مۆنۆمێنت

11:50 - 2024-03-12
دووتوێ
97 جار خوێندراوەتەوە

کەژال عەلی  
سویسرا 

لە ئاواز و 
عەشق و 
یاخیبوون؛ 
رەنگڕێژ 
شارەکەی دەروازە.

لە مێلاقەی خەون 
لە ئینجانەی ئومێد 
لە قاقای نامراد 
پڕاوپڕ؛ 
دەڤەری ئەستێران.

لە بازنگی شەهید 
لە نەعرەتەی پێکراو 
لە تەنیایی نەمر 
لێوڕێژ؛ 
گەنجینەی راپەڕین.
لە خەرەندی ئومێد 
لە بنچكی هیوا 
لە فەلسەفەی بەیبوون؛ 
سەرڕێژ 
دەربەندی نەوڕەسان.

لە پۆرترێتی ناز 
لە دڵشکاندنی نۆتە 
لە سروودی کەحێل 
سیخناخ؛ 
پایتەختی پەپوولان. 

لە تریقەی شانۆ 
لە مۆتیڤی زنار 
لە سەفەرنامەی ئاو تژی 
بیتوێنی بەردەباز.
* * *
سپێدەیەک...
خۆم و نیشتمانێك خەون 
خۆم و جگەرگۆشەی شیعرێک 
خۆم و جانتایەک غەریبی، 
بەر لە بوولێڵ 
لەمسەری یاخیبوونەوە 
دەگەمەوە پنتی یاخیبوونی ئەوسەر 
بۆ من دنیا 
دوو جەمسەری یەک نەشتەرن 
لە دڵی میهرەبانیدا.

دێمەوە و 
بۆ من 
شتێک لە جێی خۆی نەماوە! 
بۆ نموونە؛ 
قولە
کونەسێ 
گۆڕ مریەم  
لەسەر نەخشەی بەقا.
دێمەوە و
وەک ئەوەی شتێک 
لەو ناوە شکابێ 
بۆ نموونە؛ 
رایەڵی یاد ...
قولەقاپی منداڵیی گرینۆک 
تەختی تەوێڵی ئەمانەت 
دەستی راستی هاوڕێیەتی و 
شووشەی دڵی شەهید...

دیمەوە و
وەک ئەوەی دەستێک ئەبەنووسیی 
چووبێتە بەر؛ 
مەرگی لە ناکاوی هەنار 
ملوانکەیەک هۆنرابێتەوە 
لە ئاگر؛ بۆ ئاوریشم 
یان وەستانی دڵی لە ناکاوی قاقا 
لەسەر تەختەی رەقی شانۆ
بە وەکالەت.

وەک ئەوەی 
بووبێ بە دوو قاش پرتەقاڵ 
دڵی کانی، 
بووبن بە دوو بۆڵ ترێی رەش 
چاوەکانی، 
بۆ خوانێکی لەخۆبایی؛ 
سەر حازری... 

دێمەوە و 
بە کانی مەلا سلێمان دەڵێم: 
تۆ بەرزتری؛ 
لە تاڤگەی سالتۆئانژێل*1 
بەخوڕتری؛ 
لە راینفال*2.
بە گوێی كوێرەكانیدا 
دەچرپێنم:
خۆمانین... 
تۆ تفتتری لە ڤاین 
لە لێوی خۆشەویستەکەم.

دێمەوە و 
دەچمە بەر تاڤگەی 
ناڕەزاییەکی شەهید؛
نەکەوێ
چرکەساتی پێکران.

لە بن باڵی نایەکی بریندارەوە 
رێدەکەم، 
دەیپەڕێنمەوە 
ئەوبەر وەڵامێکی دەسڕێژ. 

دێمەوە و 
دەستی کاروانێک هاوکاری؛ 
هەناسەسارد دەگرم 
تا نێو دڵی کوردبوون؛ 
رێک ئەوبەر سنووری کۆڵبەر.
ریزێک تەنکەری تەبایی بەرێ دەکەم 
بۆ ئەودیو دێگەڵەی ئاشتی.

ئیدی 
شەو دەخەمەوە سەر رۆژ و 
خەفارەت دەگرم؛ 
لە (تەواری) رانیە 
نەوەک برینێکی برام، 
یان جەڵتەیەکی ئازیز و خۆشەویستم*3 بێ و
لەوێ نەبم.

دێم و 
ئەو دڵانە دەدەمەوە 
بۆ ئەبەد لە نیشتمان شکان.
بۆ هەتایە
 بوون بە ماڵی 
ئیجە و ماسی و نەھەنگ.

دێمەوە و 
دەربەند دەخەمە 
خولی فێربوونی مەلەوانییەوە؛ 
قەزاوبەڵادوور نەخنکێ، 
نۆ شەو و نۆ رۆژان 
لە شوێن شەپۆلێکی خنکاوی 
نەگەڕێین.

دێمەوە و دەشزانم 
لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنم، 
پێدەشتێک دڵشکان 
دەڕژێتە ھەناسەم، 
دەروازەیەک پێکران 
دەوەرێتە بەرپێم. 
بەڵام من لەمدیو 
سیناریۆی برایەتی دەمامکەکانەوە 
بەدەر لە وەرینی ریتوالیی*4 رەنگ 
تامەزرۆی رەنگێکی تری ریتوالیم، 
بێدەنگی بئاخفێ و 
دڵتەنگی بخاتەوە
سەر زمانی زیندووی وەفا...
.....................................

1* سالتۆئانژێل، بەرزترین تاڤگەیە لە ڤەنزوێلا، بەرزییەکەی دەگاتە 979 مەتر.
2* راینفال، تاڤگەیەکی گەشتیاریی ناوازەی ئاوە لە سویسرا، پانتاییەکەی 150 مەترە.
*3 ئەو داخە هەرگیز لەدڵم دەرناچێ، کە سەرداری برام بەبرینداری و باوکم و دایکم بە جەڵتەلێدراوی، لە نەخۆشخانەی رانیە گیانیان سپارد و فریای هیچ کامیان نەکەوتم پێیانڕابگەم، لە کاتێکدا خۆم تەکنیکاری پزیشکی بووم و لەوکاتەدا ئێشکگری تری لێبوو.
4* ریتوال: بۆنە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان