بەها كۆمەڵایەتییەكان و پەروەردەی منداڵ

09:24 - 2024-03-03
کەلتور
314 جار خوێندراوەتەوە
دایک و باوک لە پەروەدەکردنی بەهاکاندا رۆڵی سەرەکیی دەبینن

جه‌واد حه‌یده‌ری 


یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەر كۆمەڵگەیەك بەهاكانێتی، كە بە پێكهێنەری سەرەكیی كۆمەڵگە و كەسایەتیی مرۆڤ دادەنرێت. 
بەهاكان كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر ئاكار و رەفتار و ئاڕاستە و پەیوەندییەكانی تاك لەنێو كۆمەڵگەدا هەیە و هەر كۆمەڵگەیەكیش بە گرنگییەوە سەیری بەهاكانی دەكات. ناوەندە پەروەردەییەكان و خێزان و كۆمەڵگە بەرپرسن لە ئاشناكردن و راهێنان و فێركردنی تاكەكان و بەهاكان، چ بەها گشتییەكان و چ بەها تایبەتییەكان، رۆڵی بنەڕەتی لەسەر خستنی كۆمەڵگە دەگێڕن. 
هەڵبەت دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت كە فاكتەری ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی، داب و نەریت و  راگەیاندن كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەهاكان هەیە. 

بۆچی بەهاكان گرنگن؟
بۆ هەر تاكێك و بۆ هەر كۆمەڵگەیەك بەهاكان گرنگن، چونكە بەهاكان كار بۆ رێكخستنی ژیانی مرۆڤ و بەدەستهێنانی بەختەوەری و ئاشتی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ كار دەكەن و ئاستی پێكەوەژیان و رێزگرتن و یەكتر قبوڵكردن بەرز دەكەنەوە و رێگری لە ململانێی جیاكارییانە لەسەر بنەمای رەنگ و رەگەز و ئایین و نەتەوە دەكەن و هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان دەدەن.

جۆرەكانی بەها:
تا ئێستا پۆلێنكردنێكی یەكگرتوو لەبەر دەستدا نییە كە بتوانرێت جۆرەكانی بەها دیاری بكات و پشتیان پێبەستێت، بەڵام هەندێك لە توێژەران بە پشتبەستن بە پێوەری جۆراوجۆر بەهاكانیان پۆڵین كردووە كە بریتین لە:
1 - پۆلێنكردنی بەهاكان لە رووی ناوەرۆكەوە: 
- بەهای تیۆری
- بەهای ئابووری
- بەهای جوانیناسی هونەری
- بەهای كۆمەڵایەتی
- بەهای سیاسی
- بەهای ئایینی
2 - پۆلێنكردنی بەهاكان بە پێی مەبەستیان: 
- بەها ئامرازەییەكان
- بەها مەبەستدارەكان

3 - پۆلێنكردنی بەهاكان بە پێی گشتگیری
- بەها گشتییەكان
- بەها تایبەتییەكان
- بەها رواڵەتییەكان
- بەها ناڕاستەوخۆكان
- بەها هەمیشەییەكان
- بەها راگوزەرەكان

تایبەتمەندییەكانی بەهاكان
بەهۆی فرەیی و هەمەجۆریی بەهاكان، گرنگترین تایبەتمەندییەكانیان بریتین لە:
- بەهاكان رێژەیین:
  هەمیشە بەهاكان رێژەیین، بەو واتایە كە ماناكانیان دیاریكراو نین، بۆیە بڕیاردان لەسەریان رەها نییە و دەبێت بە پێی هەلومەرج و بارودۆخ و پێوەرەكانی هەر كۆمەڵگەیەك قسەی لەسەر بكرێت، چونكە بەهاكان لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازن، لە تاكێكەوە بۆ تاكێكی تر جیاوازەترە.
- جێگیری بەهاكان:
بەهاكان زۆرجار بەو شێوە وەسف دەكرێن كە لە گۆڕانكاریدا هێواشن، چونكە گۆڕانكارییەكان زۆرجار تەنها رەنگدانەوەی پێداویستییەكانی خۆمان نین، بەڵكو رەنگدانەوەی ئەوەیە كە سەلمێنراون، بە تایبەتی لەلایەن كۆمەڵگەوە.
- بەهاكان بریتین لە هەڵبژاردن و پەسەندكردن: ئەو جۆرە بەهایانە بریتین لە هەڵبژاردن و پێشخستنی هەموو ئەو شتانەی كە خوازراون لەسەر بنەمای دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی. 

بەهاكان سروشتی بەهێزكردنیان هەیە
بەهاكان بریتین لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ بڕیاردان لەسەر شتێك، یان دۆخێك، یان بڕیاریك بۆ پەسەندكردن، یان هەڵبژاردنی رەفتارێكی دیاریكراو. 

قۆناغەكانی دروستبوونی بەهاكان
بنیاتنانی بەهاكان لە مرۆڤدا پێویستیان بە تێپەڕاندنی هەندێك قۆناغ هەیە بۆ ئەوەی ئەو بەهایانە بە تەواوەتی تێیاندا بچێنرێت، یەكەمین قۆناغ، قۆناغی قەناعەت پێكردن و پەیوەستبوونی خەڵكە بەو بیرۆكانە، دووەمین قۆناغ، یەكخستنی ئەزموونەكانە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی پێشوو، سێیەمین قۆناغ جیاكاری و جیاوازی ئەزموونەكان كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكی و گرنگەكانی بەدەستهێنانی بەهاكانە. چوارەمین قۆناغ ئامادەییە بۆ قبووڵكردنی بەهاكان لە هەر كۆمەڵگەیەكدا.

سەرچاوەی بەهاكان
چەندین دامەزراوە لەناو هەر كۆمەڵگەیەكدا هەن كە سەرچاون بۆ بەهاكان و رۆڵ و گرنگی خۆیان هەیە لە فێركردنی بەهاكاندا كە ئەوانیش بریتین لە:
1 - خێزان، یەكەم ژینگە كە منداڵ تێدا ئەو بەهایانە وەردەگرێت.
2 - قوتابخانە، قوتابخانە بە یەكێك لە گرنگترین دامەزراوە پەروەردەییەكان دادەنرێت بۆ وەرگرتن و چاودێریكردنی بەهاكان.
3 - مزگەوت، یەكێكی ترە لە دامەزراوەكان، مزگەوت كە ئامانجی پەروەردەكردنی تاكە بە پەروەردەی ئایینی، بنەمای بەهێزكردن و كاریگەریی پابەندبوون بە بەها ئایینییەكان لەسەر رەفتار.
4 - هاوڕێ، گرنگی گروپی هاوڕێكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤ بە تایبەتی منداڵ هەوڵدەدات كە لاسایی هاوڕێكانی بكات لە رەفتار و كردەوەكانیدا، نزیكی تەمەن و بەرژەوەندی و ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی هۆكاری سەرەكین بۆ پێكهێنانی بەها هاوبەشەكان .
5 - زانكۆ، شارەزایان پێیانوایە كە رۆڵی زانكۆ لە پەروەردەكردنی تاك هیچی لە رۆڵی خێزان و قۆتابخانە كەمتر نییە، بەڵكو تەواوكەری ئەوانە بۆ بەدەستهێنانی بەهاكان. 
پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە بەهاكان لە سێ ئاستی سەرەكی پێكدێن ئەویش پێكهاتەی مەعریفی و پێكهاتەی سۆزداری و پێكهاتەی رەفتارین. 

پێگەی بەهاكان لە پڕۆسەی پەروەردەدا
وشەی بەهاكان یەكێكە لەو وشانەی كە بواری پەروەردەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و بوارەكانی دیكەشدا بەكار دێت. بەهاكان كۆمەڵێك رێسا و ستاندارد و دابونەریتن كە لەلایەن كۆمەڵگەوە قبووڵن و تاك دەبێت پابەندیان بێت و دواتر دەبێتە رەفتارێكی بینراو و بەرجەستە لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی دۆخێكدا. 
قۆناغی سەرەتایی منداڵی بە یەكێك لە گرنگترین قۆناغەكانی گەشەكردن و دروستبوونی كەسایەتی منداڵ دادەنرێت كە تێیدا تاك دەگاتە پلەیەكی دیاریكراو لە رووی توانایی و سەقامگیری و چێژوەرگرتن لە لایەنە جیاوازەكانی ژیاندا. 

منداڵ بەپێی كۆمەڵگە و چینی خێزانەكەی فێری بەهاكان دەبێت، شێوازەكان بۆ تێگەیشتنی منداڵ لە بەهاكان لە رێگەی مۆدێل یان نموونە، لاساییكردنەوە و پاداشت و سزاوە دەبێت. بۆ ئەوەی بەهاكان فێری منداڵ بكرێن سەرەتا لە ماڵەوە دەستپێدەكات و پاشان دەبێت لە باخچەی ساوایانەوە ، چونكە دوای ژینگەی ماڵەوە، باخچەی ساوایان دووەم ژینگەیە منداڵ تێیدا دەژیت و بەر بەهاكان دەكەوێت. بەهاكانی وەك، هاوكاری، رێزگرتن، رێكوپێكی، پاكوخاوێنی، هاوڕێیەتی، چونكە باخچەی ساوایان لە راستیدا زەمینە خۆشكردنە بۆ منداڵ، بۆ ئەوەی خۆی بۆ ژیانی قوتابخانە ئامادە بكات. 
هەندێك پێیانوایە كە بەهاكان تەنها ئەركی دایك و باوكە، بەڵام لە راستیدا وانییە، دایك و باوك لایەنی سەرپەرشتیاری منداڵن لە ژیانی منداڵدا، بۆیە دامەزراوەكانی دیكەی وەك پەروەردە و قوتابخانە و كۆمەڵگە و زانكۆ رۆڵیان هەیە و ئەركی مامۆستا و پەروەردەكاران و توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەناو سیستمی پەروەردەدا گرنگە و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت. 
منداڵ ئەگەر لە ماڵەوە زمینەی باشی بۆ فێربوونی بەهاكان بۆ خۆش بكرێت زۆر بە باشی دەتوانێت فێریان بێت، هەڵبەت دەبێت هاوكاری و پشتگیری و ئاسانكاری بۆ منداڵ بكرێت بۆ فێربوون، دایك و باوك چ بە شێوەی باسكردن و چ بە شێوەی پراكتیك و كرداری دەبێت منداڵەكان لە رێگەی ئەفسانە، چیرۆك، راستییەكان و كەرەستەكانی دیكەی فێركردن، زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنن بۆ فێركردنی بەهاكان.  
ئەگەر منداڵ بە باشی لەبواری وەرگرتنی بەهاكان پەروەردە بكرێت، دەبێتە كەسێك كە دەتوانێت لە خۆی دڵنیا بێت و پشت بەخۆی ببەستێت و هاوكات كەسێكی راستگۆ، دەستپاك، لێبوردە، دڵسۆز، دادپەروەر بێت، بە شێوەیەك كە گیانی هاوكاریكردنی تێدا بەرجەستە دەبێت. لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە كە رێز لە خۆی دەگرێت، پاشان لە بەرامبەرەكەی. 
ئێستا كە سەردەمی تەكنۆلۆژیا و سەردەمی خێرایی زانیارییەكان، دەبێت پەروەردەكاران و شارەزایانی پەروەردەیی زۆر بە هەستیاری و بە وردی لە رێگەی تەكنۆلۆژیا و میدیا و لە رێگەی فیلم و ئامرازەكانی دیكەی بەهاكان فێری منداڵەكان بن، چونكە زیانەكانی تەكنۆلۆژیا لەبارەی بەهاكان زۆر مەترسیدارە، چونكە زۆرێك لە بەهاكان جیهانین و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پیادە دەكرێن، بۆ نموونە، ئاشتی، ئازادی، یەكسانی، دادپەروەری، مافی مرۆڤ.
لە كۆتاییدا بەهاكان بە مانای لێپرسراوێتییە لە ژیانی رۆژانەدا، كە چۆن ئاڕاستە بۆ منداڵ لەناو كۆمەڵگەدا دروستدەكات. 

سەرچاوە/ كتێبی بەها كۆمەڵایەتییەكان و پەروەردەی منداڵ، ئامادەكردنی د.گێلاس عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پ.ی.د. ئەحمەد عەلی بابان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان