وەزیری دارایی عیراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم داوای لیستی مووچەخۆران دەكات و ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت: «بۆ مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران، پێویستە هەموو فەرمانبەرێكی هەرێم لە لقی بانكە فیدراڵییەكان هەژماریان بۆ بكرێتەوە».
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێتە خەرجی فیعلی
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «شتێك نەماوە بەناوی ناردنی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم، چونكە ئەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ هەرێم دەنێردرا لە خەرجی فیعلی بووە لەكۆی خەرجییەكانی مووچە».
دوێنێ، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و رایگەیاندووە: «سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانكییان لە نووسینگەكانی بانكی فیدراڵی لە هەرێم بۆ دەكرێتەوە». لەوبارەیەوە د.نەرمین، دەڵێت: «جێگیركردنی هەژماری بانكیی فەرمانبەرانی هەرێم، كراوەتە مەرج بۆ ناردنی مووچە و وەزارەتی دارایی عیراقیش تەنها بۆ ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەران بەبێ مەرج رەوانە دەكات».
״وەزارەتی دارایی عیراق پاڵپشت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەكات و مانگانە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت״
پێویستە لە ئێستاوە تا سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێن
ئاماژەی بەوەشكردووە كە «پێویستە لە ئێستاوە تا سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێن و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە و وەزیری دارایی عیراقیش تەئكیدیكردۆتەوە كە دروستكردنی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ئەستەم نییە، هەروەها وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا پابەندبوونی وەزارەتەكەی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد كە «وەزارەتی دارایی عیراق پاڵپشت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەكات و مانگانە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت».
نەبوونی لقەكانی بانكی مەركەزی لە هەرێم كێشە دروست ناكات
لەبارەی نەبوونی لقەكانی بانكی رەشید و رافیدەین، كە دوو بانكی فیدراڵین، د.نەرمین رایگەیاندووە: «نەبوونی لقی ئەو بانكانە لە هەرێم نابنە بەربەست لەبەردەم كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران و پێدانی مووچە، بەڵكو دەتوانرێت هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە نووسینگەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێنەوە».
وەزیری دارایی: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین
بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ ئەوەی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، داوای لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوبات كردووە.
PUKMEDIA