تایلۆر سویفت ریکۆرد دەشکێنێت

10:39 - 2024-03-05
هەمەرەنگ
272 جار خوێندراوەتەوە

راوێژ کامەران

 

ئەستێرەی ئەمریکی، تایلۆر سویفت  لە زنجیرەیەک کۆنسێرت لە جیهاندا بەردەوامە و توانیوشیەتی چەندین ریکۆردی جیهانی بەدەستبهێنێت.
تایلۆر سویفت ساڵی 1989 لە  پەنسلیڤانیای ئەمریکا لە دایکبووە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستیکردووە بە گۆرانی وتن و  ساڵی 2004 یش وەک پێشکەشکار دەرکەوتووە، ساڵی 2006 یەکەم ئەلبوومی خۆی بەناوی Our Song بڵاوکردەوە و دواتریش کارەکانی سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و بوو بە یەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکان لە جیهاندا.
تایلۆر سویفت لە 17ی مارتی 2023 دا، دەستیکرد بە زنجیرەیەک کۆنسێرتی هونەری لە تەواوی جیهاندا و تا ئێستاش زنجیرە کۆنسێرتەکە بەردەوامە و  ناوی لێناوە گەشتی سەردەمەکان (The Eras Tour) ئەمەش بەهۆی ئەوەی کۆنسێرتەکە لە 10 بەشی جیاواز پێکهاتووە کە هەر بەشێکیان چەند گۆرانییەکی ئەلبوومەکانی تێدا پێشکەش دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ هەموو سەردەمەکانی کارکردنی هونەريی خۆی.
لە کۆنسێرتەکەدا تایلۆر سویفت ماوەی 3 سەعات 44 گۆرانی خۆی پێشکەشدەکات و چەندین نمایشی هونەری دیکەش دەکات.
تایلۆر لە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئەمریکا و مەکسیک و بەرازیل و ژاپۆن و ئوسترالیا و سەنگافورە کۆنسێرتی کردووە و بڕیاریشە لە وڵاتەکانی پرتوگال و ئینگلتەرا و نەمساش کۆنسێرت بکات و دواین کۆنسێرتیشی لە کەنەدا دەبێت.
ئەم زنجیرە کۆنسێرتەی تایلۆر سویفت چەندین ریکۆردی جیهانی تۆمار کردووە، لە نێویاندا پڕ داهاتترین زنجیرە کۆنسێرت بووە لە تەواوی ئەمریکادا و لە ئاستی جیهانیش پلەی دووەمی هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات لە پاش مایکل جاکسۆن.
هاوکات لە کۆنسێرتەکانیدا هەزاران کەس لە یاریگاکانی تۆپی پێ ئامادە دەبن و لە سەرجەم ئەو کۆنسێرتانەیدا کە لە نێوخۆی ئەمریکا سازی كردووە، نزیکەی 2.48 ملیۆن کەس ئامادەی  کۆنسێرتەکانی بوون.
کاری بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کۆنسێرتەکەش هەر لە لایەن کۆمپانیای تایبەت بە  تایلۆر سویفت خۆیەوە دەكرێت و لە تەکنیک و دیزاین و نوێگەریدا، پێشکەوتووترین داهێنانی تێدا بەکار دەهێنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان