بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغدا بەسەرپەرشتى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عیراق کۆببنەوە.
پەروین فاتح، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک رایگەیاند، "لایەنەکانى کەرکوک بەئومێدەوە چاوەڕوانى دەرئەنجامى کۆبوونەوەى ئەمرۆ دەکەن، هەموو لایەنەکان بەرنامەى کارى خۆیان دەبەنە ناو کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عیراقدا".
وتیشى، "ئەگەر رێکەوتن لەبارەى پۆستەکانەوە بکرێت ئەوا لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆدەبێتەوە".
ئەمە دووەم کۆبوونەوەى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە کە لە بەغدا بەسەرپەرشتى محەمەد شیاع سودانى بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەى یەکەمدا کە 21ى شوباتى رابردوو بەڕێوەچوو، بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، نوێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان، نوێنەرانى تورکمان و لایەنە عەرەبی و کریستیانەکان ئامادەبوون.