ئا: عەبدوڵڵا سدیق
ماوەی چەندین ساڵە حکومەتی عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی، کە گەورەترین رێکخراوی بازرگانیی جیهانە و کاروباری بازرگانیی لە نێوان وڵاتاندا رێکدەخات. حکومەتی نوێی عیراقیش هەوڵەکانی بۆ بوون بە ئەندام لەم رێکخراوەدا چڕتر کردۆتەوە. لەمبارەیەوە ستار ئەلجابری بریکاری وەزیری بازرگانی بە میدیاکانی راگەیاند: ئەندامبوونی عیراق لەم رێکخراوەدا نزیک بۆتەوە. هاوکات جەختیشی لەوەکردەوە کە حکومەتی عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئابووری عیراق تێکەڵی ئابووری جیهان بکات، ئەمەش لە رێگەی ئەندام بوون لەم رێکخراوەدا. هەروەها حکومەتی عیراق هەوڵ دەدات کە زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستێت و هاوردەکردن کەم بکاتەوە.
ئەلجابری بە ئاژانسی عیراق « واع»ی راگەیاند: عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەو پرسەش بەم زووانە دێتە دی. وتیشی: کارنامەی حکومەتی عیراقی ئەوەیە کە ئابووریی عیراق تێکەڵی ئابووریی جیهان بکات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک رێککەوتنامەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان ئیمزا کردووە. هەرچەندە هەتاوەکو ئێستاش تەنها سعودیە بە رەسمی پشتگیری عیراقی کردووە بۆئەوەی ببێتە ئەندامی رێخکراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئەمەش لەپاش باشبوونی پەیوەندی سیاسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لەلایەکی ترەوە ئەلجابری باسی لە مەسەلەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی کرد و رایگەیاند: هیچ باڵانسێک لە نێوان هاوردەکردن و هەناردەکردندا نییە، چونکە ئێمە کاڵایەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکەین، ئەمەش وادەکات کە دۆلارێکی زۆر بچێتە دەرەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئابووری عیراقدا نییە. وتیشی: حکومەتی عیراقی کار دەکات بۆئەوەی زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستێت و بگەینە ئاستی خۆبژێوی.
جێگەی ئاماژەیە رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی یەکێکە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە گرنگەکانی جیهان، کاروباری بازرگانی نێوان وڵاتانی جیهان رێکدەخات، ساڵی 1995 دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری ژنێفی سویسرایە. گەورەترین رێکخراوی بازرگانیی جیهانییە و 164 دەوڵەت تێیدا ئەندامن، ئەم وڵاتانەش 98 % ی بازرگانیی جیهانی و بەرهەمی نەتەوەیی جیهان پێکدەهێنن.
سەرچاوە:
رۆژنامەی الصباح