هاوژین عەبدولواحید
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک له پزیشکان و نووسەران و رووناکبیران و کەلەپوردۆستان سەعات سێی ئێوارەی سێ شەممە 27ـ2 ـ 2024 لە کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە لە هۆڵی دڵدار، کۆڕێکی رێزلێنان و بەخشینی خەڵاتی زێڕینی ئاڵای کوردستان بۆ نووسەر و کەلەپوردۆست و کەسایەتی ناسراو دکتۆرعەتیە حەمە سەعید بەڕێوەچوو .
سەرەتا وتارێک لەلایەن بەڕێوەبەری کتێبخانە (ئارام ساڵح)ەوە خوێندرایەوە و دواتر به نمایشی ڤیدیۆیی و کۆمەڵێک بڕگەی تری جیاواز کۆڕەکە دەوڵەمەندتربوو.
لە لێدوانێکدا دکتۆر عەتیە حەمە سەعید وتی: (لەم کۆڕەدا بە بینینی ئەو هاوڕێ ئازیزانە و بەو قسە جوانانەی کە کران دڵخۆشبووم، بەڵام قسە چ سوودێکی هەیە کە کرداری لەگەڵ نەبێت؟! پێویستە هەموو بەیەکەوە هاوکاری یەکبین بۆئەوەی خەڵکەکەمان رۆشنبیر بکەین، چیتر زیادەرۆیی نەکەین، گرنگی زیاتر بە ژینگە و کەلەپور و چەندان شتی تر بدەین. چەندین ساڵە هاوار دەکەم و گوێم لێناگیرێت، لە خەڵاتی زێڕین زیاتر بەوە دڵخۆش دەبم گوێم لێبگیرێت و بە قسەم بکەن).
ئارام ساڵح بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی کویە وتی: (لەپای کۆمەڵێک کاری جوان و دڵسۆزی ئەم دکتۆرە بەڕێزە ئێمە بە باشمان زانی خەڵاتی زێڕینی ئاڵای کوردستانی پێ ببەخشین، ئەو خەڵاتە دە ساڵە دەبەخشرێت، دراوە بە کەسایەتییە ئەدیب و رووناکبیر و هونەرمەندەکان، هەر بەردەوام دەبین و کەسایەتی تر بەسەر دەکەینەوە لەداهاتوودا).
لە درێژەدا دکتۆر جەمال فەتحوڵڵا وتی: (ئەم دکتورە بەڕێزە لە شەستەکانەوە تاکو ئەمڕۆ رۆڵی کارای هەبووە لەبواری پزیشکیدا ،هاوکات جگە لە پسپۆرییەکەی لە بواری ژینگە و رۆژنامەنووسی و کەلەپوردۆستی و خێرخوازیدا جێدەستی دیارە، بۆیە ناوی لەمێژوودا دەمێنێتەوە).