(33) هەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، رێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار، شانە چەکدارەکان و تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان بێت.
(33) ساڵ لەمەوبەر، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهاوکاری رێکخستنەکانی ناو شارو شانە چەکدارەکان و بە بەشداری راستەوخۆی جەماوەری راپەڕیو توانی بەرەنگاری دڕندەترین رژێم بێتەوە و لە کوردستان وەدەری بنێت و خاکی پیرۆزی کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ رزگار بکات.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوە و کوردستان بە دۆخێکی یەکجار هەستیار و مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت، پێویستمانە بە هەمان رۆحیەتی رۆژانی راپەڕین دەست لەناو دەست بەتەبایی و یەکڕیزی لەپێناو یەکگرتوویی و کورد و ئامانجە وەدینەهاتووەکانمان خەبات بکەین و داکۆکی لە گەلی خۆمان بکەین، ئاواتەخوازم هێزو لایەنە سیاسییەکان ململانێکانیان وەلابنێن و خەبات بکەن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان، ئەوەی هەمانە بەری رەنج و قوربانیدانی هەزاران شەهید و تێکۆشەرە، پاراستنی واجبێکی پیرۆزە.
دووبارە ساڵیادی راپەڕین لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی