تا ساڵیادێکی تری یەکێتی یەک ملیۆن نەمام دەڕوێنرێت

12:47 - 2022-06-05
ژینگە
450 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح

پاراستن و گرنگیدان بە ژینگەی کوردستان ئەرکی هەموو هاووڵاتییەکە لەکاتێكدا باس لە گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکان دەکرێت بە ئاڕاستەی بە بیابان بوون.
لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سروشتی جوانی کوردستان و ژینگەمان لەیاد نەکردووە و تاوەکو یادێکی تری دامەزراندنی یەکێتی یەک ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەچێنین و سەوزکردنی کوردستان لە ئەستۆ دەگرین.
ئەم پەیامەی سەرۆکی یەکێتی بە گەرمی پێشوازی لێکراو، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، هیوادارین ئەم هەنگاوە پیرۆزە هاوشانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تری حکومەت، ببێتە بنەما و نەریت و مۆدێلی سیاسەتکردنی حزبەکانی کوردستان لەپێناوی پێشبڕکێی زیادکردنی پانتایی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، کە خزمەتێکی راستەوخۆی ژینگەی کوردستان و دانیشتوانەکەی دەکات بەتایبەتی لە دۆخی ئێستادا کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە رووبەڕووی گۆڕانکاری خێرای کەشوهەوا و دیاردەی وشکەساڵی و کەمبارانی و کەمئاوی و مەترسی تێکچوونی دۆخی ژینگە و هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوەڕاست و خواروی عیراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان هەفتەیەکی ژینگەیی راگەیاندووە، لە رۆژانی 4 تا 9 ئەم مانگە بەشێک لە بەرنامەکانی تایبەت دەکات بە بواری ژینگە.
بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانیش رایگەیاند، ئەو بڕیارەی بافڵ تاڵەبانی بە گرنگ دەزانین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەبیابان بوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆڵبارین و گەرم بوونی زەوی سەرباری زیادکردنی رووبەری سەوزایی و بەرفراوانبوونی دارستانەکان کە رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە هاوسەنگبوونی ژینگەی هەرێمەکەماندا.
هاوکات لەیلا عەلی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، شارەوانی هە‌ڵمە‌تی رواندنی پێنج
هەزار نەمام و دار هەناری دەستپێکردووە پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت و خۆی لە رواندنی نزیکەی 21 هە‌زار دار هە‌ناردا دەبینێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت رواندنی ئەو رێژە زۆرە لە نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی سەوزایی، کە بەپێی ستانداردی جیهانی  پێویستە رێژەی سەوزایی شارەكان لە %30 كەمتر نەبێت و نادر روستی وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت، هیچ شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان رێژەی ستانداردی سەوزایی تێنەپەڕاندووە و شاری هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمترین رێژەی سەوزایی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان