مۆریسۆن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌ب ده‌دوێت

11:44 - 2024-03-07
ئەدەب و هونەر
242 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د

فیلمی دیكیۆمێنتاری «ئه‌و پارچانه‌ی منی پێكهێناوه‌ « فیلمێكه‌ ده‌رهێنانی تیمۆسی گرینفێڵد ساندرزه‌، سه‌باره‌ت به‌ تۆنی مۆریسۆنه‌ (1931-2019) كه‌ له‌ زۆربه‌ی گرته‌كانی فیلمه‌كه‌دا به‌ده‌نگ و ره‌نگ ده‌رده‌كه‌وێت یاخود ته‌نها به‌ ده‌نگ به‌شداری ده‌كات. ده‌رهێنه‌ر له‌م فیلمه‌دا پشتی به‌چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و چه‌ند ڤیدیۆیه‌كی كۆنی به‌ستووه‌ و به‌شداری به‌ هه‌ندێك له‌ ره‌خنه‌گره‌ ئه‌مریكییه‌ به‌ ناوبانگه‌كان و پێشكه‌شكارانی به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان كردووه‌. ئه‌وانه‌ی هاوكاری نووسه‌ربوون و له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا ژیاون، ده‌رهێنه‌ر ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی هاوپێچ كردووه‌ كه‌ مۆریسۆن  ده‌یانگێڕێته‌وه‌، به‌ ژماره‌یه‌ك تابلۆی هونه‌ری و ژماره‌یه‌ك فیلمی كۆن كه‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی تێدایه‌. جگه‌له‌و پشتبه‌ستنه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگرافی كه‌ مێژووی ره‌شی ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا ده‌گێڕێته‌وه‌ و چه‌ند تابلۆیه‌كی هونه‌ری شێوه‌كاری كه‌ هی سه‌رده‌می هێنانی كۆیله‌كانه‌ له‌ ئه‌فریقیاوه‌.

كۆی توخمه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ له‌پێناوی گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌كانی نووسه‌رێكی تایبه‌ت و جیاواز له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، به‌ جۆرێك یه‌كه‌م خانمی ره‌شپێستی ئه‌مریكی بوو ببێته‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ كه‌ له‌ سالێ 1993دا به‌ده‌ستیهێناوه‌ و فیلمه‌كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر خاڵی بایه‌خدان به‌ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاته‌كه‌ ناوه‌ستێت و ده‌چێته‌ نێو قووڵایی چه‌ند گفتوگۆیه‌كه‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ گاڵته‌وگه‌پ و رووداوی پێكه‌نیناوی و هه‌ندێك جار خه‌فه‌تیش له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌دا، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ بیر و بۆچوونی بۆ ژیان و مرۆڤ و كۆیلایه‌تی و كۆمه‌ڵگا و ئابووری و سیاسه‌ت و...
له‌ فیلمه‌كه‌دا مۆریسۆن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌ب ده‌دوێت به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆمانه‌ی كه‌ به‌ناونیشانی «چاوه‌ زیاتر شینه‌كان»ه‌وه‌یه‌، سه‌رچاوه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی نواندن و ده‌روازه‌ی جیهانی ئه‌ده‌بی به‌سه‌ردا كرده‌وه‌ و به‌ خیتابێكی ره‌خنه‌یی توند له‌ تێڕوانیینی سپیپێسته‌كان بۆ ره‌شپێسته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا هه‌ژمار كرابوو، سه‌ره‌تایه‌كیش بوو بۆ دامه‌زراندنی گوتار دژ به‌ گوتاری ره‌گه‌زپه‌رستی، چونكه‌ نووسه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ خیتابێكی سیاسی چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو به‌ كارامه‌ییه‌كی بێوێنه‌وه‌ چه‌ند جیهانێكی پێكداچووی‌ تێكه‌ڵ بنیات ده‌نێت كه‌ لێوه‌ی ئالۆزیی ره‌گه‌زپه‌رستی و گرنگی چاره‌سه‌ركردنی له‌ ره‌گ وریشه‌وه‌ تێده‌گه‌ین.
له‌وانه‌یه‌ دیارترین خاڵه‌كانی فیلمه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی مۆریسۆن و دید و بۆچوونی نه‌بێت به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌كانێتی له‌گه‌ڵ باوكی و خێزانه‌كه‌ی و هاوڕێكانی منداڵیداو شووكردنی و ئه‌زموونه‌كانی له‌ ژیاندا كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزه‌ی بینیاتنا كه‌ هه‌رگیز كپ نه‌ده‌كرایه‌وه‌.
مۆریسۆن ئه‌و ژنه‌ به‌هێز و نووسه‌ره‌ بوو كه‌ جیهانی به‌ ئارامگرتن دروست ده‌كرد و به‌ قه‌ڵه‌م ده‌ینووسی له‌ فیلمه‌كه‌دا ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌یبینین له‌ناو گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌یدا ده‌ژی و تێده‌كۆشێت له‌پێناوی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرو بۆچوونه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ڕه‌گه‌ز و شوناس و چینایه‌تی و جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆڵی به‌هێزی ئه‌ده‌ب له‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ و ناساندیاندا.
ئه‌وه‌ی بۆ مۆریسۆن وه‌ك شانازی تۆمار ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ توانی له‌ رێگای ئه‌ده‌به‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی شوناسی ئه‌مریكی بكاته‌وه‌، توانیشی شوناسێكی یه‌كگرتوو بنیات بنێت كه‌ بتوانێت مێژووی كۆیلایه‌تی و جیاكاری ره‌گه‌زپه‌رستی تێپه‌ڕێنێت. ده‌توانین له‌ به‌هێزی ئه‌ده‌به‌كه‌ی تێبگه‌ین كاتێك له‌ فیلمه‌كه‌دا وه‌كو مرۆڤێكی پابه‌ند به‌وه‌ی كه‌ ده‌ینووسێت ده‌یبینین مرۆڤێكی سانایه‌ له‌ ژیانی خێزانیدا و له‌به‌ركه‌وتنی به‌كاوه‌خۆیدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا و هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێز و كاریگه‌ره‌ی لێ دروستكرد و كردیه‌ خاوه‌نی ئه‌و دیده‌ی كه‌ به‌هاكانی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز كرده‌وه‌ و مێژووی ره‌شی ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكای له‌و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كرد كه‌ رووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌: www.alarab.co.uk

بابەتە پەیوەندیدارەکان