لە ئامێدی خۆبەخشانە كار بۆ پاراستنی ئاژەڵە كێوییەكان دەکرێت

09:50 - 2024-02-26
ڕاپۆرت
292 جار خوێندراوەتەوە
ئاژەڵە کێوییەکانی سنووری ئامێدی

راپۆرتی/ ئەیاز هەركی


هاووڵاتییەكی خەڵکی سنووری قەزای ئامێدی، ماوەی 28 ساڵە خۆبەخشانە هاوكاریی ئاژەڵە كێوییەكانی سنووری ئامێدی دەكات و بەو هۆیەشەوە ژیانی سەدان ئاژەڵی كێوی رزگاركردووە.
شوان سدیق عەلی لەو ماوە زۆرەدا بە خەمخۆرییەوە كاردەكات بۆ بەخێوكردن و پاراستنی ژیانیان وەك دابینکردنی ئامێری چاودێریكردن و پاراستنیان لە راوچیەكان و دروستکردنی حەوزی بۆ ئاو خواردنەوەیان لە وەرزی هاویندا و پێدانی رووەك لەكاتی بەفرباریندا لە شوێنی نیشتەجێبوونیاندا. بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی خەڵكی ناوچەكە سەرسامن بە سۆز و خۆشەویستی و كارەكانی ئەو هاووڵاتییە، چونكە ساڵانێكی زۆرە كار بۆ پاراستنیان دەكات و لە نەخۆشی و مەترسی لەناوچوون دەیانپارێزیت.
 جگە لەوەش كارەكانی شوان سدیق بۆ پاراستنی بزنە كێوییەکان و بەخێوكردنیان  و بەدواداچوون بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، سەرەڕای ئەوەی حەزێکی خۆیەتی، ئەركێكی مرۆیی و شارستانیانەشە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە و پارێزگاریی لە توخمی ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی کەمبوونەوە و لەناوچوونیان لەسەرە.
 لەوبارەیەشەوە شوان ئامێدی چالاكوانی بواری ئاژەڵپارێزی دەڵێت: لە ساڵی 1996ەوە من و چەند هاوڕێیەكی دیكەم دەستمانکردووە بەم كارە، چونكە لەو كاتەدا خەڵكانێک هەبوون ئاژەڵە كێوییەكانیان راودەکرد و درەختە سروشتییەکانیان دەبڕییەوە، ئەمەش ببووە هۆی کەمبوونەوە و  بەرەبەرە لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییەکان، بۆیە لانیکەم لە سنووری ئامێدی و چیاکانی دەوروبەری شاری ئامێدی کەوتینە کارکردن و هەوڵدان بۆ چاودێریكردن و پاراستنیان ئەو ئاژەڵانە و سروشتی ناوچەکەش بەمەبەستی زیادكردنی ژمارەی ئاژەڵە كێوییەكان و دەشڵێت: تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئەو ئاژەڵانەمان لە لەناوچوون پاراستووە.
ئەو کەسە ئاژەڵ دۆستە هەروەها دەڵێت: سەرەتا زۆربەی كارەكانمان پاراستن و چاودێری بوو، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ەوە بەهۆی وشكە ساڵی و نەبوونی ئاوەوە لەو چیایانەی كە ئاژەڵی کێوییان تێدا دەژی، حەوزی ئاومان بردە سەرەوە چ بۆ باڵندە و چ بۆ ئاژەڵە كێوییەكان لە شوێنی جیاجیادا بۆمان دابینكردن.
هەروەک ئاماژەی بەوە دا کە لە چەند چیا و  ناوچەیەكدا بە هاوكاریی هەندێك خەڵكی خێرخۆازی ئامێدی، بەردەوام لە وەرزی هاویندا و بەتایبەتی لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئابدا و تا پاییز ئاویان بۆ دابین دەكەین. 
وتیشی: لە زستاندا كاتێك بەفرێكی زۆر دەبارێت، لە زۆر شوێن گەڵا و چڵی رەسەیان بۆ دابین دەكەین و من بۆخۆم رۆژانە لەگەڵیاندا دەژیم و دەیانپارێزم. هەرچەندە كارێكی زۆر سەختیشە، بەڵام هەستێكی زۆر خۆش و پیرۆزە و ئاسوودەم دەکات.
 ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند کە زۆرجار ئاژەڵە كێوییەكان بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان توركیا و پەكەكەوە مردار بوونەتەوە، بەڵام ئێستا لە ناوچەكانی شەڕدا بزنە كێوییەكان دێنە شوێنە ئارامەکان لە نزیك گوندەكانی سنووری قەزای ئامێدی دەژین. 
هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لەوەی كە هاووڵاتیان وەك جاران نین و وازیان لە راوكردنی ئاژەڵە كێوییەكانیان هێناوه و تا رادەیەك بزنە كێوییەکان ماڵی بوون و هەست بە جۆرێک لە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن.
وتیشی: نزیكەی 400 ئاژەڵی كێوی لە دەوروبەری قەزای ئامێدیدا دەژین، پۆلیسی دارستانیش هەركاتێك پێویستم پێیان بووبێت یارمەتییان داوم. 
داواشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵکیش کرد کە گرنگیی زیاتر بدەن بە پاراستنی ئاژەڵە كێوییەكان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان و هەموان هاوكاربن لە پاراستنی ئاژەڵەکان و نوێكردنەوەی سروشتدا.
جێی ئاماژەیە، دەڤەری ئامێدی ناوچەیەكی شاخاوییە و بە چیای بەرز دەورە دراوە، سەدان ساڵە ئاژەڵی كێویی جۆراوجۆر وەك پەناگەیەكی ئارام تێیدا دەژین، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكانەوە بەهۆی راوچییەكانەوە لەلایەک  و شەڕی نێوان توركیا و پەکەکە لەو سنوورەدا لەلایەکی دیکەوە، ژمارەی ئاژەڵە كێوییەکان كەمی كردووە، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی پاراستنی ئاژەڵیش لە كوردستان هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی ئاژەڵە كێوییەكان دەكەنەوە و پۆلیسی دارستانەكانیش لەوبارەیەوە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی ئاژەڵاندا لە مەترسی راوچییەكان. 

یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت 
رێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) هەمیشە گرنگی بە پاراستنی گیانەوەران و ئاژەڵە كێوییەكان داوە، چونكە كاتێك ئاژەڵێك لەناودەچێت، مانای ئەوەیە سروشت لەناو دەچێت. هەروەها پەرلەمانی كوردستان راوكردنی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێكی كێوی قەدەغە كردووە و حکومەتی هەرێمیش رێكاری یاسایی توندی گرتووەتە بەر بەرامبەر سەرپێچیكاراندا لەپێناوی پاراستنی گیانی ئاژەڵە كێوییەكان و پاراستنی ژینگە و سروشتی هەرێمدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان