له‌ 33یەمین ساڵڕۆژی‌ ره‌شبگیرییه‌كه‌ی كه‌ركوكدا

11:01 - 2024-03-12
ڕاپۆرت
531 جار خوێندراوەتەوە
#ئەیاد قادر رەحمان , نەوزاد قادر رەحمان

لوقمان ره‌شید عەلی 

مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد، بریتییه‌ له‌ مێژووی سته‌ملێكردن و داگیركردنی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیركه‌ر و سته‌مكاری نەتەوە سەردەستەکانی تره‌وه‌. جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژیی و ده‌ستگیركردن و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی، سیمای ئاشكرای رەفتاری ئەو ده‌سه‌ڵاتە داگیرکەرانە بووە.
له‌ دوای پەیماننامەی (سایكس - پیكۆ) وە کە كوردستانی گه‌وره‌ دابه‌شكرا، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و لایەنە زلهێزە به‌رژه‌وندیخوازەکانه‌وه‌، به‌ سنووری ده‌ستكرد كوردیان له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆی له‌ یه‌كتریی جیاكرده‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی داگیرکەر، به‌ هاووڵاتیانی کوردیان بە بێگانه‌ و هاووڵاتی پلە دوو هەژمار کرد و له‌ هه‌موو مافێك بێبه‌شیان كرد.
با نەوەکانی دوای راپەڕین ئاگاداربن
له‌ عیراق حکومەتە یەکلەدوایەکەکان به‌ درێژایی مێژوو، له‌ حوکمی پاشایه‌تییەوە بۆ حکومی به‌عسی یەکەم و دووەم و تائێستاشی لەگەڵدا بێت، لە زۆر ناوچەی باشووری كوردستاندا، کورد  هاوشێوه‌ی به‌شه‌كانی تری كوردستان رووبه‌ڕووی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و زمان و ناسنامه‌ی ره‌سه‌نی خۆیان دەبنەوە. 
له‌ 33-ەمین ساڵیادی ئەو ڕه‌شبگیرییه‌ی شاری كه‌ركوكدا، وه‌ك شایه‌تحاڵێك و له‌ هاوکات وەکو قوربانییه‌كیش، دەمەوێت چه‌ند راستییه‌كی مێژوویی ئه‌و رەشبگیرییە نامرۆڤانه‌یه‌ بخه‌مه‌ڕوو و باس لە به‌شێك لەو‌ ره‌فتارە فاشیستانه‌یەی یاساوڵەکانی رژێمی به‌عس بکەم و رەفتارەکانیان به‌ نه‌وه‌ی دوای راپەڕین و رووخانی رژێمەکە ئاشنا بكه‌م.
پاش ئه‌وه‌ی گه‌لی كوردی له‌ژێر داپڵۆسینی به‌عسدا په‌تی ئارامیی بچڕا، خۆیان پێ رانه‌گیرا و راپه‌ڕین ده‌ستیپێكرد و شاری كه‌ركوكیش یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ی تووشی زۆرترین ستەم و داپڵۆسین ببوو، ئەویش لە دژی رژێم راپه‌ڕی، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی پڕشنگی سپێده‌ی به‌یانی ده‌ربكه‌وێت، هاووڵاتیانی قاره‌مانی کوردی شاری كه‌ركوك گورز له‌ به‌عس بووه‌شێنن، به‌بڕیاری رژێمی به‌عس و به‌تایبه‌تی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید بڕیاری ره‌شبگیری بۆ گه‌نجانی کوردی شاره‌كه‌ ده‌ستپێكرد و جارێكی تر هه‌وڵێک خرایەگەڕ بۆ ئه‌نفالکردنی ژمارەیەک گەنجی کوردی ئەو شارە.
دەستپێکی شاڵاوی رەشبگیرییەکە
له‌م شاڵاو و ره‌شبگیرییه‌دا چه‌ند كه‌سێكی كه‌می توركمان و عه‌ره‌بیش به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتن و دەستگیرکران، جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وەش بدەم كه‌ ئه‌و به‌یانییه‌ رۆژێكی زۆر شووم بوو له‌مێژووی کەرکوکدا كه‌ به‌ دیاریكراوی رۆژی 10/3/1991 بوو، پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆری‌ گه‌نجی ئه‌و شاره‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له ‌نێوان (17 بۆ 50) ساڵ دەبوو، خرانه‌ نێو پاسی ریمی گەورەوە کە هه‌ر پاسێك 44 کەسی ده‌گرت، به‌ڵام بۆ هەر پاسێک نزیكه‌ی 90 کەسیان تێخنیبوو و دوای ده‌ستگیركردنیان  سه‌رجه‌میان به‌و پاسانه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ی (تۆپزاوه‌) کە بۆخۆم  یەکێک بووم لەو دەستگیرکراوانە. دیارە تۆبزاوە ئه‌و شوێنه‌ بوو کە چه‌ندین قاعه‌ی تێدا بوو و پێشتریش لە 1988 زۆرێک لە خێزانە ئەنفالکراوەکانیان هێنابووە ئێرە و لێرەوە جیاکرانەوە بەرەو مەرگ و گۆڕی بەکۆمەڵ و نوگرە سەلمان. 
ئەو هۆڵانە هه‌ر یەکەیان دوو ده‌رگای گه‌ورەیان تێدا بوو، له‌ به‌شی پێشه‌وه‌ و دواوه‌، له‌ كاتێكدا نزیكه‌ی (1000 بۆ 2000) هه‌زار كه‌س دەخزێنراینە‌ نێو یه‌ك هۆڵەوە به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ شوێنی دانیشتنمان نه‌بوو، جا چ جای شوێنی نووستن. هیچ خزمه‌تگوزارییەکی وه‌ك تەوالێتیان تێدا نه‌بوو، ته‌نها له‌ سوچێكی هۆڵه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان، (كاری خۆیان رایی دەکرد).
 سه‌باره‌ت به‌ خواردنیش، ته‌نها بریتیبوو له‌ یه‌ك ده‌نكه‌ خورما به‌بێ هیچ نان یان ئاوێك، واته‌ سێ ژه‌مه‌ ته‌نها ئه‌و ده‌نكه‌ خورمایه‌یان پێ ده‌داین.
ئاوی باراناو و شتی تریش
 سه‌باره‌ت به‌ ئاو،  له‌وانه‌یه‌ جێگه‌ی بڕوا نه‌بێـت، به‌ڵام ئێمه‌ سوودمان له‌ ئاوی باراناو وه‌رده‌گرت كه‌ ده‌هاته‌ ناو هۆڵه‌كانه‌وه‌، له‌ ژێر ده‌رگای هۆڵه‌كه‌وه‌ كه‌ نه‌مانده‌زانی جگه‌ له‌ باراناو ئاوی پیسی له‌گه‌ڵدا بوو یان نا.
 ئه‌م ره‌وشه‌ نەخوازراوە، بارێكی ده‌روونیی زۆر خراپ و قورسی دروستكردبوو لەسەرمان و ترس و  هه‌ڕه‌شه‌ و برسێتی و نادیاریی چاره‌نووسمان هێنده‌ی تر هه‌موانی تووشی توڕه‌بوون و دڵه‌ڕاوكێ كردبوو، هه‌ر به‌و هۆكاره‌ش له‌ هه‌موو هۆڵه‌كانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ ده‌ستگیركراوه‌كان زیاتر له‌ (10 هه‌زار) كه‌س ده‌بوون،  هاوار و بێزاری و ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رزببۆوە، هه‌ر ئه‌مه‌ش پاسه‌وان و به‌ڕێوه‌بەرانی قاعەکانی ناچار كرد دوای دوو رۆژ مانه‌وه‌مان له‌ (تۆپزاوه‌) بمانگوازنه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ی بێجی. له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ش نزیكه‌ی 12 رۆژ هێشتیانینەوە، بەڵام لەوێش ره‌وشی ژیانمان هیچ باشتر نه‌بوو له‌ شوێنی پێشوومان.
لە تۆبزاوەوە بۆ بێجی و رومادی
 ئێمه‌ به‌ته‌واوی له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ دابڕابووین و نه‌مانده‌زانی لە دەرەوەی خۆمان چی ده‌گوزه‌رێت، پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ سه‌خته‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی بێجییەوە گواستراینه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌یه‌كی دیکەی سەربە شاری رومادی، ئەو سه‌ربازگه‌یه‌ زۆر گه‌وره‌ و فراوان بوو، له‌ رابردوودا وه‌ك سه‌ربازگه‌ی دیله‌ ئێرانییه‌كان به‌كارهێنرابوو له‌ جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق – ئێراندا، له‌و سه‌ربازگه‌یه‌شدا بە هه‌مان شێوه‌ بە گوزه‌رانێکی زۆر خراپەوە نزیکەی 28 رۆژ ماینه‌وه‌، تا مانه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنمان درێژتر ده‌بۆوه‌، چاره‌نووسمان نادیارتر ده‌بوو، ترس و دڵه‌ڕاوكێمان زۆرتر بوو، به‌وه‌ی پرۆسه‌ی ره‌شەكوژیمان به‌رامبه‌ر بکرێت بەتایبەتی کە پڕۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال هێندە دوور نەبوو لەرووی کاتەوەو تەنها سێ ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوو.
له‌ كۆتا ڕۆژی مانگی نیساندا به‌ دیاریكراوی له ‌نێوان 23 بۆ 24ی 4ی 1991، به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپڕ بڕیاری ئازادكردنمانیان دەرکرد. بڕیارەکەش  بەوتەی ئه‌فسه‌رانی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆسه‌ی رەشبگیرییەکە، له‌لایه‌ن خودی سەدامەوە‌ دەرچووبوو.
لە پاسی ریمەوە بۆ لۆری و گەڵابە
له‌ ڕاستیدا هه‌واڵه‌كه‌ زۆر جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌مان نه‌بوو، چونکە ده‌ترساین به‌م هه‌واڵه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان بێت كه‌ ئاراممان بکەنەوە و دواتر له‌ناومان بەر‌ن، بەڵام هه‌ر پاش راگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگری جۆری (لۆری و گە‌ڵابه‌)یان هێنا و گواستراینه‌وه‌ و شێوازی گواستنه‌وه‌كه‌شمان كرا به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكمان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركوك و به‌دیاریكراوی له‌ ناوچه‌ی پردێ ئازادكراین، به‌شه‌كه‌ی تریان كه‌ من له‌م به‌شه‌دا بووم گواستراینه‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ و له‌وێ ئازاد كراین، به‌م شێوه‌یه‌ نزیكه‌ی 42 رۆژ لەناو ترسی مه‌رگدا ژیانمان به‌سه‌ربرد.
100 کەس گولـلەباران کران
جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌ رووداوێكی دڵته‌زێنی دیکە بده‌م، كه‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردنی ئێمه‌دا، روویدابوو، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی كوردی كه‌ركوك له‌كاتی ره‌شبگیرییه‌كه‌دا توانیبوویان ده‌رباز ببن و بچنه‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پاش تێكشكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و جەماوەری راپەڕیوی شارەکە و کشانەوەیان لە كه‌ركوكەوە به‌ره‌و ناوچه‌ ئازاده‌كانی تری كوردستان، ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له‌ حەرەس جمهوری به‌ تانك و زرێپۆشه‌وه‌ هاتبوونه‌وه‌ ناو كه‌ركوك و به‌ره‌و هه‌ندێك ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك له‌وانه‌ش ناوچه‌ی پردێ. 
دیاره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ له‌ ره‌شبگیرییه‌كه‌دا نه‌گیرابوون و دەربازببوون به‌ره‌و پردێ ، گاردی كۆماری ژماره‌یه‌كی زۆری له‌و گه‌نجانه‌ ده‌ستگیركردەوە كه‌ نزیكه‌ی 100 گه‌نج ده‌بوون، به‌ تاوانی هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو كه‌ركوكدا و سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌نجانه‌یان گولله‌باران كرد و به‌مه‌ش تاوانێكی تری نامرۆڤانه‌یان خسته‌ سەر تاوانه‌كانی رابردوویان.
ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ی لێره‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وێنه‌ی دوو برای شه‌هیدن كه‌ دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئیسكانی کەرکوک بوون، کە ئەگەرچی له‌ ره‌شبگیرییه‌كه‌دا ده‌ستگیرنه‌كران و خۆیان دەربازکردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و تاوانه‌ی هێزه‌كانی حەرەس جمهوری له‌ پردێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی دیکەدا گولله‌باران كران و گه‌یشتنه‌ كاروانی نه‌مران.


#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان