راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە جۆرە جیاوازەکانییەوە رۆژانە شۆفێرانی تاکسی و تایبەت دەهێنێتە سەر جادە و ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای کەمکردنەوەی نرخەکەی دەکەن، بەڵام تائێستا هیچ رێگەچارەیەک نییە و شۆفێرانی هێڵە گشتییەکانی پاسیش نرخی گواستنەوەی هاووڵاتیانیان لە 500 دینارەوە کردە 750 دینار، لایەنی بەرپرسیش لە دۆخەکەیان تێدەگات و لێپرسینەوەی نەکردووە.
جۆرەکەشی خراپە
عەلی شۆفێری تاکسییە و دەڵێت، ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر شۆفێرییە ئەو بەنزینەی دەیکڕین نەک مایەکەیمان بۆ بەدەست ناهێنێتەوە هەندێک رۆژ زەرەریش دەکەین وامان لێهاتووە لە ماڵەوە دابینشین و ئیش نەکەین.
وتیشی، بەنزین جگە لەوەی نرخەکەی گرانە جۆرەکەشی خراپە و زوو زوو دەبێت ئۆتۆمبێلەکانمان بەرینە لای فیتەر.
ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان 1100 دینارە بەنزینی موحەسەن 1225 دینار و لیترێک بەنزینی سوپەر بە 1300 دینارە و نرخەکان بەردەوام بەرە و بەرزبوونەوە دەڕوات.
لە هەرێمی کوردستان حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هیچ شێوەیەک هاوکاری کەرتی سووتەمەنی ناکەن و ئەوەی هەیە بازاڕی ئازادە و بازرگانەکان لە وڵاتانەوە بەنزین دەهێنن و بەو نرخە دەیفرۆشنەوە کە خۆیان دەیانەوێت و بۆیان گونجاوە.
زیادبوونی کرێی پاس رەسمی نییە
کاروان ئەحمەد شۆفێری پاس وتی، تەنها بەنزین نییە لە بازاڕدا نرخی هەموو شتێک گرانبووە و 500 دینار بۆ شۆفێرانی پاس دەری ناهێنێت و ئەو پارەیەی پەیدای دەکەین بەشی بژێوی ژیانمان ناکات بۆیە نرخمان بەرزکردووەتەوە.
سەفین فەتاح شۆفێرێکی تری پاسە وتی، پێمان ناخۆشە کە نرخمان بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئێمەش ناچارین و داوا لە حکومەت دەکەین بە نرخێکی کەم بەنزینمان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانین کرێی گواستنەوەی هاووڵاتیان بکەینەوە 500 دینار.
رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وتی، ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی کرێی پاسن، بەڵام لە دۆخی شۆفێران تێدەگەن و تائێستا هیچ لێپرسینەوەیەکیان نەکردووە.
هاوکات جەلال ئەبوبەکر سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە رایگەیاند، زیادبوونی کرێی پاس لە سلێمانی رەسمی نییەو چەند هێڵێک نرخیان بەرزکردووەتەوە کە رێگەیان دوورە ئەویش بەهۆی گرانی نرخی بەنزینە.
بەشە بەنزینی سلێمانی نانێرێت
پێشتر حكومەتی عیراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێکەوتبوو رۆژانە نزیكەی 33 ملیۆن لیتر بەنزینی دەنارد بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەر لیترێک بە 690 دینار بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرا کە هاوکارێکی باش بوو بۆ کەمبوونەوەی نرخی بەنزین.
لەو بڕە بەنزینەی بۆ هەرێم دەنێردرا رۆژانە ملیۆنێك و 80 هەزار لیتریان بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بوو، بەڵام ماوەی مانگێکە بەهۆی ئەو هێرشە موشەکییەی کرایە سەر کۆمپانیای کار کە کاری پاڵاوتنی نەوتی خاوی دەکرد و بەنزینی دەنارد بۆ پارێزگاکانی موسڵ و تکریت و هەرێمی کوردستان، بەشە بەنزینی سلێمانی نانێرێت لە کاتێکدا دابەشکردنی هەمان بەنزین لە پارێزگای هەولێر بەردەوامە.
بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: دابەشکردنی ئەو بەنزینە 690 دینارییە پاڵپشتێكی باش بوو بۆ رێگرییكردن لە گرانبوونی نرخی بەنزین، بەڵام مانگێکە راوەستاوە و ئەوەشی لە توركیا و ئێرانەوە دێت بە گران دەگاتە دەستی بازرگانەكان و پاشان ئەوانیش بە گران دەیدەنە بەنزینخانەكان.
هاوکات رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عیراق لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەشە بەنزینەی پێشتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەنێردران بەردەوام بێت و ببێتە هۆی نزمبوونەوەی نرخی بەنزین.
وتیشی، بە هیواین بە زووترین کات ئەو دۆخە چارسەر ببێت و نرخی بەنزین دابەزێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ساڵی 2016 ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە هەموو پارێزگایەك پاڵاوگەیەكی بەنزین دابمەزرێنێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە، بۆ ئەوەی نرخی بەنزینی خۆماڵی بە نرخی هاوردەكراو بفرۆشن.
لە دوو مانگی رابردوو نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی بە سێ قۆناغ لەلایەن ئیدارەی خۆجێی سلێمانییەوە هەرزانكرا و نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 100 دیناری لێ كەمكرایەوە، بەڵام ئێستا نرخەكە گەیشتووەتە هەمان نرخی پێشوو و ئەوەش نیگەرانی خەڵك و شۆفێرانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ئەگەرچی چەند پاڵاوگەیەكی بەنزینیش لە هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام بەرهەمەكانیان دەنێردرێت بۆ پارێزگاكانی عیراق و نادرێتە هەرێمی كوردستان، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، بەنزین لە توركیا و ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، كە ئەوەش بەگوێرەی ئامارەكان، دوو لەسەر سێی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە.