وتەبێژی كۆمسیۆن: لێكۆڵینەوە لە شایستەبوونی لیست و كاندیدەكان دەكرێت

10:20 - 2024-03-12
کوردستان
291 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەڕێگەی دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عیراقەوە، لێكۆڵینەوە لە شایستەبوونی ئەو لیست و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆیانە دەكات، كە ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان تۆماردەكەن. وتەبێژی كۆمسیۆنیش دەڵێت: «15 رۆژ بۆ لێكۆڵینەوە لە لیست و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان دیاریكراوە».
زیاتر لە 41 هەزار دەنگدەری نوێ
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەسەرەتای مانگی شوباتەوە كە تۆماری بایۆمەتری دەستیپێكردووە تا رۆژی 9/3/2024 كە رۆژێك پێش كۆتایی وادەی دیاریكراو بووە، 119 هەزار و 850 دەنگدەر ناویان لە تۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە، كە 41 هەزار و 427 دەنگدەریان بۆ یەكەم جارە ناویان تۆماردەكرێت و لەدایكبووی ساڵی 2006ن و بەشێوەیەكی گشتیش لە هەولێر 60 هەزار و 169 دەنگدەر و لە سلێمانی 34 هەزار و 454 دەنگدەر و لە دهۆك 25 هەزار و 227 دەنگدەر ناوی خۆیان تۆماركردووە».
دەرگای تۆماركردن بۆ لیست و كاندیدەكان دەكرێتەوە
وتەبێژی كۆمسیۆن، راشیگەیاندووە: «كۆمسیۆن بڕیاریداوە لە 13/3/2024 تا 22/3/2024 دەرگای تۆماركردن بۆ لیست و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە بەشداردەبن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا، بكاتەوە و پێویستیشە ئەو لیست و هاوپەیمانێتییانەی لە كۆمسیۆن خۆیان تۆماردەكەن بە نووسراوی رەسمی لەلایەن سەرۆكی حزب و هاوپەیمانێتییەكەوە داواكەمان ئاڕاستەبكەن».
لەماوەی 15 رۆژدا لێكۆڵینەوە دەكرێت
ئەو لیست و هاوپەیمانێتییانەی ناوی خۆیان تۆماردەكەن، لەلایەن دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆوە لێكۆڵینەوە لەشایستەبوونیان دەكرێت.
جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەشكردووە: «ئەو لیست و هاوپەیمانێتی و كاندیدانەی ناوی خۆیان تۆماردەكەن، لەدوای تەواوبوونی وادەی خۆتۆماركردن، پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا دەستەی دەستپاكی و هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عیراق لێكۆڵینەوە لەشایستەبوونیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا بكەن». وتیشی: «پێویستە هەر هاوپەیمانێتییەك بڕی 10 ملیۆن دینار و هەر لیستێك بڕی پێنج ملیۆن دینار و هەر كاندیدێكی سەربەخۆش بڕی ملیۆنێك دینار لە كۆمسیۆن دابنێن، كە ناگەڕێنرێتەوە بۆیان و دەبێتە بەشێك لە داهاتی حكومەت».
بڕی پارەکە ناگەڕێنرێتەوە
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ PUKMEDIA وتەبێژی كۆمسیۆن، دەڵێت: «بۆ لێكۆڵینەوە لەشایستەبوونی هەر كاندیدێكیش وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڕی 250 هەزار دینار و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕی 60 هەزار دینار وەردەگرێت و پێویستە لەڕێگەی یەكێك لە بانكە حكومییەكانی عیراقەوە بیخەنە سەر هەژماری كۆمسیۆن، كە بەهەمانشێوە ناگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەكانیان».
بەپێی زانیارییەكانی سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن و لەو ژمارەیەش تا بەرواری 9/3/2024 نزیكەی سێ ملیۆن دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان بۆ كراوە.

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان