند وەربگرم.

بەکۆمەڵ نەخۆش دەبینرا
لە ساڵانی رابردوودا چوونە لای پزیشک بەوجۆرە بوو نەخۆشەکان دوو یان سێ و بگرە هەندێکجار چوارکەس دەکرانە ژوورەوە هەر یەکە گوێی لە کێشە و نەخۆشییەکانی ئەوی دیکە دەگرت و زۆرجار ئەوە وایدەکرد نەخۆش شەرم بکات لەوەی بەباشی کێشەکانی باس بکات، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ کرانەوەی دنیا و زیادبوونی ژمارەی ئەو پزیشکانەی خوێندنێکی مۆدێرنیان وەرگرتووە و ئاگاداری دنیان ئەو حاڵەتە تا راددەیەک نەما، بەڵام هەندێ مۆدێلی دیکە پەیدا بووە بۆ نموونە: چەند ژوورێکە و هەر ژوورەی نەخۆشێکی لێ دادەنرێت جاری وا هەیە هەست دەکەیت تۆیان بیرچۆتەوە و زۆری پێدەچێت تا پزیشکەکە دێتە لات، دوای ئەوەش هەست دەکەیت بەسەرپێییەوە گوێت لێدەگرێت و پەلەیەتی بچێتە لای نەخۆشێکی دیکە کە لەژوورێکی تر ئەویش وەک تۆ لە چاوەڕوانیدا دانراوە، دواجار لەنیوەی کێشەو چارەسەرەکان کەستان لەیەک حاڵی نابن نە نەخۆش و نە پزیشک.

بابەتێکی تایبەتییە 
ئەوەی تا ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە نایزانن، ئەوەیە نەخۆشیی و باری تەندروستی هەر چییەک بێت بابەتێکی زۆر تایبەتییە و پێویست ناکات کەسانی دیکە بیزانن و ئەوە بەشێکە لەو سوێندەی پزیشک دەیخوات کاتێک دەبێتە پزیشک ئەویش ئەوەیە نهێنی نەخۆشەکانی بپارێزێت و ئەوە تەنیا بابەتێکی رۆتینی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پیرۆزیی کاری پزیشکیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ژیانی مرۆڤەکان کە بەڕای من قورسترین پیشەیە مرۆڤ بیکات، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت پابەندی ئەوە بن کە سوێندیان لەسەر خواردووە.

پاراستنی نهێنی نەخۆش چۆن دەکرێت؟
*یەکێک لە رێگەکانی پاراستنی تایبەتمەندی نەخۆش ئەوەیە کاتی پێوستی بداتێ بۆ باسکردنی حاڵەتەکەی و پشکنین، ئاگاداری سکرتێرەکەشی بکات بەهیچ شێوەیەک لەکاتێکدا نەخۆش لە ژوورەوەیە بچێتە ژوورەوە مەگەر پزیشکەکە خۆی بانگی بکات.
*نابێت لەگەڵ نەخۆشێکدا نەخۆشێکی دیکە بچێتە ژوورەوە تەنانەت ئەگەر بۆ بینینی ئەنجامی پشکنین یان چارەسەر و دەرمان بێت، چونکە هەردووکیان مافی خۆیانە نهێنیان پارێزراو بێت.
*باسنەکردن و ئاماژە نەدان و ناونەهێنانی نەخۆشی و حاڵەتی تەندروستی نەخۆشێک لای نەخۆشێکی دیکە.
*گاڵتەکردن یان سووکایەتی کردن بە حاڵەتێکی تەندروستی چەندە سادەش بێت، چونکە تۆ پزیشکیت نەک ئەو، بۆیە مافی خۆیەتی ترس و دڵەڕاوکێکانی بە جوانی و بەڕێزەوە بڕەوێنیتەوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان