سۆڵەیی لەو کەسانەیە کاتی بە زێڕ داناوە

09:56 - 2024-03-12
کەلتور
82 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد حسێن ئەحمەد

کتێبی (لەبناری بەخشییەوە دەستلەملانی ژیان بووم) بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی (مامۆستا شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریمی سۆڵە - یان شێخە سوورە)یە، کتێبێکی قەبارە مامناوەندە و  چاپخانەی حەمدی چاپ و بڵاویکردۆتەوە. کتێبەکە (939) لاپەڕەیە، (918)لاپەڕەی نووسینە و (114) لاپەڕەی بەڵگە و ئەلبوومە، دوو لاپەڕەی کۆتاییەکەشی ئاگاداری و سوپاسنامەیە، تاک و تەرا هەڵەی چاپی تێدا دەبینرێت، کە لەخوێندنەوەی بوومەوە، ئەم چەند دێڕەم لا گەڵاڵە بوو کە لە خوارەوە پێشکەشتانی دەکەم. 
چاکت کرد (شێخ محەمەد) بۆ نووسین و رازاندنەوەی ئەم خەرمانە بیرەوەرییە نایاب و چڕ و پڕانەت، ئەرکی سەرشان و بەشێک لە قەرزی نەتەوە ستەملێکراو و خوێنەران و  رووناکبیران و بەشداربووانی خەباتی شاخ و شارت بەهەموو بەشەکانییەوە دایەوە، رەنج و پەلەقاژێی چوون بە پیر هەڵمەت و چاکسازی و یەکڕیزی و خۆشەویستی تاکی کورد و خانەوادە و هاوڕێیان بە گشتی و کورد و کوردستانت بە تایبەتی بەرجەستە کردووە.
لەم بیرەوەرییانەدا کە نووسەر لەباسی خانەوادە و هاوسەرگیری و رێکخستن و دەوامکردن و پێشمەرگایەتی و ئەوینی گەرم و گرفت و چۆنێتی خوێندن و پێگەیشتن و ژیانی فەقێیایەتی خوێندکارێتی و ئەم شارە و شار و ئاوارەیی و بوون و نەبوونی....تاد، بەکاوەخۆ بە کوردییەکی رەسەن و پاراو دەگێڕێتەوە، بۆ ئاسانکاری زنجیرەی گوژمی بیرەوەرییەکانی هاتووە بەشبەشی کردوون، دەیان ناونیشانی بۆ داناون، لێرەدا هەموو سەرە قەڵەمێکیان سەرنجڕاکێشن.
حیسابی وردت بۆ مەرگەسات و بەزمەسات کردووە
هەرچەندە لەسەدا پەنجای بەرگی یەکەمی کتێبەکە تا رادەیەک شەخسین، تۆ وەک نەریت و گشتگیری پەنات بۆ ئەو سەربوردەیە بردووە، لە تێکڕای پەرەگرافەکاندا پێزانینت وەک واتای جوانی پێزانین و گلەییت وەک هەڵسەنگاندن و رەخنەی بابەتی پیشانداوە، حیسابی وردت بۆ مەرگەسات و بەزمەسات کردووە، بۆ نموونە چەندە ئاسودە بوویت بە شۆڕشی ئەیلول و بەدڵ و بەگیان هەڵسوڕاویت، لەو پێناوەدا لەساڵی (1974)بوویتە پێشمەرگە و پاشان کە رەنجی چواردە ساڵەی کورد بە باچوو، گوێ لەکەس نەگیرا، ئەنجام ئاشبەتاڵی بەدوادا هات، بەزمەسات گۆڕا بۆ مەرگەسات، خورپە و رادەستبوونەوە بە داگیرکەر و میللەت بە تەنیا باڵی مایەوە، بەرپرسانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون، لەو ئاقارەدا وەک گشت دڵسۆزان بۆ کڵۆڵی نەتەوەکەت هەناسەی ساردت هەڵکێشا، فرمێسکت رشت، نەفرەتت لە گومڕایی و بێباکی ئەوانە کرد تووشی ئەم رۆژە رەشەیان کردین، ئاشبەتاڵ ئەو برینەیە بە درێژایی مێژوو بە جەستەی لاوازی کوردەوە زریکە بەخشە و دەمیکردۆتەوە، کڕنووشێکی بێ پاساو بوو، ئای لەو کۆستە پەلهاوێژە بێ وێنەیە.
بەهەرحاڵ ئەگەرچی کارەساتەکان قووڵ و کاریگەربوون، تۆ دەستەوسان نەبوویت، بەشێکی پەژارە و تاسەی دەروونت بە نووسین و شێوازی رێنمایی دەربڕی، ویستی باڵای کۆمەڵگەت لەسەروو هەموو شتێکەوە دانا، ئەوەبوو بەسنگفراوانی و خۆڕاگرانەوە بەرگەی لێشاوی ئێش و تەنگانەت گرتووە، چاوت بڕیبووە ئاسۆی ئومێد، ئەو ئاسۆیەی دوای ساڵێک پرشنگی زێڕینی پەخشکردەوە، سەر لەنوێ شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە.
زۆرینەی بیرەوەرینووسان جێگەی بڕوان
لێتی ناشارمەوە وەک خۆم لەناخەوە چێژم لەخوێندنەوەی ئەمسەر تا ئەوسەری بیرەوەرییەکانت وەرگرتووە و پشوویەکی خۆشی دەروونیم پێیانەوە هەستپێکردووە، هەرچەندە ئەم بەرگە قەبەیەی لەبەردەستدایە بە پشتیوانی رۆژ ژمێرەکانی باخەڵت توانیوتە پەرەگرافەکان بەرێکوپێکی بهۆنیتەوە، رایەڵەکان بە شێنەیی بدەیتە دەم یەک، ئەمە تا بڵێی گرنگە، ئەگینا ئەو گشت رێکەوت و ناوهێنانە لە کەس و شوێن و ئەم شارە و شار و گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ و تێکەڵاوییە لەتوانای ئەم تەمەنەی ئەم چەند ساڵەی دواییتدا نییە، بۆیە پیرۆزبایی ئەم قایمکارییەت لێدەکەم، مرۆڤ لەو چەشنە نووسینانەدا کەم دەکەوێتە هەڵەوە، چونکە سەرچاوەکەی لەبەرچاوان و ئامادە و دیتەیە (شاهید)ە، لێرەدا وتەی نووسەرێکی لاوم دێتەوە بیر کە لەکۆڕێکدا وتی: (زۆرینەی بیرەوەرینووسی ئەم سەردەمەی کوردستان مەرجی سەرکەوتنیان تێدا نییە، چونکە خۆهەڵکێش و خۆ بە پاڵەوان و دروستکەری شتی سەیر سەیرن، واتا جێگەی بڕوا نین) من بە پێچەوانەوە دەڵێم: زۆرینەی بیرەوەرینووسانی کوردستان جێگەی بڕوان، چونکە ناسراون و خۆیان لەناو رووداوەکاندا ژیاون، ئەوەی تێکۆشەری راستەقینە بێت پێی شەرمە ستەم لە ویژدان و لە راستییەکان بکات، بە خەیاڵ خەبات و هەڵوێست بۆ خۆی دەستەبەر بکات، مادام قەڵەمی چاپووک هەیە رەخنەگری وردەکاریش هەیە.
رێگەی نەداوە
لەم رووەوە بەبۆچوون و ناسینی لەمێژینەی بەندە (شێخ محەمەدی سۆڵە) لە بازنەی مرۆڤە هەستیار و راستگۆکان دەژمێردرێت، هەمیشە دژی گەندەڵی و خۆسەپاندن و خۆدەرخەری  بێ بنەمایە، پارێزگاری لە پیرۆزیی بزاڤ و هەنگاوی چاکی سەردەمەکانی تەمەنی کردووە، نەیهێشتووە و رێگەی نەداوە تەنانەت خوانەخواستە درزێکی نامۆ لە نێوان خۆی و ئەو دروشمە تۆخەی لەوەوپێش بەرزیکردۆتەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت دروست ببێت، هەرگیز سەنگەری سەروەری گەلی بەجێنەهێشتووە، بۆیە راشکاوانە چی دیوە و چی بەسەر هاتووە بە شێوازە میللیە بە بڕشتەکەی وەک خۆی نووسیویەتییەوە، بە خۆشییەوە بەرگی دووەمی بیرەوەرییەکانی لە تەواوبووندایە بە چاپ دەگەیەندرێت، بەمەش کەلێنێکی دی لە دیرۆکی شۆڕشی کوردستان پڕ دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان