كێشەی سكرتێر

بۆچی قەبارەی نموونەكانمان زۆر بچووكە؟

10:20 - 2024-03-05
ئابووری
122 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

48


وایدابنێ دەتەوێت سكرتێرێك دابنێیت، نزیكەی سەد كەس بۆ ئەم ئیشە داواكاری پێشكەش دەكەن و چاوپێكەوتن لەگەڵ یەك بە یەكیان دەكەیت، دوای هەر چاوپێكەوتنێك بڕیار دەدەیت  بە كەسەكە بڵێیت خۆی بۆ قۆناغی دواتر ئامادە بكات، یان بەشێوەیەكی گشتی رەفز كراوە. مەبەستت نییە چاوپێكەتنەكە بەنیوەناچڵی واز لێبێنیت و دەتەوێت بەبێ وەستان چاوپێكەوتن لەگەڵ هەر هەموویان بكەیت، بڕیارەكەشت دوای هەر چاوپێكەوتنێكی تر ناگۆڕێت. ئێستا، تێگەیشتن و كاردانەوەت بەرامبەر ئەم دۆخە چۆنە؟
ئایا هەوڵ دەدەیت خێرا بابەتەكە تەواو بكەیت و یەكەم كەس كە هات بۆ چاوپێكەوتن و رەفتاری سەرنجی راكێشایت وەریبگریت؟ لەم حاڵەتەدا لەوانەیە كەسانی شایستە و باشتر كە لە ریزی چاوەڕوانییەكەدان لەبەرچاو نەگریت، یان وەكو یەك بایەخ بە هەموو كەسەكان دەدەیت و لە كۆتاییدا یەكێكیان وەردەگریت؟ بەڵام ئەگەر هەموویان ئەو خاسیەتانەیان تێدا نەبوو كە تۆ مەبەستتە چی دەكەیت؟

كێشەی سكرتێر
شارەزایانی بواری وەرزش ئەم بابەتەیان ناوناوە كێشەی سكرتێر. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم كێشەیە تەنیا رێگەچارەیەكی باشی هەیە كە بەم شێوەیەیە: دەبێت چاوپێكەوتن لەگەڵ (37) داواكاری یەكەم بكەیت و هەر هەموویان رەفز بكەیت، بەڵام چۆنێتی ئیشی ئەمانەت لەبەرچاو بێت، پاشان درێژە بە چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ باقی داواكاران بدەیت، بۆ ئەوەی ئەو كەسەت دەستبكەوێت كە لە باشترینی ئەو (37) كەسە باشترە و وەریبگریت، بەم شێوازە دەتوانیت بژاردەیەكی باشت هەبێت، هەرچەندە لەوانەیە ئەو كەسە باشترین سكرتێر نەبێت لەناو ئەو سەد كەسەدا، بەڵام بێگومان بژاردەیەكی باشە و دەتوانیت حسابی لەسەر بكەیت. ئەزموون و لۆجیك ئەوەی نیشانداوە كە شێوازەكانی دیكە رێژەی سەدی هەڵە و سەرنەكەوتنی زیاتریان دەبێت.
لەوانەیە لە خۆت بپرسیت ژمارە (37) لە كوێوە هاتووە؟ ئەگەر (100) بەسەر (ژمارەی ناپێر (John Napier))دا واتە: (2،718) دابەش بكەیت ئەنجامەكەی دەبێتە (37). ئەگەر پەنجا كەس داواكاری ئیشێك بن دەبێت (18) كەسی یەكەم رەفز بكەیت و ئەو كەسە وەربگریت كە لە (18)كەسەكەی پێشتر باشترە.

كێشەی داخوازی
ئەم كێشەی سكرتێرە لە هەندێ كتێبدا بە كێشەی داخوازیش باسكراوە، بابەتەكەش بەو شێوەیەیە كە تۆ بۆ دۆزینەوەی كەسێكی گونجاو بۆ دروستكردنی ژیانێكی هاوبەش دەبێت چەند كەس ببینیت؟ یان بە دەربڕینێكی دیكە چەند درێژە دەكێشێت بۆ ئەوەی كەسی گونجاوی خۆت بدۆزیتەوە؟ بێگومان لەپێشدا ناتوانیت پێشبینی بكەیت لە ئایندەدا چەند كەس پێشنیازی هاوسەریت بۆ دەكەن، بەم پێیە بە رای من ئەم نموونەیە هێندە نموونەیەكی باش نییە، چونكە نازانین دەبێت چ ژمارەیەك بەسەر (ژمارەی ناپیر)دا دابەش بكەین، بەم پێیە كێشەی سكرتێر ناوێكی باشترە بۆ ئەم مەسەلەیە.
بەهەرحاڵ ئەم مەسەلەیە قسەكەی (واین بێفت) دەسەلمێنێت كە دەڵێت:
"وا باشترە تاڕادەیەك راست و لۆجیكی بین لە جیاتی ئەوەی تەواو هەڵە بین"
ئەمە شێوازێكە وارین بێفت بۆ سەرمایەگوزاری پەیڕەوی دەكات. خراپ نییە تۆش لە ژیانی تایبەتی و ئیش و كارتدا بەكاری بهێنیت. لەوانەیە لە خۆت بپرسیت بۆچی مەسەلەی سكرتێر لە ژیانی ئێمەدا گرنگە؟ لەبەرئەوەی ئەم مەسەلەیە تێمان دەگەیەنێت دەبێت چەندە كات بۆ لێكۆڵینەوەی بابەتە جیاوازەكان تەرخان بكەین، بۆئەوەی سەرەنجام بتوانین بڕیارێكی راست و دروست بدەین. تاقیكردنەوە سەبارەت بە مەسەلەی سكرتێر ئەوەی نیشانداوە كەسەكان پەلەیانە خێراتر بگەن بە بژاردەی دڵخوازی خۆیان و لێكۆڵینەوەی پێویست ناكەن، بەڵام باشتروایە هەوڵ بدەیت بەسەر پەلە پەلی خۆتدا زاڵ بیت و لە بڕیارە گرنگەكانی ژیانتدا وەكو هەڵبژاردنی ئیش، هاوسەر، شوێنی ژیان، شوێنی فێربوونی شارەزاییە جیاوازەكان، كەمێك دان بەخۆتدا بگریت و سەرەتا لە بژاردە و رێگا جیاوازەكان بكۆڵیتەوە، پاشان لەسەر بنەمای ئەوە بڕیاری كۆتایی خۆت بدەیت. لە راستیدا هەڵبژاردنی بەپەلە و بەبێ ئاگایی ئاسایی بە زیانی ئێمە تەواو دەبن و هێندە لۆجیكی نین.

بۆچی حەزمان لە بڕیاری خێرایە؟
بەڵام بۆچی حەزمان لە بڕیاری خێرایە و ئەم پەلەپەل و تەحەمولنەكردنە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ لەوانەیە تاقیكردنەوەی كەسەكان و بابەتە جیاوازەكان كاتی زۆر بوێت و بێزاركەر بێت، هەندێك لە خۆیان بپرسن بۆچی دەبێت سەد چاوپێكەوتنی كار بكەین، لە كاتێكدا بە پێنج چاوپێكەوتنیش ئیشەكەمان بۆ مەیسەر دەبێت؟ یان بۆچی دەبێت بۆ چاوپێكەوتنی كار سەردانی دە كۆمپانیا بكەین، لە كاتێكدا یەكەم كۆمپانیا قبووڵمان دەكات و مووچەیەكی باشیشمان دەداتێ؟ بەردەوام لە بەدواداچووندا بیت كاتێكی زۆری دەوێت كە لە حەوسەڵەمان بەدەرە، هەروەها بەلای زۆر كەسەوە زۆر ئاسانە كە لە پیشەیەكدا دەستبەكار بن كە لە گەنجییەوە تا رادەیەك پێی ئاشنان و ئیتر رێڕەوی خۆیان نەگۆڕن، بەڵام لەوانەیە ئەگەر عەقڵی ئەوان داخراو نەبوایە و خۆیان لە جێگایەكدا لە قاڵب نەدایە و ئیشی تریان تاقیبكردایەتەوە، حاڵی حازر هەستێكی باشتریان هەبوایە سەبارەت بە خۆیان و ئیشەكەیان. 
شتێكی تر كە دەبێتە هۆی ئەوەی بڕیاری بەپەلە بدەین، ئەوەیە كە حەزناكەین مێشكمان ئاڵۆز و شێواو بێت. حەزدەكەین خێرا چێكی لیستی ژیانمان بكەین و بەرەو ئایتمەكانی تر بڕۆین. لەوانەیە ئەم كارە بۆ بڕیارە ئاساییەكانی ژیان خراپ نەبێت، بەڵام بۆ ئەو بڕیارانەی رەنگدانەوەی زۆریان لە ژیانماندا هەیە دەبێت بەوردی لێیان بكۆڵینەوە. ئەگەر وانەكەین بڕیارەكان بەر بە پێشكەوتن و جووڵەوەمان بەرەو پێشەوە دەگرن.
باشم لەبیرە پەرستیاری مناڵەكانم كە تەمەنی بیست ساڵە چەند مانگێك پێش ئێستا زەنگی ماڵی ئێمەی لێدا و سەروسیمایەكی غەمگینی هەبوو. یەكەم دڵداری گیرۆدەی كردبوو ئیتر دیار نەمابوو. چاوانی پڕ فرمێسك بوون، بۆیە هەوڵماندا قسەی لەگەڵ بكەین بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە.
"تۆ هێشتا گەنج و جوانی و دەرفەتی زۆرت لەبەردەمدایە، دەتوانی قسە لەگەڵ زۆر كەسدا بكەیت بۆ هاوسەری، پاشان جڵەوی كارەكە دەكەوێتەوە دەستی خۆت و هەست دەكەیت دەتوانیت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ متمانە بە كێ بكەیت و چ كەسێ بۆ تۆ گونجاوە."
بزەیەكی كاڵ كەوتە سەر لێوی. پێم وایە بە قسەكانی ئێمە قەناعەتی  نەكرد، بەڵام بەهەرحاڵ ئێمە هەوڵماندا لۆجیكیانە قسەی لەگەڵ بكەین و لەو بێتاقەتییە دەریبكەین.
بەداخەوە زۆربەمان وەكو پەرستیاری مناڵەكانم رەفتار دەكەین و كۆمەڵگای ئامارمان زۆر بچووك و سنووردارە و حەزدەكەین بڕیاری بەپەلە بدەین. ئاسایی تێگەیشتنێكی باشمان نییە بۆ واقیع و تەسەور دەكەین یەكەم كەسی بەرامبەرمان كە نەخشەی هاوڕێیەتیمان لەگەڵ دادەنێ ژن یان پیاوی خەونەكانمانە، یان یەكەم ئیش كە بۆمان پێشنیاز دەكرێت بێگومان باشترین ئیش دەبێت بۆمان. هەڵبەتە لەوانەیە یەكەم تیرت بدات لە نیشان، لەم حاڵەتەدا من زۆر خۆشحاڵ دەبم بۆت كە ئەو رووداوە تەواو چانس بووە و نابێت وەكو پرەنسیپێك بۆ ژیانێكی باش لەبەرچاوی بگریت.

دەرئەنجام
دنیا لەوە گەورەتر و هەمەڕەنگترە كە ئێمە تەسەوری دەكەین، بەم پێیە لە كاتێكدا گەنجیت هەوڵ بدە بژاردەی زۆر تاقیبكەیتەوە و ئەوەت لەیاد بێت لە ساڵانی سەرەتادا كە باڵغ دەبیت بەدەستهێنانی پارە یان پەیداكردنی ئیشێكی جێگیر ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵكو لەم قۆناغەدا دەبێت ئەزموونی خۆت زیاد بكەیت و لەوە تێبگەیت كە چ بژاردە و ئۆفەرێكت لەبەردەمدایە. بەم پێیە هەوڵ بدە چاوانت تیژ بێت و باش گوێت شل بكەیت و ئەزموونی زۆر بەدەستبهێنیت. بۆ نموونە زۆر بخوێنەرەوە، لەبەرئەوەی رۆمان و كورتەچیرۆك پاڵنەرت دەبن و بیرۆكەت دەدەنێ و دەتوانیت بیانكەیت بە سەرمەشقی خۆت. تەنیا كاتێك كە تەمەنت سەردەكەوێت بژاردەكانی خۆت سنووردار بكە، چونكە لەو زەمانەدا كارەكتەری تۆ وەكو پێویست كامڵ بووە و دەتوانیت تێبگەیت كە چ بابەت و كەسانێك لەگەڵ تۆدا ناگونجێن و چ شتێك لەگەڵ تۆدا دەگونجێت.

سەرچاوە: هنر خوب زیستن ص244-248

تاقیكردنەوە سەبارەت بە مەسەلەی سكرتێر ئەوەی نیشانداوە كەسەكان پەلەیانە خێراتر بگەن بە بژاردەی دڵخوازی خۆیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان