سازدانی / هاوژین عەبدولواحید
زمان پێکهاتەیەکی گرنگە کە هەر نەتەوە و نیشتمان و گەلێکی پێ دەناسرێتەوە، بۆیە پاراستن و گرنگیدان بە زمان ئەرکی هەموو سێکتەرەکانە.
لە راگەیاندیشدا ئەو ئەرکە گرانتر دەبێت و پێویستە بە چاوێکی کراوەترەوە مامەڵە لەگەڵ دەستەواژە و وشەکاندا بکرێت.
سەبارەت بە گرنگیی زمان لە بواری راگەیاندندا، پ.د.نه‌ریمان عه‌بدولڵا خۆشناو مامۆستا لە كۆلێجی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌شی كوردی له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین لەم دیدارەدا لەگەڵ کوردستانی نوێ-دا بەم شێوەیە باس لە زمانی میدیا و راگەیاندن دەکات.
-سەرەتا پ.د. نەریمان رایگەیاند: راگه‌یاندن بوارێكی گرنگه، ده‌كرێت زمان تێیدا به جوانترین شێوه په‌روه‌رده‌یی بێت، چونکە كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه لەسەر په‌خشكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی شاره‌زایی زمانه‌وانیی، بۆیه پێویسته زمان تێیدا به‌پێی یاسا رێزمانییه‌كان به‌كاربهێنرێت و كه‌ره‌سه‌کانی زمان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو و دروست و باو و روون ده‌ربكه‌ون، چونكه هه‌ر هه‌ڵه به‌كارهێنانێك، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌رگر ده‌بێت و وا ده‌كات هه‌ڵه‌ی باو له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاوببێته‌وه و به‌كاربهێنرێت.
رێبازی وەرگرتن و خواستن
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا کە ئاخۆ به‌كارهێنانی وشه بیانییه‌كان له راگه‌یاندندا جێگه به وشه‌ی كوردی له‌ق ده‌كه‌ن یاخود نا؟ ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی: یه‌كێک له رێباز و رێگەكانی دروستكردنی وشه و زاراوه له زماندا، رێبازی وه‌رگرتن (خواستن)ه، لەم جۆرەدا وشە یان زاراوه بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر دەسەپێنرێت و وه‌رده‌گیرێت. واتە وشەیەك یان زاراوەیەك لە زمانێكی ترەوە وەردەگرین، ئەمیش هەندێکجار وەرگرتنەكە وەك خۆی دەبێت، بەڵام هەندێکجاری دیکە وەرگرتنەكە بەهۆی زیادكردنی پیتێك یان زیاتر، یان بە كەمكردنەوەی پیتێك، یان زیاتر دروست دەبێت.
وەرگرتن بۆ دانان و دروستكردنی زاراوە لە هەموو زمانێكی پێشكەوتوودا كارێكی رەوایە، ئەگەر بڕوانینە زمانی ئینگلیزی، ئەوه بەردەوام وشە و زاراوەی نوێ دێتە ناو زمانەكەیانەوە، فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی پێ دەوڵەمەند دەكرێت. زمانی كوردیش یەكێكە لەو زمانانەی كە بەردەوام وشەی نوێ وەردەگرێت و لە كاروباری رۆژانەدا بەكاری دەهێنێت، چونكە زمان پێویستی بە وشە و زاراوەی نوێیە، بەهۆی ئەو پێشكەوتنە بەردەوامەی كە روودەدات، لەبەرئەوە زمانەكان پەنا دەبەنە بەر زمانەكانی تر، تا پێداویستییەكانی فەرهەنگی زمانەكەیان دابین بكەن.
ئەمڕۆش زمانی كوردی بەهۆی رێبازی وەرگرتنەوە، دەیان زاراوەی لە زمانی عەرەبی و فارسی و توركی و ئینگلیزی وەرگرتووە و بۆ دەربڕین لە بیر و هەست و ناونانی شتومەكی داهێنراودا بەكاری هێناون.
وشەکان بخرێنە ژێر رکێفی زمانەوە
لێرەدا دەبێ وشە و زاراوە وەرگیراوەكان بخرێنە ژێر ركێفی دەستووری زمانی كوردییەوە، هەروەك لەم بارەوە د.جەمال نەبەز دەڵێت: «هەر وشەیەكی بێگانە هاتە ناو زمانی كوردییەوە، دەبێت بخرێتە ژێر رکێفی دەستووری زمانەوانیی كوردییەوە و لە رووی مۆرفۆلۆژی و فۆنۆلۆژی و ئۆرگۆگرافییەوە». وشەكانیش بۆ نموونە وەكو:
وشه‌ی عه‌ره‌بی: (زەكات، حەج، قه‌ڵه‌م، ده‌وڵه‌ت، شێخ، عەبدولڵا، عومەر، قادر و... هتد).
وشه‌ی فارسی: (سروشت، نایاب، وه‌رزش، نمایش، ئه‌ندێشه، ده‌روێش و...هتد).
وشه‌ی توركی:(قه‌ره‌باڵه‌غ، یاپراغ، په‌رداغ، دۆندرمه، پاقڵاوه، دۆشه‌ك، دۆڵمه...هتد).
وشه‌ی ئینگلیزی:( پۆزەتیڤ، نێگەتیڤ، ئەڵتەرناتیڤ، سانسۆر، فۆلكلۆر، فیلم، سوپه‌رماركێت، فرێزه‌ر، ته‌لسكۆپ و...هتد).
وشه‌ی یۆنانی: (ئه‌تڵه‌س، ئۆقیانووس، ئه‌ڵماس، ئه‌نتیكه، سنوور و...هتد).
وشه‌ی سریانی: (یه‌ڵدا، شه‌ممه، خشڵ، خه‌بات و...هتد).
وشه‌ی فه‌ره‌نسی: (پاسپۆرت، بۆفیه، دیكۆر، ساڵۆن، كۆبۆن، مۆبیلیات، گڵۆپ، به‌له‌كۆنه و... هتد).
وشه‌ی ئیتاڵی: (ستۆدیۆ، تیاترۆ، كارتۆن، پیانۆ، گازینۆ، پانتۆڵ، نمره و...هتد).
وەرگرتنی وشە رێگە پێدراوە
وه‌رگرتنی وشه و زاراوه‌ش له هه‌موو زمانێكدا، كارێكی ره‌وا و رێگه‌پێدراوه و زۆربه‌ی زمانه‌وانان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی وشه و زاراوه كۆكن، چونكه ژماره‌ی وشه له هه‌موو زمانێكدا سنوورداره، بۆیه زمانه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر وه‌رگرتنی زاراوه له زمانه‌كانی دیكه‌وه، به‌هۆیه‌وه پێویستییه‌كانی فه‌رهه‌نگی زمانه‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
واته شتێكی زۆر ئاساییه له راگه‌یاندندا وشه و زاراوه‌ی بیانی به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌ی په‌تی كوردیمان هه‌بوو و لای هه‌موو خه‌ڵك واتاكه‌ی روون و ئاشكرا بوو، وا باشترە وشه خۆماڵییه‌كه به‌كاربهێنرێت، ئه‌گه‌رنا به‌كارهێنانی وشه‌ی بێگانه له زماندا به‌گشتی و بواری راگه‌یاندندا به‌تایبه‌تی شتێكی ئاساییه و رێگه‌پێدراوه.
فلتەر بە یاسایی کراوە، بەڵام کاری پێناکرێت
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئاخۆ هیچ فلته‌رێك هه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا بۆ كۆنترۆڵكردن و پاراستنی زمان له راگه‌یاندندا، ئەو پسپۆڕەی زمانی کوردی دەڵێت: ئه‌گه‌رچی له هه‌رێمی كوردستاندا یاسایه‌كمان به ناوی (یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان)دا هه‌یه، كه ساڵی 2014 له په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچووه و له 27 ماده پێكدێت، تیایدا زۆر به روونی هه‌موولایه‌ك پابه‌ند ده‌كات بە به‌كارهێنانی زمانی كوردییەوە به‌شێوه‌یه‌كی دروست و ته‌واو، كه ئه‌مه فلته‌رێكی ته‌واو یاساییه و هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی رۆشنبیری و په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و ناوخۆ و ئه‌كادیمیای كوردی پابه‌ندکردووە سەبارەت بە چاودێریی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌س پابه‌ند نابێت پێیه‌وه و هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن یاسا و رێبه‌ری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه سه‌باره‌ت به چۆنێتی به‌كارهێنانی زمانی كوردی.
ئەرکی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەم بوارەدا
لەبارەی زمانی راگه‌یاندن و ئه‌ركی راگەیاندنیشەوە پ.د.نەریمان خۆشناو روونیکردەوە کە زمانی راگه‌یاندن ئه‌و ئامرازه‌یه كه راگه‌یاندنكاران له رێگه‌یه‌وه هه‌واڵ و زانیارییه‌كان رووماڵ ده‌كه‌ن و دەیکەن به ماده‌ی خوێنراو و بیستراو و بینراو و وه‌ك په‌یامێك ئاراسته‌ی وه‌رگری ده‌كه‌ن. كه‌واته زمانی راگه‌یاندن زمانێكه راگه‌یاندنكاران له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا به‌كاری دەهێنن، ئینجا به نووسین بێت بۆ رۆژنامه و گۆڤار، یاخود به ده‌نگ بێت له رادیۆ، یان به ده‌نگ و و ێنه‌وە بێت له ته‌له‌فزیۆنەکاندا.
زمانی راگه‌یاندن كۆمه‌ڵێک ئه‌ركی سه‌ره‌كیی هه‌یه، له‌وانه: هه‌واڵگه‌یاندن، روونكردنه‌وه یان شیكردنه‌وه، ئاراسته‌كردن یان رێنماییكردن، كات به‌سه‌ربردن یاخود چێژبه‌خشین، خستنه‌بازاڕ یان ریكلام، فێركردن و په‌روه‌رده‌كردن.
لەبارەی ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكارانیشەوە لەبواری گرنگیدان بەزمان، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: راگه‌یاندن ئه‌ركێك و لایه‌نێكی به‌هێزه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی راگه‌یاندن له‌سه‌ر زمان له ئاستێكی به‌رزدایه، ئه‌م ئه‌ركه‌ش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی رۆژنامه‌نووسان، به‌جۆرێك زۆرجار رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران وه‌ك پێویست كار به بنه‌ما زمانەوانییه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵكو به ویست و ئاره‌زووی خۆیان زمان به‌كاردەهێنن، كه ئه‌مه‌ش دواجار زیان به دروست به‌كارهێنانی زمان ده‌گه‌یه‌نێت و رووبه‌ڕووی هه‌ڵه و لادان له یاسا و رێسا زمانەوانییه‌كانیان دەکاتەوە.