پێگەی زانکۆ

09:21 - 2024-03-03
کەلتور
252 جار خوێندراوەتەوە
ساڵانە رێژەی خاوەن بڕوانامە لە هەرێمی کوردستان بەرزتر دەبێتەوە

 سه‌هه‌ند كۆیی


لە کۆمەڵگادا زانکۆ وەك ناوەندێکی گرنگی ئەکادیمی و زانستی، مێژوویەکی درەوشاوەی هەیە، پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و زانکۆ مەرجێکی سەرەکی پێشکەوتنی هەموو وڵاتێکە، چونکە ئەمڕو لەسەرتاسەری جیهاندا ململانێ و پێشبڕکێ و تەنانەت جەنگی وڵاتانیش لە زانکۆکاندا بەڕێوەدەچێت، هەر زانکۆیەک لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا بە داهێنانە تازەکانی، سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و شارستانی و مەدەنی وڵات کامڵتر دەکات. پێشبڕکێی بەردەوام لە نێوان زانکۆکانی وڵاتان  بۆ بەرهەم و داهێنانی بەسوود، باشتر ئەوە دەسەلمێنیت کە ئەو وڵاتەی زانکۆی نەبێت، ناتوانێت لەگەڵ پێشکەوتنی جیهان هەنگاوبنێت.

مێژووی کورد و زانکۆ 
گەلی کوردیش بەهەموو شێوەیەك هەوڵی داوە تاکەکانی خوێندەوار و رۆشنبیر بن، هەرچەندە بەدرێژایی مێژووی نەتەوەکەمان، گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشچوونی زانست لە کوردستاندا، لەلایەن حکومەتە داگیرکەرەکانەوە دروست کراوە و سوربوونی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان و ویستی حکومەتیش بۆ پێدانی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری، بۆتە هۆی ئەوەی دەرەنجامێکی راستەقینەی ئەو بوارەی لێبکەوێتەوە، هەتا راپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991 لە هەموو کوردستاندا یەک زانکۆ هەبوو، ژمارەیان نەدەگەیشتە 10 کۆلێژ، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 1992 دا پەرەیەکی بەرچاو بەم بوارە دراوە، هەر زوو زانکۆی سلێمانی دروستکرد و خوێندکارانی وەرگرت، دواتر زانکۆی دهۆك بەڕووی وەرگرتنی قوتابیاندا کرایەوە، ئێستاکە 32 ساڵ بەسەر راپەریندا تێپەڕێوە، دەتوانین بڵێین کە بواری فێربوون و زانست و ناوەندی ئەکادیمی و زانستی لەکوردستاندا سەدان جار فراوانتر کراوە و هەڵگرانی بڕوانامە جۆراوجۆرەکان، ژمارەیان تا ئەندازەیەک زیادی کردووە، کە هیچ خانەوادەیەك نییە خاوەن بڕوانامەیەکی تێدا نەبێت. ئێستا لە کوردستان 23 پەیمانگای تەکنیکی و 20 زانکۆی حکومی هەن کە لە سەدان بەشی جیاجیا پێكهاتوون. جگە لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کە لە بواری خوێندندا کراوە، حکومەتی هەرێم هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەش و کۆلێژ و زانکۆی حکومی بکاتەوە بۆ دروستکردنی کادیری ئەکادیمی و پیشەیی رۆلێکی تریشی گێڕاوە لە بە زانستکردنی رەوتی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستەش بەهۆی دەرکردنی یاسای وەبەرهێنانی خۆیندن، تا ئێستا 18 زانکۆی ئەهلی کراونەتەوە، کە زیاتر لە نیوەیان بەسەرمایە و کادیری بیانی هاتوون و لە وڵاتەکەی ئێمەدا خەریکی بڵاوکردنەوەی خوێندن و زانستن.
هۆکاری کردنەوەی زانکۆ ئەهلییەکان
 پسپۆرانی بواری خوێندنی ئەهلی، کردنەوەی ئەم زانکۆیانە، بۆ چەند هۆکاریک دەگەڕێنەوە، هەندێکیان پییان وایە، لە هەموو وڵاتانی دنیادا زانکۆی ئەهلی هەیە، ئەو زانکۆیانەش شان بە شانی زانکۆ حکومییەکان ئامانجی سەرەکییان رەخساندنی چەند دەرفەتێکە بۆ خوێندکاران، تا بتوانن درێژە بە خوێندنی زیاتر و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزتر بدەن، سروشتیشە حکومەت نەتوانێت، ئەو خزمەتە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات، بەڵام ئەمەیان شتێکی زانستی و رۆشنبیرییە نەک بازرگانی کردن. هەندێکی تر، پێیان وابوو کوردستان لەڕووی خەڵک و ئابوورییەکەیەوە لە گەشەدایە و خوێندن لە رێگەی حکومەتەوە بووە و بە شێوەیەکی گشتی خوێندکارانی کەمی رەوانەی خوێندنی باڵاکردووە، لەهەمانکاتیشدا پێویستی بە خوێندنی ئەهلی هەیە و گرنگیشە خوێندن پێشکەش بە خەڵکەکەی بکرێت، بە تایبەتیش ئەوانەی دەستیان بە خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان ناگات.

ئامانجی زانکۆی ئەهلی 
کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کردنەوەی ئەم جۆرە زانکۆیانە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەکادیمی و پیشەیی گەنجانی کوردستانە، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی داهاتوو لەڕووی ئابووری و بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی شارستانی و رۆشنبیری خەڵکی وڵاتەکەمانە.

حکومەت و زانکۆی ئەهلی  
زانکۆی ئەهلی لە هەر وڵاتێك بکرێتەوە رێگەدانی بەکار و چالاکییەکانی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت، حکومەتیش بە کۆمەڵێك مەرجی زانستی رێگەیان پێدەدات، چالاکی خۆیان بکەن و لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی خوێندنی باڵادا، واتا هەمان رێکاری زانکۆکانی سەر بە حکومەتیان بەسەردا دەچەسپێت، ئەوەی لەیەکتر جیایان دەکاتەوە بریتیە لە پارەدەرکردنی خودی زانکۆ، چونکە زانکۆی ئەهلی لەلایەن  خوێندکارانەوە پارەدار دەکرێت و زانکۆکەش بۆ بەردەوامبوونی کار و چالاکییە زانستییەکانی دێت ئەو پارەیە دەخاتە گەڕ. گومانی تێدا نییە کە کەرتی تایبەت و سیستەمی ئەهلی پشتی بە پێدانی پارە لە هەر ناوەندێکی خوێندندا بەستووە.

هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی دەرەوە 
شێوازی وتنەوەی وانەکان، بە پێی سیستەمێکی نێودەوڵەتی ستاندەر و بڕوانامەیەکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی پێشکەش بەدەرچووان دەکرێت، چەندین رێگەی جیاواز بۆ وتنەوەی وانەکان خراونەتەڕوو. تێگەیشتن و سروشتی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بۆ خوێندن لەبەرچاوگیراوە بە تایبەت ئێستا دۆخی کوردستان بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات، جگە لەمەش هێنانی مامۆستای نێودەوڵەتی، ئەمەش باشترین وەبەرهێنانە کە دەوڵەت بیکات بۆ بەستنی پەیوەندییەکی ناوخۆیی بە دەرەوەی وڵاتەوە، لەبەرئەوە سەرجەم چالاکییەکانی زانکۆ ئەهلییەکان دەکەونە سەرشانی ئەنجومەنی کارگێڕی و حکومەت، هیچ هاوکارییەکی مادی پێشکەش بە زانکۆی ئەهلی ناکات، کەواتە ناچارە بڕی سەرجەم تێچوە زانستییەکان لە قوتابیانی بەشداربوو وەربگرێتەوە. بۆیە پێویستە هەر خوێندکارێک دەچێتە خوێندنی ئەهلی پارەی تەواوی خوێندنەکەی بدات.

زانکۆ ئەهلی و خوێندکاری کەم دەرامەت
 ئایا زانکۆی ئەهلی چۆن دەتوانێت یارمەتی ئەو قوتابیانە بدات کە هەژار و کەم دەرامەتن؟ گرنگی زانکۆی ئەهلی لێرەدایە، کە مامۆستا و سەرجەم پیداویستییەکانی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیان دابین کراوە، ئەمەش لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەیەکی دیاریکراودا، بەڵام رێکەوتنێک لە نێوان حکومەت و زانکۆی ئەهلیدا هەیە سەبارەت بە پێدانی یارمەتی، بەڵام هەر زانکۆیە و بە شێوازێکی جیا جیا هاوکاری ئەم جۆرە قوتابیانە دەکەن، کاتێك قوتابیەکی زیرەک و بەتوانا لە بنەماڵەیەکی هەژار و بەهۆی خراپی باری ئابوورییه‌وه‌  توانای درێژەدانی خوێندنی نییە، لێرەدا ئەرکی حکومەته‌ لەڕووی داراییەوە پشتیوانیان بێت، زانکۆی ئەهلیش هەوڵدەدات بە ئاسانترین شێوە و هەرزانترین رێگا بە ئامانجە ئەکادیمییەکەی بگات، بەتایبەت بۆ کەس و کاری شەهید و ئەنفالکراوەکان بە خۆراییە، بۆهەندێك قوتابی هەژاریش هاوکاری دەکرێت لەکاتی وەرگرتنی قیستەکانی خوێندندا، هەروەها یەکەم و دووەم و سێیەمی بەشەکەش سەد لەسەد داشکاندنی بۆ دەکرێت، یاخود ئەو قوتابیانەی کە خاوەن سەرمایەکی باشن کاتێک دەچن بۆ زانکۆ ئەهلییەکان و کورسیەک لە زانکۆ حکومییەکان جێدەهڵێن، ئەمە دەبێتە دەسکەوتێکی زۆر بۆ خودی قوتابیە کەم دەرامەتەکە و شوێنی دەگرێتەوە .
زانکۆی ئەهلی و ململانێی ئابووری 
ئامانج لە دامەزراندنی زانکۆ ئەهلییەکان گەیاندنی خزمەتگوازرییە بەسەرجەم تاکەکانی خەڵکی کوردستان، لەهەمان کاتیشدا کردنەوەی زانکۆی ئەهلی لەپاڵ گەیاندن و خزمەتگوزاری زانستی، ئامانجی ئابووریشی لێدەکەوێتەوە، ئاخۆ دەبێت کردنەوەی ئەم زانکۆیە چ سوودێکی ئابووری بۆخه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، بێگومان بوونی زانکۆی ئەهلی جۆرێک لە رکابەری دروست دەکات لە بواری خوێندنی باڵادا و پێشکەوتنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، جگە لە مەش تۆ ناتوانی بێ بەشداری کارای خەڵک گەشە بە هیچ وڵاتێک بدەیت، سامان و دارایی وڵاتێك تەنیا سەرچاوە سروشتییەکانی وەک پەترۆڵ و کانزا نین، بەڵکو سامانی هەر وڵاتێک سەرەتا خەڵک و هێزی مرۆییە، بەبوونی خەڵک تۆ سامانت هەیە، بە سامانیش تۆ داهاتوویەکی گەشت دەبێ، چونکە بوونی کەرتێکی بەهێزی خوێندنی ئەهلی دەبێتە هۆی دروستبوونی خەڵکێکی شارەزا و پسپۆر لە وڵاتدا و ئەوەش گەشەی ئابووری لێدەکەوێتەوە، هەموو ئەمانەش لە کوردستاندا بەدی دەکرێت و دەکرێت کوردستان ببێ بە ناوەندێکی ئابووری و گەشتیاری، جگە لەمەش دەتوانیت لە رێگەی زانکۆکانییەوە رووی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە بناسێتنێت، لەڕووی رۆشنبیری و سیاسی و فەرهەنگی و هونەری و ئابووری و هێنانی مامۆستای بیانی، ماوەتەوە بڵێین ئەگەر زانست هۆکاری پێشکەوتنی گەلان بێ و بە بێ ئەم هۆکارە بەرە و دواوە بگەڕێنەوە، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر هەوڵی داوە سەرجەم بنەماکانی بڵاوکردنەوەی زانست له‌م هه‌رێمه‌دا فه‌راهه‌م بكات، ئەگەر جاران خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و کەمی نمرە وەک دوو هۆکاری سەرەکی بوو بن، ئێستا بەکردنەوەی خوێندنی ئەهلی زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەستەبەر کراوە، کەپێشبینی دەکرێت، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، هەڵگرانی بڕوانامەی بەرز چەندین جار لە ئێستادا باشتر و بەرزتر بکرێتەوە .

بابەتە پەیوەندیدارەکان