دەرگای ئامێدی كۆن

یەکێک لە شوێنەوارەکانی میرنشینی بادینان

10:09 - 2024-03-10
ڕاپۆرت
789 جار خوێندراوەتەوە
دەروازەی خۆرهەڵاتی شوێنەواری ئامێدیی کۆن

راپۆرتی / ئەیاز هەركی 


قەزای ئامێدی شارێكی كۆنە و بەشێكە لە شارستانیی میسۆپۆتامیا کە چەندین شوێنەواریی گرنگی هەیە و هەریەكەیان تایبەتمەندیی مێژوویی خۆی هەیە.
 یەكێك لە شوێنەوارە بەناوبانگەكانی بادینان، دەرگای سەرەكیی شاری ئامێدیی كۆنە. ئەو دەرگایە هاوشێوەی قەڵایەکە و لەسەر لووتكەی گردێكی بەردین دروستكراوە. هەروەها وەك هێلانەی باڵندە بەرز و سەختە و رووی لە دۆڵەكە كردووە.

مێژووی دروستکردنەکەی
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، مێژووی دروستكردنی دەرگای دەروازەی شاری ئامێدی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی  عیمادەدین زەنگی سەلجوقی لە ساڵی 1146ی زاینی. 
بە بڕوای مێژوونووسان، دروستكردنی دەرگاكە نوێ نەبووە، بەو پێیەی لەسەر بناغەی قەڵایەكی پێشووی كوردی دروستكراوە.‌
شاری ئامێدی كۆن لە دوو دەرگای سەرەكی پێكهاتووە، یەكەمیان بە دەروازەی زێبار ناسراوە و رووی لە خۆڕهەڵاتە و لە حەفتاكانی سەدەی رابڕدوودا لەناوچووە.
 دووەمیان دەروازەی موسڵە كە تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە و تایبەت بووە بە رێبواران و بازرگان و كاروانچییەكانی شاری موسڵ  كە پەیوەندیی بەهێزی بازرگانی لە نێوان ئەو دوو شارەدا هەبووە. هەروەها بڕبڕەی پشتی ئاڵوگۆڕی كاڵاو شمەك و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان بووە و كاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە چالاكیی بازرگانی ئەو سەردەمەدا .

گەڕیدە و بیانییەکان  سەردانیان کردووە
دەرگای ئامێدی كۆن، بە یەكێك لە شوێنەوارە دێرینە گرنگەكانی كوردستان و دەڤەری بادینان دادەنرێت، بە درێژایی مێژوو گەڕیدە و خەڵكێكی بیانی زۆر سەردانیان كردووە و لەسەر مێژووەكەی نووسیویانە و وێنەیان گرتووە. تائێستاش ئەو دەروازەیە بە شوێنەوارێکی كەلتوری و مێژوویی و هێمای میرنشینی بادینان دادەنرێت.

زانکۆی کۆڵۆمبیا و نۆژەنکردنەوەی
 ساڵانە سەدان گەشتیار و نوێنەری كونسوڵخانەكانی وڵاتان سەردانی دەكەن و گرنگییەكی زۆر بە پاراستنی دەدەن. هەروەها‌ گرنگیی تایبەتی بە مێژووی ناوچەكە بەگشتی دەدەن. 
لە ساڵی 2022 بە هاوكاری زانكۆی كۆڵۆمبیا كۆژمێك پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی دەرگای ئامێدی كۆن تەرخانكراوە. لە سەدەكانی رابردووشدا چەند جارێكی تر نۆژەنكراوەتەوە.

ویلیام ئەنسەرل  چۆن وەسفی دەکات؟
لەوبارەیەشەوە كۆڤان ئیحسان ئامێدی شوێنەوارناس دەڵێت: دروستكردنی دەرگای دەروازەەکە زۆر كۆنترە لە سەردەمی عیمادەدین زەنگی. بەڵکو لە ساڵی 1841دا ویلیام ئەنسەرل، زانا و جوگرافیناسی بەریتانی، سەردانی دەرگای ئەو دەروازەیەی ئامێدی كردووە كە بە دەرگای موسڵ و بادینان ناسراوه. 
ئەرنسەرل ئاماژەی بەوە كردووە، پەیكەری دەرگای ئامێدی هاوشێوەی پەیكەری (پەرسی پۆلیسن). هەروەها دەڵێت: ئامێدی وەك قەڵایەكی خۆڕسک زۆر سەختە و تەنها دوو دەرگا بەرەو شارەكە دەڕۆن و لە دەستپێكی شارشتانیی مرۆڤ تێیدا نیشتەجێبووە و شوێنێكی پارێزراو بووە لە هێرشی دوژمنان و داگیركەران.‌

پڕۆژەیەک پێشکەش  بە یۆنسکۆ کراوە
هەروەها کۆڤان ئیحسان دەڵێت: بەرنامەیەك هەیە لە ساڵی 2012 لەلایەن د.شرین یونس لەگەڵ چەند كەسێكی شارەزا لە بواری شوێنەواردا، پڕۆژەیەكیان پێشكەشی رێكخراوی یۆنسكۆ كردووە بۆئەوەی ئامێدی بە گشتی وەك شوێنەوارێکی تایبەت بخرێتە لیستی پاشماوەکانی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە لە یونسكۆدا، بەڵام ئەمە تەنها قۆناغی یەكەمە و هەنگاوێكی دیكە نەنراوە. 
روونیشیکردەوە کە زۆر گرنگە لە نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئامێدیدا رەچاوی شێوازە كۆنەكەی بكرێت، هەروەها پێویستە شوێنەوارەكان وەك ناوچەی گەشتیاری بە گەشتیاران بناسێنن، بە مەبەستی ئاشناكردنی زیاتری خەڵكی بیانی و ناوخۆییش بە مێژوو و رابردووی ئەم شارە دێڕینە و ببێتە سەرچاوەی داهات و بژێوی رۆژانەی هاووڵاتیانی ئەو دەڤەره.

57 شوێنەواری رەسمی  و 300ی ناڕەسمی
جێی ئاماژەیە، ئامێدی شارێكی كوردیی دێرینە كە لەسەر شاخێكی بەرز دروستكراوە لە شێوەی بازنەیی و قەڵایەکدا، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، هەروەها 57 شوێنەواری رەسمی و 300 شوێنەواری ناڕەسمی تێدایە، هەندێكیان نۆژەن كراونەتەوە. پاش رووخانی میرنشینە كوردییەکان، لە نێویاندا میرنشینی بادینان لە (پەیمانی ئەرزەڕۆمی دووەم)دا، لە ساڵی 1847 لەنێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەكاندا بە چاودێری و ئامادەبوونی بەریتانیا و روسیا. 

ئامێدی وەک پایتەختی  میرنشینی بادینان
لە ساڵی 1864 ئامێدی بۆتە قەزا و سەر بە و‌یلایەتی موسڵ بووە. هاوكات وەك پایتەختی میرنشینی بادینان رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە سەردەمە جیاوازەكاندا، بەتایبەتیش چەند سەدەیەك بارەگای میرانی میرنشینی بادینان بووە و لەساڵی 1376 ـ 1843ی ز،‌ میرنشینەكە فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان