جومعه كانی له‌له‌یی
ره‌نگه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بمانگه‌یه‌نێت به ئه‌نجام و تێگه‌یشتنێكی نوێ سه‌باره‌ت به كێشه‌ی جووله‌كه و گردبوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر خاكی فه‌ڵه‌ستین، كه جووله‌كه‌كان به نیشتمانی دێرینی خۆیانی ده‌زانن و عه‌ره‌به‌كانیش پێیانوایه خاكه‌كه‌یان زه‌وتكراوه.
هاوڕێم شه‌فیقی حاجی خدر كتێبه‌كه‌ی بۆ ناردم، له نێوان چه‌ند كتێبێكدا نۆره‌بڕیم بۆ ده‌كرد و ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه كرد، ئه‌گه‌ر چی قه‌باره‌ی كتێبه‌كه گه‌وره‌یه و بۆ خوێندنه‌وه تاقه‌ت پروكێن بوو، به‌ڵام تا هه‌موو كتێبه‌كه‌م نه‌خوێنده‌وه ده‌ستم بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی دیكه نه‌برد. له‌به‌ر یه‌ك هۆ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه بۆ ژیانی سیاسی ئێمه‌ی كورد هێنده پێویسته تا ئه‌و ئاسته‌ی كه بڵێم ناوه‌ڕۆكی كتێبكه بكرێت به پڕۆگرامی سیاسی كاركردنمان، به‌و پێیه‌ی كێشه‌ی كورد و مه‌له‌سه‌ی جووله‌كه وه‌ك تێگه‌یشتنێكی مێژوویی له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌یه‌ك ده‌چن و ژان و ناسۆره‌كانیان وه‌ك یه‌كن. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بۆ هه‌موو خوێنده‌وارێكی كورد به تایبه‌تی بۆ نوخبه‌ی سیاسی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پێویسته. بۆیه خوێندنه‌وه‌ی به پێویست ده‌زانم تاكو ئێمه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له‌م كتێبه‌وه مه‌عریفه‌ی پێكهێنان و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات فێر بین و سوود له هونه‌ر و شاره‌زایی و ئه‌و هه‌نگاوانه وه‌رگرین كه سه‌ركرده و گه‌لی جووله‌كه بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له‌ناو سكی ئه‌دژیها نابوویان و چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ی ملیۆنان جووله‌كه‌ی ئاواره‌كراو بۆ نیشتمانی ره‌سه‌نی خۆیان بزانین.
جووله‌كه‌كان له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 ه‌وه دوابه‌دوای پێشنیاز و پڕۆژه‌كه‌ی تیۆدۆر هێرتزل به ده‌ست و گیرفانی خاڵی، به‌ڵام به سه‌رخانێكی مه‌عریفی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئازایه‌تی و دڵسۆزییه‌كی كه‌م وێنه‌ی رابه‌ر و سه‌ركرده‌كانیان پۆل پۆل بێ گوێدانه ترس و تۆقاندن و برسێتی و سه‌رما و گه‌رما له روسیای تزاری و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئه‌فریقیا و وڵاتانی تری جیهانه‌وه به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه به نیشتمانی خۆیانیان ده‌زانی كۆچیان كرد.
بۆ ئه‌وانی په‌راگه‌نده، پشتیوانی ئینگلیزه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی زایۆنیزم و هاوكاری دارایی و ئابووری رێكخراوی كۆمه‌كبه‌خشی جووله‌كه‌كان به‌س نه‌بوو، تاكو كۆچكردنیان هێنده ئاسان بێت بۆ سه‌ر پارچه خاكێكی دڕكاوی و وشك و بێ ئاو، دواجار بیكه‌ن به جوانترین و به‌هێزترین وڵاتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی و فیداكاری و خۆڕاگری خۆیانی له‌گه‌ڵدا نه‌بوایه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر زوو ئینگلیزه‌كان په‌شیمان بوونه‌وه له پشتیوانیكردنی جووله‌كه و به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهان دژایه‌تی جووله‌كه و كیان و بیری زانیۆنیزمیان ده‌كرد.
كتێبی ژیانی من، دانسقه‌یه
ژیانی من، كتێبێكی قه‌باره گه‌وره‌یه و له 592 لاپه‌ڕه پێكهاتووه، گۆڵدا مایه‌ر گه‌وره سه‌ركرده‌ی جووله‌كه‌كان نووسیویه‌تی و شه‌فیقی حاجی خدر له ئینگلیزییه‌وه كردوویه‌تی به كوردی و سێ جار چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، سێ جار به چاپ گه‌یاندنه‌وه‌ی یه‌ك كتێب و كه‌م بینینی له ناوه‌نده‌كانی كتێب فرۆشی، ئه‌و ئاماژه‌یه به‌ده‌سته‌وه ده‌دات كه كتێبه‌كه نرخی گه‌وهه‌ری هه‌یه و خاوه‌نی سه‌نگ و خوێنه‌رێكی زۆره، كه وابێت شه‌فیق كتێبێكی دانسقه‌ی بۆ وه‌رگێڕان هه‌ڵبژاردووه، وه‌ك ته‌واوی كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌كانی تری وه‌رگێڕ بۆ خوێنه‌ری كورد گرنگن.
گۆڵدامایه‌ر كتێبه‌كه‌ی به شێوازی چیرۆك نووسیوه و خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی بێزار و ماندوو نابێت، به‌ڵكو حه‌ز ده‌كات تا دوا وشه‌ی كتێبه‌كه بیخوێنێته‌وه، گه‌لێك وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژی جوان و رسته‌ی سه‌رنجڕاكێشم تێدا به‌دیكرد كه توانا و حه‌زی نووسه‌ر نیشان ده‌دات بۆ نووسینی كتێبه‌كه بۆ نموونه:
- كاری مامۆستایی سه‌نگینترین و په‌سه‌ندترینی هه‌موو پیشه‌كانه و ده‌مویست ببم به مامۆستا، ل43.
- بووژانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌رگیز بێ ژان و ناسۆر و قوربانیدان مه‌یسه‌ر نابێت، ل178.
- شه‌ره‌فی هه‌موو كه‌س پاڵه و زانا‌كانیه‌تی، ل215.
چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی وه‌رگێڕ
هه‌روه‌ها وه‌رگێڕیش به زمانێكی پاراو و ساده و بێ گرێ و گۆڵ وه‌ریگێڕاوه و كورده‌واریانه كتێبه‌كه‌ی خستۆته به‌رده‌ستی خوێنه‌ری كورد، زۆر وشه‌ی كۆنی كوردی و ده‌سته‌واژه‌ی ره‌سه‌نی زیندوو كردۆته‌وه، بۆ نموونه، ماڕه‌و، پێشقه‌ره‌وڵه‌كان، هێدمگرتی، گارانگاز، كۆنباوی، حولحولی، هه‌دادان، شاش، مرازم وایه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین زاراوه و وشه‌ی تری شیرین و له‌سه‌ر زار خۆش.
ده‌كرێت زه‌ین له كه‌موكورتییه‌كانیش بده‌ین و به‌سه‌ریاندا باز نه‌ده‌ین، كه دڵنیام وه‌رگێڕ سوودیان لێوه‌رده‌گرێت و به نیشاندانیان وه‌ك گوڵی ژێر به‌فری كۆێستانان به گه‌شی دێته ده‌ره‌وه، بۆ نموونه:
- سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باوكم یارمه‌تی براده‌رێكی دابوو، ل28، وشه‌ی له‌مه‌وبه‌ر ته‌نها بۆ كاتی نووسینی كتێبه‌كه ده‌گونجا، نه‌ك بۆ ئێستا، چونكه به پێی كات ده‌بێته رابردووی دوور، ده‌بوو بنووسرێت له‌وه‌وبه‌ر.
- به داڕسانه‌وه ده‌یگوت، ل126، داڕسان له زمانی كوردیدا، واته هه‌وڵدان بۆ لێدان، بۆ نموونه، نه‌وزاد ده‌ڵێت: به‌ر له‌وه‌ی ئازاد لێمبدات بۆم داڕسا، لێره باوكی گۆڵدا ئه‌و هه‌وڵه‌ی نه‌داوه، كه‌واته وشه‌كه به هه‌ڵه لێكدراوه‌ته‌وه و دانراوه.
- من نه‌مده‌توانی ببمه كه‌سێكی كرده‌وه‌باز (پراگماتیك) ل412، به‌كارهێنانی وشه‌ی كرده‌كی شیاوتر بوو له‌جیاتی كرده‌وه‌باز، له‌به‌رامبه‌ر زاراوه‌ی پراگماتیك، پاشگری (باز) له زمانی كوردیدا بۆ هه‌ندێك حاڵه‌ت به‌كار ده‌هێنرێت، وه‌ك: ته‌ڵه‌كه‌باز، جامباز، چه‌نه‌باز و ... هتد، كه‌وابێت پاشگری (باز) نادرێته پاڵ كرده‌وه.
-نزیكه‌ی شه‌ست پیاو له‌سه‌ر كورسییه‌كان به‌ده‌وری مێزێكی كه‌ته دانیشتبوون، ل414، ده‌سته‌واژه‌ی (كه‌ته) له زمانی كوردیدا زیاتر بۆ مرۆڤی زل و زه‌لام به‌كاردێت نه‌ك مێز، بۆ نموونه ده‌گوترێ: ژنێكی كه‌ته له‌سه‌ر كورسییه‌كه دانیشتبوو، ده‌كرا بنووسرێت مێزێكی فره گه‌وره.
-له‌جیاتی وشه‌ی(ئیش)ی توركی، باشتر بوو وشه‌ی ( كار) ی به‌كاربهێنایه. ل425.
- بۆچی له جیاتی وشه‌ی قانوون، وشه‌ی یاسا نه‌نووسرێت؟ ل474.
- ناوی سه‌رۆكی ئه‌وسای رۆمانیا به دوو شێواز نووسراوه، ساوشسكۆ و چاوشسكۆ ل512-513، كامیان راستن؟
كورته‌یه‌ك له ژیانی گۆڵدا مایه‌ر
بۆ ناسین و ئاشنابوونی خوێنه‌ر به ژیان و رابردووی سیاسی نووسه‌ر به باشم زانی كورته‌یه‌ك له ژیانی بخه‌مه‌ڕوو. گۆڵدا مایه‌ر ساڵی 1898 له دایك و باوكێكی هه‌ژاری جووله‌كه‌كانی ئۆكراینا هاتۆته ژیانه‌وه، له‌ساڵی 1900 روو ده‌كه‌نه شارێكی روسیای تزاری، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ژاری و چه‌وسانه‌وه‌ی ئایینی له ساڵی 1906 به‌ره‌و ئه‌مریكا كۆچ ده‌كه‌ن.
مایه‌ر له ته‌مه‌نی لاوی‌دا تێكه‌ڵ به بزوتنه‌وه‌ی زایۆنیزم و رێكخراوه كرێكارییه‌كان ده‌بێت و توانا و وزه‌ی خۆی ده‌خاته‌كار بۆ ناساندن و خسته‌ڕووی كێشه‌ی جووله‌كه و ئه‌و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی ده‌رهه‌قیان ده‌كرا له‌لایه‌ن روسیا و وڵاته ئه‌وروپییه‌كانه‌وه.
له‌ساڵی 1917 مایه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی جووله‌كه به ناوی « مۆریۆس یارسن» زه‌ماوه‌ند ده‌كات. ساڵی 1921 خۆی و مۆریۆس له‌گه‌ڵ سه‌دان هاوڕێی تریان به‌ره‌و فه‌ڵه‌ستین كۆچ ده‌كه‌ن، داوا له جووله‌كانی جیهان ده‌كات به‌ره‌و نیشتمانی ره‌سه‌نی خۆیان كۆچ بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی دایك و باوكی له‌سه‌ر چوونیان بۆ فه‌ڵه‌ستین سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواجار مایه‌ر ئه‌وانیش بۆ فه‌ڵه‌ستین راده‌كێشێت.
له ماوه‌ی ساڵانی 1917 بۆ 1948 هه‌زاران بانگه‌واز و بانگهێشتكردن بڵاوده‌كاته‌وه و په‌یوه‌ندی ده‌كات به هه‌زاران كه‌سایه‌تی و خێزانی جووی وڵاتانی جیهان و باوه‌ڕی كۆچكردنیان لا ده‌چه‌سپێنێت بۆ فه‌ڵه‌ستین.
مایه‌ر یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، له ساڵی 1948 ده‌كرێت به ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كاتی، له‌هه‌مان ساڵدا ده‌كرێت به به‌رپرسی كۆنسوڵخانه‌ی ئیسرائیل له مۆسكۆ.
له یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیل‌دا كه بنگۆرین سه‌رۆك وه‌زیرانی بوو، ده‌كرێت به وه‌زیری كار، له ساڵی 1956 پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێده‌سپێرێت، له ساڵی 1968 دا بۆ سكرتێری گشتی پارتی كرێكارانی ئیسرائیل هه‌ڵده‌بژێردرێت، دواجار كاندیدی ئه‌و حزبه بووه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ئه‌و پۆسته‌ی به سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌بردووه و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی به‌ده‌ست بووه.