«كورته‌چیرۆك، گێڕانه‌وه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك كورتی داهێنه‌رانه‌یه كه به جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی كاره‌كته‌ردا ده‌كات كه له ئیشێكی تایبه‌تیدا به‌شدارن و زۆرجار به یارمه‌تی كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌یی، زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر خوڵقاندنی میزاج (Mood) ده‌كات تا چیرۆك گێڕانه‌وه.»
جمال میر صادقی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2
دوای گۆگۆڵ و ئه‌دگار ئالان پۆ، دوو نووسه‌ری بلیمه‌تی تر دێن كه له كامڵبوون و په‌ره‌پێدانی كورته‌چیرۆكدا رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه، ئه‌م دوانه‌ش بریتین له گی دی مۆپاسان و ئه‌نتوان چیخۆف.
كورته‌چیرۆك له سه‌ره‌تادا زیاتر بایه‌خی به رووداوی ده‌ره‌وه ده‌دا، كورته‌چیرۆك له ده‌وری رووداوێك ده‌خولایه‌وه و له‌م رووه‌وه له حیكایه‌ت ده‌چوو، چونكه له حیكایه‌تدا رووداو رۆڵی سه‌ره‌كی و ژیانیی هه‌یه، ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونی، تاكه‌كه‌سی و گروپییه‌كانی ئه‌م چیرۆكانه، جیاوازیان بوو له حیكایه‌ت. به‌م جۆره چیرۆكه ده‌گوترێت، چیرۆكی به‌ڕێكه‌وت
(Acciddental Story) یان چیرۆكی گرێچن. مه‌به‌ست له چیرۆكی به‌ڕێكه‌وت، چیرۆكی رووداو (Story of insident) نییه. چیرۆكی به‌ڕێكه‌وت جۆرێكه له چیرۆكی كار
(Story of action) و تیایدا، رووداوه‌كان یه‌ك له دوای یه‌ك كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر و مایه‌ی سه‌رسامین، دروست ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌دوای خۆیاندا رابكێشن. چیرۆكی رووداو زۆرجار پشت به ئازادی ره‌ها و بێ گرێچنی ده‌به‌ستێت، له كاتێكدا چیرۆكی به‌ڕێكه‌وت كه‌م و زۆر بایه‌خ به گرێچن و ره‌گه‌زه‌كانی بینای دەق ده‌دات.
چیرۆكه‌كانی مۆپاسان و په‌یڕه‌وانی له جۆری چیرۆكی به‌ڕێكه‌وته. له‌م جۆره چیرۆكه‌دا زۆرجار سه‌رنج و حه‌زی نووسه‌ر ته‌ركیز له‌سه‌ر گه‌وره‌كردنی رووداوه‌كه و ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كات. به‌ڵام له كورته‌چیرۆكه‌كانی چیخۆفدا، رووداو گرنگی ژیانیی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و نووسه‌ر زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر گۆڕان و گۆڕانكاری رۆحی و عه‌قڵی كاره‌كته‌ره‌كان و بارودۆخ و كات و شوێن ده‌كات و كه‌متر بایه‌خ به رووداوی چیرۆكه‌كه ده‌دات، بۆ نموونه له كورتهچیرۆكێكدا كه چیخۆف به ناوی (تاوانبار) نووسیوێتی، دوو كاره‌كته‌ری تاوانبار و حاكمی خستۆته به‌رامبه‌ری یه‌كتری. دیالۆگی ئه‌مانه كه له زمانی یه‌كتری تێناگه‌ن، چیرۆكه‌كه‌ی خوڵقاندووه. كورته‌چیرۆكی (گۆشه‌یه‌كی پاك و رووناك)ی ئه‌رنێست هه‌مه‌نگوایش له‌م جۆره‌یه كه پێی ده‌وترێت چیرۆكی كاره‌كته‌ری
(Characteristic Story) دیسان زیاتر دیالۆگ، چیرۆك ده‌خوڵقێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووداوێكی دیاریكراوی تێدا رووبدات. بابه‌تی چیرۆك، مشتومڕی دوو شاگردی یانه‌یه‌كه ده‌رباره‌ی مشته‌رییه‌كی سه‌رخۆش كه تا دره‌نگ له یانه‌كه ده‌مێنێته‌وه و نایه‌وێت و بڕوات، چیرۆكه‌كه له مه‌نه‌لۆجی یه‌كێك له شاگردهكانهوه شوێنپێی هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌گاته كۆتایی.
خوێنه‌ر چیرۆكێك قبووڵ ده‌كات و له‌بیری ده‌مێنێته‌وه كه كاری تێبكات. ئه‌زموون ئه‌وه‌ی نیشان داوه ئه‌و چیرۆكه‌ی خوێنه‌ر قبووڵی نه‌كات، سه‌ركه‌وتوو نییه
دوای چیرۆكی به‌ڕێكه‌وت و رووداو و چیرۆكی كاره‌كته‌ر ده‌بێت باسی چیرۆكی خه‌یاڵ و وههمیش بكرێت كه رووبه‌رێكی به‌رفراوانی هه‌یه و چیرۆكی ته‌مسیلی
(Allegorical Story)، ره‌مزی (Symbolic)، سوریالی (Surrealistic)، و سه‌رووسروشتی (Supernatral) له‌خۆده‌گرێت و هه‌ریه‌كه له‌مانه خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. دواجار ده‌بێت باسی چیرۆكی واقیعی جادوویی
(Magic(Magical)Realism) بكرێت كه نووسه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌كو بۆرخیس، ئه‌ستۆریاس و ماركیز شاكاری له‌م جۆره چیرۆكه‌یان نووسیوه.
له چیرۆكنووسینی ئه‌مڕۆدا، نووسه‌ر خوێنه‌ر له تێگه‌یشتنی چیرۆكه‌كه‌دا ده‌كات به شه‌ریك. خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا، به‌هه‌ستكردن و گومان له زۆر مه‌سه‌له‌ی نه‌گوتراو و نه‌گێڕدراوه تێده‌گات و به‌چاوی خۆی چاو‌دێر و بینه‌ری رووداوه‌كانه و به‌چاوی خۆی شته‌كان ده‌بینێت. رۆلان بارت ره‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی چۆنێتی ئه‌م ده‌قه به نووسه‌رانه (Writerly) ناوده‌بات كه پێویستی به‌خوێنه‌ره، به‌و مانایه‌ی كه خودی خوێنه‌ر ده‌بێت شته‌كان كه‌شف بكات، به‌دوای شته‌كاندا بچێت و ماناكه‌ی گه‌ڵاڵه بكات.
نووسه‌رانی رابردوو له دیدگای خۆیانه‌وه رووداوه‌كانیان شرۆڤه ده‌كرد، یانی خۆیان به‌ته‌واوی چاوێری هه‌موو رووداوه‌كانی چیرۆكیان ده‌كرد. ئه‌وه‌ی ده‌یانبینی، خوێنه‌ریش له چیرۆكدا ده‌یبینی و هه‌رچییه‌كیان به‌پێویست بزانیایه، سه‌باره‌ت به بارودۆخی كاره‌كته‌ره‌كه ده‌یاندا به‌ده‌سته‌وه و به‌شدارییه‌ك بۆ خوێنه‌ر نه‌ده‌مایه‌وه تا خۆی سه‌یری رووداوه‌كان بكات و شرۆڤه‌یان بكات و كاره‌كته‌ره‌كان بناسێت. رۆلان بارت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ده‌قی ناونا خوێنه‌رانه (Readerly). مه‌به‌ستی بارت له ده‌قی خوێنه‌رانه (بۆ نموونه رۆمان) ئه‌وه‌یه كاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌نیسبه‌تی ئه‌وه‌وه كه‌م و زۆر كوێرانه‌یه.
خوێنه‌ری چیرۆكی كۆن زۆرجار پێویستی به‌بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنی بابه‌ته‌كه نه‌بوو، چونكه نووسه‌ر زۆرجار هه‌موو شته‌كانی بۆ شرۆڤه ده‌كرد، به‌ڵام نووسه‌ری ئه‌مڕۆ هه‌وڵ ده‌دات هه‌تا ده‌كرێت له شرۆڤه و روونكردنه‌وه دوور بكه‌وێته‌وه و هه‌تا ده‌كرێت واقیعی ده‌ره‌وه له چیرۆكه‌كانیدا به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تی بخوڵقێنێته‌وه تا خوێنه‌ر خۆی ئه‌نجامی لێ ده‌ربهێنێت و له ئاماژه و نیشانه‌دا په‌ی به مه‌به‌ستی نووسه‌ر ببات. بۆ نموونه له كورته‌چیرۆكی (ناوه‌ڕۆكی خائین و پاڵه‌واندا) بۆرخیس هه‌وڵ نادات مه‌به‌ستی فه‌لسه‌فی خۆی روون بكاته‌وه، به‌ڵكو هه‌روه‌كو له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌دا باس ده‌كرێت، گرێچن چیرۆكه‌كه ده‌دات به ده‌سته‌وه، یانی نموونه‌ی رووداوه‌كان ده‌هێنێته پێشه‌وه و خوێنه‌ر خۆی ده‌بێت دوای كرده‌ی چیرۆكه‌كه بكه‌وێت و له مه‌به‌ستی نووسه‌ر تێبگات.
هه‌ڵبه‌ته با ئه‌و خاڵه‌شی بخه‌مه‌سه‌ر چیرۆك به‌هه‌ر شێوازێك بنووسرێت، به‌شێوازی كۆن بێت یان تازه، ته‌نیا نوێگه‌ری ناتوانێت هۆكاری باشی و سه‌ركه‌وتنی بێت. خوێنه‌ر چیرۆكێك قبووڵ ده‌كات و له‌بیری ده‌مێنێته‌وه كه كاری تێبكات. ئه‌زموون ئه‌وه‌ی نیشان داوه ئه‌و چیرۆكه‌ی خوێنه‌ر قبووڵی نه‌كات، سه‌ركه‌وتوو نییه، چیرۆكێك نه‌مر و به‌هاداره كه بتوانێت كۆنترۆڵی زه‌مه‌ن بشكێنێت و له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا خوێنه‌ری هه‌بێت و له هه‌موو رۆژگارێكدا له ئارادا بێت. به‌رزی و شكۆی ئه‌ده‌ب (Literature) له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر نا ته‌نیا تازه‌گه‌ریی رووت به ئیمتیاز حساب ناكرێت و ناتوانێت ببێته هۆی نه‌مریی ده‌ق. نووسه‌ر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه حه‌زی لێیه ده‌توانێت چیرۆكه‌كه‌ی بنووسێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانێت سه‌ركه‌وتن و كامڵبوون له ئیشه‌كه‌دا گرنگه و سه‌ركه‌وتن و كامڵبوونی هه‌ر ده‌قێك ده‌بێته هۆی نه‌مریی ده‌قه‌كه و فاكته‌ری نه‌مریی هه‌ر ده‌قێك پێوه‌ری به‌رزی و شكۆی ئه‌و ده‌قه‌یه نه‌ك خه‌سڵه‌تی كۆنی یان تازه‌یی ده‌قه‌كه. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه ده‌قه كۆنه نه‌مره‌كانی ئه‌ده‌ب ئیتر نه‌ده‌خوێندرانه‌وه و چه‌ندان كتێب بۆ شرۆڤه‌كردن و روونكردنه‌وه‌یان نه‌ده‌نووسرا.
هه‌ڵبه‌ته نه‌مریی هه‌ر ده‌قێك ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌قه‌وه، هه‌ندێك چیرۆك كه چۆنایهتییهكی سه‌رسوڕهێنه‌ر و نهێنی ئامێزیان هه‌یه، له‌وانه‌یه سه‌ركه‌توو بن، چونكه ئامانجی ئه‌م جۆره ده‌قه ته‌نیا سه‌رقاڵكردنی خوێنه‌ره. ئه‌م جۆره ده‌قانه له رووی چۆنایه‌تی و ماهیه‌ته‌وه له ئاستێكی نزمتردان له چاو ئه‌و ده‌قانه‌دا كه مانا و قووڵاییه‌كی زیاتریان هه‌یه و مه‌یدانێكی فراوانتر له خاسیه‌تی ره‌فتار و رۆحی مرۆڤ ده‌خه‌نه به‌رچاوی خوێنه‌ر و زیاتر شاكاره ئه‌ده‌بییه نه‌مره‌كانی دنیا ئه‌م خاسیه‌تانه‌یان هه‌یه.
چیرۆكێك نه‌مر و به‌هاداره كه بتوانێت كۆنترۆڵی زه‌مه‌ن بشكێنێت و له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا خوێنه‌ری هه‌بێت
له‌م رووه‌وه، ده‌توانین چیرۆك بكه‌ین به دوو ده‌سته‌ی جیاوازه‌وه:
یه‌كه‌م/ چیرۆكی پۆلیسی، تاوانكاری، زانستی و هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه تیایاندا لایه‌نی سه‌رقاڵكردنی خوێنه‌ر مه‌به‌سته و ئه‌م جۆره چیرۆكانه وه‌كو چیرۆكی كات به‌سه‌ربردن یان هه‌ڵاتن
(Escape Story) باس ده‌كه‌ن.
دووه‌م/ ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه ره‌هه‌ندی عاتیفی و مه‌عنه‌وی و دهروونزانییان به‌سه‌ر لایه‌نی كات بهسهربردنیاندا زاڵ ده‌بێت و خاسیه‌تی فێركاری و قووڵبوونه‌وه‌یان زیاتره و ئه‌مانه به چیرۆكی شرۆڤه یان شیكردنه‌وه (Interpretation Story) له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه:
جهان داستان غرب/ جمال میر صادقی.