مرۆڤ و وشکەساڵی هۆکارەکانی خۆڵبارینن

12:35 - 2022-06-05
ژینگە
267 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین
بەپێی سەرچاوە کەشناسییەکان سێ هۆکاری سەرەکی دەبنە هۆی ئەو خۆڵبارینەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە باشووری عیراقەوە هەڵدەکا و ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش دەداپۆشێت، ئەوانیش کەمی باران بارین، نەبوونی سەرچاوەی ئاوی پێویست و کەمبوونەوەی پانتایی خاکی سەوزی کشتوکاڵین، ئەو بارە لەکاتی وشکەساڵی دروست دەبێ و کەمی ئاو دەبێتە هۆی لێکترازانی خاک و یەکنەگرتنی خۆڵ و کاتێک هەوا دێت تۆز و خۆڵی بیابانەکان لول دەداو دەیپڕژێنێتە بۆشایی ئاسمان، وێرای دیمەنە ناشیرینەکەی بینین کز دەکات و دڵتەنگی، تەنگەنەفەسی و کەشێکی نەخوازراوی لێ دروست دەبێ و ژینگەی مرۆڤایەتی تێک دەدات.

دەستی مرۆڤ لە خۆڵباریندا
گوێنەدان بە کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، لەوانە کەمی رووبەری سەوزایی، فڕێدانی پلاستیک و خاشاک و نەوت و گاز بەناو خاک و بڕینەوەی دار و درەخت و راوکردنی ئاژەڵی کێوی و پیسکردنی ئاو و فڕێدانی دوکەڵ بۆ ناو هەوا و بەکارهێنانی زۆری مەکینە و ئۆتۆمبێل و ئەو ئامێرانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن، هەروەها دەیان کاری تری نادروستی رۆژانەی مرۆڤ وادەکەن کە ژینگەیەکی نا تەندروست بەرهەم بێت و خۆڵبارین زەفەرمان پێ ببات، نەبوونی رووبەری سەوز لە حەوشەی ماڵان و کردنیان بە چیمەنتۆی وشک و رەق هۆکاری سەرەکییە و هەموو ئەوانە لە دەستکردی مرۆڤن کە راستەوخۆ کاردەکەنە سەر ئەو بارە نالەبارەی کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
زیانی تەندروستی
ئەو تۆز و خۆڵەی لە ئەنجامی رەشەبا بەسروشتدا بڵاودەبێتەوە قەبارەی جۆرا و جۆری هەیە، ئەوانەی وردیلەن و زۆر بچووکن بۆیان هەیە بچنە ناو خوێن و بۆ هەموو ئەندامانی جەستە شۆڕببنەوە، ئەمەش تەنێکی پیس و نامۆ و نەخۆشی هێنە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ، جۆرێکی تریان لەوانەی درشتترن و قەبارەیان لە 10 میکرۆمیتەر بچووکترە، دەتوانن لە رێگەی لوت و دەمەوە بچێتە ناو قوڕگ و سییەکانەوە، دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و رەبۆ و قوڕگ وشکبوون و پیسبوون و برینداربوونی سییەکان، ئەمانەش ئاسەواری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەهێڵن، جۆری دوەمیان لەو قەبارەیە گەورەترە لەسەر پێست و دەموچاوی مرۆڤ دەنیشێ، بەهۆیەوە چاو ئاو دەکات و نەخۆشییەکانی پێستیشی لێ دەکەوێتەوە، ئەو کەسانەی بە سروشتی خۆیان نەخۆشی پێست و تەنگەنەفەسی و چاویان هەبێت ئەوا دۆخیان بەجۆرێک تێک دەچێت کە پێویستیان بە چاودێری و نەخۆشخانە هەیە.
چارەسەر
دوو جۆر چارەسەر بۆ ئەو بارە نەخوازراوە هەیە یەکەمیان لە ئەستۆی حکومەت و دەسەڵاتی بەغدا و هەولێرە کە ئامانجی دووریان پێدەڵێن ئەویش بە کەمکردنەوەی هەموو ئەو ئاسەوارانەی کە خۆڵبارین و گۆڕانی کەشوهەوای لێ دروست دەبێت ئەویش بە رەچاوکردنی پاراستنی ژینگە و بنیاتنانی رووبەری کشتوکاڵی و پشتێنەی سەوزایی و دروستکردنی بەنداو، دووەمیان کە ئامانجی نزیکە لە ئەستۆی هاووڵاتیانە ئەویش بنیاتنانی باخچە و باخ و سەوزاییە لەناو ماڵەکانیان و کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەنگاوی پراکتیکی نەهاوێژرێن ئەوا لە بەرامبەردا مەکینە و دوکەڵ و پیسایی و خاشاک و پاشماوە ناتەندروستەکان تا دێت زۆرتر دەبن و لە ئەنجامدا باران کەمدەبێتەوە و دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت.
سەرچاوە: Biologie Seite

بابەتە پەیوەندیدارەکان