ئاوات حەسەن ئەمین
( 1 )
ئاسوودەیی پەپوولەیەکی تەمەن کورتە
لەیەک وەرزا .هەموو جوانییەکانی خۆی نمایش دەکات .
خەمو خەفەت، دەمووچاوێکی ڕمووزنە
بیست وچوار سەعات، خۆیمان نیشان دەدات .!
( 2 )
بەیانی هات ..
خۆر چاوی پشکووت
بەسەر باخ و بێستانەکاندا
ڕووناکی پەخشکرد .
لەوساتە هەستیارەدا
خۆشەویستەکەم لەخەو هەڵسا
دیدەکانی هەڵگڵۆفت و
دواباوێشکی ڕابوونی دا .
ئەوسا ئیتر ..
منیش کەوتمە سەر ڕاستە شەقامەکە و
بۆ ڕۆژێکی پڕ لەفرمان
شەپۆلم دا .
( 3 )
لەوانەیە ..
ستایش کردنێک
جێگای تیکەنانێکت بۆ نەگرێ ،
وەلێ خۆنچەی هیوایەکت
تیادا دەپشکوێنێ ......
( 4 )
کاتێ باران دەبارێ
ڕۆحی ماندوو و شەکەتمان
دەشواتەوە بەجارێ .
پشوو دەدات بە ئەندێشە و خەیاڵمان
ئەی ژیێنێتەوە باخ و گوڵ و ماڵمان .
( 5 )
پێناسەکە ئاوەهایە :
دواجار .. گرێ کوێرەیەک هەیە
دەبێ بیکەینەوە
تا لە مانای ژیان
بگەین ..!
( 6 )
ڕێگا درێژەکانی چاوەڕوانی
تەمەنی بەدەست هێنانی
هیواکان کەم دەکاتەوە .
( 7 )
سەیرە کاتێ گەڵاکان دەوەرن ،
کۆڵانەکان پڕدەکەن لە یادگاری درەختەکان ..
سەربازەکان ، لەشەڕە دۆڕاوەکانیان دەگەڕێنەوە ..
بەپۆستاڵە قوڕاوییەکانیان
پێدەنێن بەو گەڵایانەدا
خۆیان لەوە گێل دەکەن
ئەوان .. یادگاریی عاشقەکانن .
( 8 )
ھەموومان پیردەبین ..
ھەموومان سوتووی ڕۆژگار
لەتەمەنمان دەوەرێ .
ھەموومان بارانی خەفەت
تەڕمان دەکات .
وەلێ بەدڵنییایەوە
دەبێ ھەموومان بەھیواوە
ئامێز بۆ ئایندە بکەینەوە .
تانەوەکانمان
کاروانەکە بگەیەننە مەنزڵ ..
ئەوە ڕاستی ژیانە
ھەروابووە و ھەر وادەبێ .......
( 9 )
چاوەڕوانی چرۆ ناکا
گەر بەفرمێسک ئاونەدرێ
شیعری منیش گەشەناکا
گەر بەماچ پرژێن نەکرێ
( 10 )
وانەزانی.. تەنیا قەفەس ماڵی باڵندەیە ،
لەدەرەوەی ئەو قەفەسە.. فڕین ھەیە..!
( 11 )
کەس ناناسم..
چەند سەمەرەیە ؛
منێک وێردی گشت کۆڵانەکانی
شارم کردبێ .
سەروو خوار و
ڕاست و چەپی
دڵی گەڕەکەکانی زێدی خۆم کردبێ ؛
سەمەرە نییە کەوا ئێستا کەس ناناسم
مەگەر بۆ دیوارە کۆنەکانی ..
بکەم باس و خواسم ..!
( 12 )
بەوردیی..
تێدەفکرم لەهەڵوێستیی
دوورە دەستی تەووری زەمان ،
بەورەوە ..
دەچمە بەردەم
دادگای ویژدان ،
بەهیواوە دەڕوانمە
ئاسۆی ژیان ،
ئەوە منم مێژوو دەنووسمەوە ،
تۆش ئەی دەعبا ؛ بۆ زبڵدان ..!
* بەشێکە لە قەسیدەیەکی درێژ.