رەشنووسی پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت و خێزان تاوتوێكرا

09:32 - 2022-06-06
کوردستان
912 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت و خێزان ژمارە (8)ی ساڵی 2011 لە هەرێمی كوردستان،  بە سەرپەرشتی د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرانی چەند وەزارەتێكی پەیوەندیدار ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەسەر راپۆرتی كۆتایی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەت و خێزان.
هەریەك لە  د.ڕێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی، دەستخۆشییان لە لیژنەكە و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە و هەوڵدانی زیاتر بۆ دەوڵەمەندكردنی راپۆرتی پێشنیازەیاساكە.
پاشان سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت، پوختەیەكی سەبارەت بە كار و هەنگاوەكانی ئامادەكردنی رەشنووسی راپۆرتی یەكەمی پێشنیازەیاساكە پێشكەشكرد، كە لیژنە بڕیاریداوە لە یاسای نوێوە بكرێتە هەمواری یاسای ژمارە (8) ی ساڵی 2011 یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان )ی بەركار.
دواتر وەزیری ناوخۆ، پاڵپشتی و هەماهەنگیی حكومەت و وەزارەتی لەم پرسە دووپاتكردەوە، كە زیاتر لە حەوت مانگە لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەند بە هەماهەنگی كاری لەسەر دەكەن، بە هەمانشێوە ئەنجومەنی دادوەری و نوێنەرانی سەرۆكایەتیی هەرێم و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم پرسە گفتوگۆیەكی تێر و تەسەلیان لەسەر كرد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا كە هەموو ئەو پێشنیارە نوێیانەی باسیان لێوەكرا، لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت كۆبوونەوەی لەسەر بكات ‌و كۆتا راپۆرتیان بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی بەرزبكەنەوە.
لە كۆتاییشدا، سەرۆكی پەرلەمان سوپاسی گشت ئامادەبوانی كرد كە بەشداریی بابەتیانە و كارایان كرد لەپێناوی گەیشتن بە هەموارێك باشتر بێ لە یاسای بەركاری ژمارە 8ی ساڵی 2011، هاوكات چارەسەری زۆر لە كێشە و بەربەستەكانی ئەو یاسایە بكات لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتكردن بەو پرسە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان