کورتەچـیرۆک

سه‌ره‌نوێلكی شار

10:03 - 2024-03-14
ئەدەب و هونەر
406 جار خوێندراوەتەوە

كاوه‌ حاجی عه‌زیز

دوانیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رم، جه‌نجاڵی و ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵكی ته‌رمیناڵه‌كه‌ی ناخۆش كردبوو، ده‌گه‌ڕام بۆ سێبه‌رێك، به‌ڵام بێهووده‌ بوو، هه‌ر پاسه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری هه‌ڵگرتبوو، هه‌رچه‌ندم ده‌كرد له‌به‌ر ئه‌و جه‌نجاڵییه‌ شوێنی مه‌به‌ستم بیرچووبۆوه‌ تا پاسێكم به‌دیكرد. چه‌ند سه‌رنشینێكی تێدا بوو هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م پاسه‌ منی نه‌گه‌یانده‌ شوێنی مه‌به‌ست، به‌ڵام نزیكی كردمه‌وه‌. یه‌كڕاست سه‌ركه‌وتم. دردۆنگ بووم ئایا هیلاك نابم. رێم لێ تێك ناچێ، ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌چم هیچ په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌ كاته‌وه‌، بۆیه‌ بێ دوودڵی دانیشتم. له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ پیاوێكی شیكی سمێڵ پڕی گه‌نمڕه‌نگ. ده‌م به‌خه‌نده‌ به‌خێرهاتنی كردم. پاسه‌ كه‌وته‌ رێ.
- ئه‌مڕۆ زۆر گه‌رم بوو،
ویستم وه‌ڵامی نه‌ده‌مه‌وه‌، به‌ڵام خۆم پێ نه‌گیرا،
- وه‌ڵایی هاوین هه‌زار قات له‌ سه‌رمای زستان خۆشتره‌.
- یانی تۆ به‌ گه‌رما بێزار نابی؟
- گه‌رما و سه‌رما په‌یوه‌ندی به‌ گیرفانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دڵت خۆش ده‌بێ و گیرفانت پڕده‌بێ ئه‌وا نه‌ سه‌ما و نه‌ گه‌رما كاریگه‌ری نابێ.
پاسه‌كه‌ ده‌ڕۆیشت. بێده‌نگی ناو پاسه‌كه‌ سه‌رنجی راكێشابوو، هه‌ر ده‌نگی من و ئه‌و پیاوه‌ ده‌بیسترا (به‌ڕاستی پیاوێكی یه‌كجار سوێره‌قسه‌ بوو) حه‌زی ده‌كرد قسه‌ بكات.
- ئه‌و كتێبه‌ چییه‌ به‌ ده‌ستته‌وه‌؟
- رۆمانه‌.
- دیاره‌ ده‌خوێنیته‌وه‌.
- وه‌ڵایی جار جارێ حه‌زم لێیه‌تی.
- ئه‌گه‌ر كتێبه‌كانی منت بخوێندایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا زۆر شت فێرده‌بووی.
- بۆ جه‌نابت نووسه‌ریت؟
- ئه‌ی چۆن دیاره‌ من ناناسیت. له‌ زۆر بواردا ده‌نووسم تێزی فیكرم زۆر فراوانه‌ و بۆچوونم له‌ زۆر رووداوی سیاسی. ئه‌ده‌بی. فیكری. ئاینی. بگره‌ وه‌رزشی و ئابووریش به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ.
به‌ گاڵته‌وه‌ پێم وت ئه‌ی په‌روه‌رده‌؟
- به‌ من چاره‌سه‌ر نابێ. ویستی زیاتر قسه‌ بكات، به‌ڵام من رووم وه‌رگێڕا و سه‌یرێكی ناو پاسه‌كه‌م كرد هه‌ستم به‌ خامۆشی و كپی ده‌كرد. به‌ روخساری سه‌رنشینه‌كانه‌وه‌ قه‌ڵسی و تووڕه‌یی ده‌بینرا. ئایا گه‌رماكه‌ بوو یاخود ده‌نگه‌ ده‌نگی ئێمه‌.
- وه‌ره‌ پێت بڵێم من ده‌ستێكی باڵام له‌ رۆژنامه‌نووسیدا هه‌یه‌.
چه‌ندین رۆژنامه‌ و گۆڤارم ده‌ركردووه‌، سه‌رنووسه‌ر بووم. لێپرسراو بووم. جا چی نه‌بووم. ئێستاش سایتێكی خۆمم هه‌یه‌.
- باشه‌ شه‌هاده‌ت هه‌یه‌؟
- شه‌هاده‌ چییه‌؟ چه‌ندین تێزی دكتۆرا و ماسته‌ر سه‌رچاوه‌كانیان منم باشه‌ ئه‌وانه‌ دكتۆرا و ماسته‌ر له‌ نووسینه‌كانی مندا ده‌هێنن ئیتر من شه‌هاده‌م بۆ چییه‌؟
وه‌ك له‌و ئاسمانه‌وه‌ فڕێیان دابێتمه‌ خواره‌وه‌. خوایه‌ تووشی چی بووم؟ شه‌ڵڵا له‌ گه‌راجه‌كه‌ بمامایه‌ته‌وه‌ و گه‌رما وڕی بكردمایه‌ زۆر خۆشتربوو له‌م قسه‌ زلانه‌. نه‌مده‌زانی چی بڵێم، گینگڵم ده‌دا خوایه‌ قوتارم بكه‌ی، كه‌ڕ بووم كه‌ڕ. ده‌مبینی نه‌فه‌ره‌كان لووتیان ده‌گرت ورده‌ ورده‌ جگه‌له‌ من و شۆفێره‌كه‌ و ئه‌و كه‌سی تری تێدا نه‌ما. له‌ ئاوێنه‌ی ناو پاسه‌كه‌وه‌ شۆفێره‌كه‌ ئیشاره‌تی بۆ كردم وه‌ك بڵێی بۆن ناكه‌ی؟
ئه‌رێ بێتاقه‌ت نه‌بووی. ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌
- كاكه‌ تۆ له‌ كوێ داده‌به‌زیت؟!
ئه‌و هه‌ر قسه‌ی ده‌كرد مارادۆنا و مادۆنای لێتێكچوو بوو ده‌یوت دوو گۆڵی یانی ئه‌و دوانه‌. من زۆر بێ شانسم ئه‌گه‌ر كتێبه‌كانی من ته‌رجه‌مه‌ بكرێن ئه‌وا ئه‌وسا ده‌زانن هیچم له‌ نیتشه‌ و سارته‌ر و ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتۆن كه‌متر نییه‌، مه‌پرسه‌ رام چییه‌  ده‌رباره‌ی ئایین و ئاینزاكان. بۆیه‌ له‌هه‌ر شوێنێكدا ده‌ڕۆم خه‌ڵكی ره‌سمم له‌گه‌ڵدا ده‌گرن.
حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ما و دامه‌ گێڕی قۆشمه‌یی وتم: 
- مه‌به‌ستت له‌ دكتۆرا كاری پزیشكییه‌؟
- جا ئه‌وه‌ كه‌ی ئیشه‌ بابه‌ ئه‌وه‌ گیرفان پڕكردنه‌. كاره‌كانی من په‌یوه‌سته‌ به‌ مێشكه‌وه‌. من بۆ ئه‌ندێشه‌ و هزری مرۆڤایه‌تی كارده‌كه‌م. نه‌ك گیرفان 
هه‌ستم به‌ بۆنێكی ناخۆش ده‌كرد شۆفێره‌كه‌پێی وتین زۆرمان نه‌ماوه‌ بگه‌ین كه‌ستان دانابه‌زن؟
ویستم بڵێم با من داده‌به‌زم ئه‌و شانی توند گرتم وتی:
- بیرت نه‌چێ من چه‌ندین ساڵ پێشمه‌رگه‌ بووم و ئه‌و ئازادی و دیموكراسییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌ری ره‌نجی ماندووبوونی من و هاوڕێكانمه‌. له‌ په‌له‌قاژه‌ی ئه‌وه‌دا بووم خۆم فڕێ بده‌م سه‌یری ناو پاسه‌كه‌م كرد كه‌سی تێدا نه‌مابوو. خوایه‌ ئه‌مه‌ چییه‌ تووشی چی بووم؟ جارێكی تر كه‌وته‌ قسه‌: 
- بیرت نه‌چێ ئێمه‌ نه‌بووینایه‌ ئێستا ئێوه‌ وا ئازاد نه‌ئه‌بوون.
- ئازاد و نه‌وزادی چی. ته‌ڕه‌ماشی چی بۆن كوێری كردم زۆری نه‌مابوو بڕشێمه‌وه‌.
شۆفێره‌كه‌ هه‌ستی به‌ نائارامی من كرد بۆیه‌ ئیستۆپێكی كرد و دابه‌زیم به‌ هه‌ڵه‌داوان خۆم گه‌یانده‌ دوكانێكی بچكۆلانه‌ تا كه‌مێك بحه‌سێمه‌وه‌. ده‌مم نا به‌ ده‌به‌یه‌ك ئاوه‌وه‌  و چاوم هه‌ر پاسه‌كه‌ی ده‌بینی وه‌ك بڵێی شتێكم ون كردبێ و به‌ دوایدا بگه‌ڕێم. بینیم خه‌ڵكێكی زۆر وه‌كو من سه‌یری ئه‌و پاسه‌ ده‌كه‌ن و لووتیان توند گرتووه‌ له‌ منیان پرسی ئه‌وه‌ خۆڵه‌ عه‌مه‌له‌یه‌ یان پاسه‌؟
- چۆن له‌ بۆگه‌ناودا نه‌خنكاوی؟
عه‌جه‌ب ماوی.
بۆخاتری خوا ئه‌مه‌ چ بۆگه‌ناوێكه‌ ئا له‌م قسانه‌دا بوو بینیم شۆفێره‌كه‌ به‌خێرایی دابه‌زی و به‌ڕاكردن. ده‌یویست خۆی قوتار بكات و چشی له‌ پاسه‌كه‌ی خۆی كرد. سه‌لامه‌ت بێ و به‌سه‌، سه‌یر له‌وه‌دا بوو ئه‌و پیاوه‌ گه‌نیوه‌ كه‌س نه‌یزانی دابه‌زیبوو یا هه‌ر له‌ پاسه‌كه‌دا مابۆوه‌وه‌. دوای هێور بوونه‌ حه‌شاماته‌كه‌ بڕیاریان دا ئه‌و پاسه‌ بكه‌نه‌ سه‌ر نوێلكی شار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان