عەبدولباست خالید: ئەوانەی داوای كورسیی كۆتا دەكەن، گوزارشت لە توركمان ناكەن

11:28 - 2024-02-28
کوردستان
365 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سیاسیی توركمانەكان لە هەولێر بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە دەستووری دەزانن و دەستخۆشی لەو بڕ‌یارە دەكەن، پێیانوایە «ئەو كەسانەی بەناوی توركمانەوە داوای كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستاندا دەكەن، بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوەن»، سەرۆكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت: «ئەوانەی بەناوی پێكهاتەی توركمانەوە لە پەرلەمانی كوردستان بوون، بەكاردەهێنران بۆ پشتیوانی لە حزبێكی دیاریكراو و ناشرینكردنی پێكهاتەی توركمان».
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، یاسایی و دەستوورییە
عەبدولباست خالید سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسیی توركمان لە هەولێر، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، رایگەیاندووە: «بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستاندا، تەواو یاساییە و دەستخۆشی لەو بڕ‌یارە دەكەین، چونكە بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ نەهێشتنی كورسیی كۆتاكانە، نەك دژی پێكهاتەی توركمان بێت». وتیشی: «وەك چۆن كورد لە عیراق نەتەوەی دووەمە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێویستی بە كورسیی كۆتا نییە، بەهەمان شێوە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە كورسیی كۆتا نییە، ئەو كەسانەشی بەناوی توركمانەوە داوای كورسیی كۆتا دەكەن، گوزارشت لە پێكهاتەی توركمان ناكەن و بەدوای بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیانەوەن».
ئەوانەی بەناوی پێكهاتەكانەوە لە پەرلەمان بوون، بەكاردەهێنران
ئەوانەی بە كورسیی كۆتا و بەناوی پێكهاتەكانەوە لە پەرلەمانی كوردستان بوون، بەكاردەهێنران بۆ پشتیوانی لە حزبێكی دیاریكراو، بەڵام ئەگەر توركمانەكان لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكی یەكگرتوودا كاربكەن، نابنە پاشكۆی هیچ حزبێك.
سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسیی توركمان لە هەولێر، دەڵێت: «ئەوانەی بەناوی پێكهاتەی توركمانەوە لە پەرلەمانی كوردستان بوون بەكاردەهێنران بۆ پشتیوانی لە حزبێكی دیاریكراو». تەئكیدیشیكردەوە كە «ئەگەر توركمانەكان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوودا و بێ كورسیی كۆتا بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بێگومان لە كورسیی كۆتا زیاتر بەدەستدەهێنن و دەبنە نوێنەری راستەقینەی توركمانەكان، نەك وەك ئەوەی لە رابردوودا هەبووە و ببوونە پاشكۆی حزبێكی دیاریكراو».
یەكێتی، داوای كۆتاییهێنان بە كورسیی كۆتاكانی نەكردووە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەڕ‌ێگەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36) ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆماركرد، كە خواستی بوو كورسیی كۆتاكان كە 11 كورسی بوو، بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبكرێت، بەڵام دادگای فیدراڵی دوای 11جار دواخستنی دانیشتنەكانی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی و بەدواداچوونی ورد لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، دواجار رۆژی 21/2/2024، بڕیاریدا كورسیی كۆتاكان هەڵبوەشێنێتەوە و پەرلەمانی كوردستان بكات بە 100 كورسی، كە پێكهاتەكان دەتوانن لەچوارچێوەی ئەو 100 كورسییەدا نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان