پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ یادی 33 ساڵەی راپەڕین

״با هەڵبژاردنی داهاتوو بكەینە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەكانی راپەڕین״

10:37 - 2024-03-05
کوردستان
457 جار خوێندراوەتەوە

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

یادی 33 ساڵەی راپەڕینی گەلەكەمان لە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان پیرۆزبێت، بەتایبەتی لە كچان و كوڕانی كوردەواریی، كە لەسایەی ئەزموونی خۆبەخۆ و دیموكراتی وڵاتەكەماندا پێگەیوون و ئەمڕۆش دیمەنی هەرە گەشی پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەكەمان پێكدێنن.
لە 5ی ئازاری دەروازەی راپەڕین، لە رانیەوە، بۆ زەماوەندی رزگاری لە سلێمانی و رووخانی قەڵای ستەمی بەعس لە هەولێری هۆلاكۆبەزێن و دهۆكی رەنگین و خانەقینی بووكی گەرمەسێر و تەواوی شار و شارۆچكەكانی تر تا نەورۆزی رزگاریی كەركوكی قودسی كوردستان، هەڵمەتی راپەڕین داستانێكی نیشتمانیی گەلەكەمان بوو بە رابەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جەماوەری خۆڕاگری بەعسبەزێن.
ئەمڕۆش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پڕۆسەی سیاسیی كوردستان، وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا روومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانە و دەرفەتێكی زێڕین هاتۆتەكایەوە تا بەگیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاكانی راپەڕینی دێرینەوە و بەدەنگدانی دیموكراتی، لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردا، ئەزموونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بكەینەوە و پێكەوە بە بەشداریی فراوان و كارای نەوە تازەكانی كوردەواری، رێڕەوی حوكمڕانیمان چاكتر گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەكانی راپەڕین بەدیبهێنین. بەجۆرێك هەڵبژاردنی داهاتوو بكەینە دەرفەتی زێڕین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەكانی راپەڕینی دێرین.

 

هەڵمەتی راپەڕین داستانێكی نیشتمانیی گەلەكەمان بوو بە رابەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جەماوەری خۆڕاگری بەعسبەزێن

لە بیرەوەریی هەمیشە  گەشاوەی بڵێسەی راپەڕیندا
سڵاو لە شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و خەباتی دیموكراتی لە عیراقدا.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و رێكخستنەكانی داینەمۆی راپەڕین.
گەلی كوردستانیش، بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتووبن

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
5/3/2024

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان