دوای 12 ساڵ لە چۆڵکردنیان هێشتا گەڕەكە دێرینەکانی هەولێر نۆژەن نەکراونەتەوە

10:23 - 2024-03-14
ڕاپۆرت
239 جار خوێندراوەتەوە
سیمای کەلەپووریی شوێنەوارە دێرینەکانی گەڕەکی عارەبان کە لە رابردوودا قشڵە بووە

 راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

جگە لە قەڵای هەولێر، ئەو شارە سێ گەڕەكی دێرین و مێژوویی (خانەقا و تەعجیل و عەرەب) ی هەیە و هەر یەكەیان دەیان خانووی كۆنیان تێدایە كە تەمەنی هەندێكیان نزیكەی 100 ساڵە.

چارەنووسی پڕۆژەی (بەفەر زۆن)
 بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە و پاراستنی قەڵا و ئەو سێ گەڕەكە، لە ساڵی 2008 دا وەزارەتی شارەوانی هەرێم و پارێزگای هەولێر گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی راوێژکاریی لوبنانیدا ئیمزاكرد كە رێكخراوی یونسكۆ سەرپەرشتیی گرێبەستەكەی كردووە، بەو پێیەش دەبوو قەڵاكە و ئەو سێ گەڕەکە كۆنە بە شێوازی كۆنی خۆیان نۆژەن بكرێنەوە، بۆئەوەی پارێزگاریی لە تەرزە كۆن و دێرینەكەی بكرێت و لە روخان بپارێزرێت، پڕۆژەكەش ناونرا (بەفەر زۆن) واتا شوێنی پارێزراو.
لەو رووەوە كەنعان موفتی بەڕێوەبەری پێشووتری شوێنەواری هەولێر كە شارەزای شوێنەوارە دێرینەكانی هەولێرە رایگەیاند: بڕیاری جێبەجێكردنی (بەفەر زۆن) دوو ئامانجی هەبوو، یەكێكیان بۆ ئەوەبوو كە ئەو گەڕەكانەی لە دەوروبەری قەڵان، پێکەوە ببنە یەك كەلتور و لەگەڵ یەكتریدا جیاواز نەبن، ئامانجی دووەمیش بۆ پاراستنی قەڵا و گەڕەكەكان بوو، بەڵام گەڕەكەکانی (تەعجیل و عەرەب و خانەقا) بەهۆی ئەوەی هێشتا دەست نەکراوە بە نۆژەنكردنەوەیان، رێكخراوی (یونسكۆ) نایەت هاوكاریی دارایی و زانستی و ئەندازەیی پڕۆژەكە بكات كە دەبێت 20% ی كارەكان خۆمان بیکەین ئەوکاتە ئەوان هاوكاریمان دەكەن.
وتیشی: «خانووەکانی ئەو سێ گەڕەكە كۆنن و بەهۆی كاریگەریی كەشوهەوا و چاكنەكردنەوەیانەوە، رۆژانە دیوار و سەقفەکانیان بەرەو داخوران دەچێت و كەسیش هەوڵی چاكردنەوەیان نادات.
وتیشی: ئێستا تەنیا دەرگای گەڕەكەكان داخراون و هیچ كارێكی نۆژەنكردنەوەیان بۆ نەکراوە، ئەوەش دەبێتە هۆی روخانی خانووەكان، چونكە ئەگەر خەڵكی تێدابوایە، خۆیان خانووەكانیان نۆژەن دەكردەوە، بۆیە ئومێدەوارم حكومەت لانیکەم دەست بکات بە چاكردنەوەیان.

وەک سەرەتا قەڵا چۆڵکرا
سەبارەت بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكەش موفتی رایگەیاند: سەرەتای گرێبەستەکە بە چۆڵردنی قەڵای هەولێر لە دانیشتوانەكەی دەستیپێكرد و دەستمانکرد بە نۆژەنكردنەوەی قەڵا، دواتر گەڕەكی عەرەب چۆڵكرا کە ئەویش تەمەنی 150 ساڵ بوو، ئەوكات حەوت بنەماڵەی عەرەب لە حەویجەوە هاتنە هەولێر و لێی نیشتەجێبوون، بۆیە وا ناونرا، كە كریستیان و جوو و موسڵمانی تێدا ژیاوە. 
ئێستا ئەو گەڕەكە بەشێكی چۆڵكراوە، چونكە دوو بەشی هەیە ئەویش گەڕەكی عەرەبی كۆن و نوێیە. 
سەبارەت بە گەڕەكی تەعجیلیش كەنعان موفتی دەڵێت: گەڕەكەكە بەناوی پیاوچاكێك ناونراوە كە ناوی ئیمام تەعجیل بووە كە لە رابردوودا دوو بەش بووە، گەڕەكی موسڵمانەكان و گەڕەكی جووەكان كە هی جووەكان كۆنترە و لە سەردەمی پاشا نەبوخزنەسری ئاشووری واتا 512 ی پێش زاینی جوەكانی لە شاری ئۆرشەلیمەوە هێنا بۆ كوردستان و عیراق و دواتر بەشێكیان لەو گەڕەكە نیشتەجێبوون.
لەبارەی گەڕەكی خانەقاشەوە، بەڕێوەبەری پێشووتری شوێنەواری هەولێر دەڵێت: دەوترێت مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەو گەڕەكەدا نیشتەجێبووە و بەهۆیەوە مزگەوتیان تێدا دروستكردووە، بەڵام بۆچوونێکی دیکە هەیە کە گوایە گەڕەكەكە مێژووی لە مەولانا خالید زۆر كۆنترە، لەبەر ئەو پڕۆژەیە ئێستا نیوەی زیاتری چۆڵکراوە.
یەكێك لە كێشەكانی ئەو سێ گەڕەكە كۆنە بریتییە لە قەرەبووكردنەوەی خاوەنی خانووەکان و خەڵکە نیشتەجێکەی بەگشتی.

ئەگەر خاوەنەکانیان قەرەبوو نەکرێنەوە
لەو رووەشەوە موفتی دەڵێت: خاوەن خانووەكانی قەڵا زۆربەیان قەربووكرانەوە و ئێستا بوونەتە موڵكی حكومەت، بەڵام ئەو سێ گەڕەكەی دیکە تائێستا خەڵكەکەی قەرەبوو نەكراونەتەوە، بۆیە ئێستا كێشەی ئابووری بۆ بەشێك لە خاوەن ماڵەكان دروستبووە كە پێشتر داهاتێكیان بەو كرێیە دەستبەر دەكرد.
سەبارەت بە پلانی حكومەتیش بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو سێ گەڕەكە، روونیکردەوە: پلانیان هەیە بۆ نیشتەجێبوونی خەڵك لە هەمان شوێن، خاوەن خانووەكان ئەگەر قەرەبوونەكرانەوە، مافی ئەوەیان هەیە خانووەكانیان بۆ كاری گەشتوگوزاری و كەلتوری و مۆزەخانە و ماركێت و كارگەی دروستكردنی كاری دەستی بەكاربهێنن كە هەرسێ گەڕەكەكە نزیكەی دوو هەزار خانووی لێیە.
سەبارەت بەكارەكانی نۆژەنكردنەوەی گەڕەکەکانیش، تریفە نەجات بەڕێوەبەری شارەوانیی یەكی هەولێر دەڵێت: پڕۆسەی وەرگرتنی موڵك و خانووەكان لەلایەن حكومەتەوە لە خاوەنەكانیان هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە تا ئەو پڕۆسەیە تەواونەبێت ناتوانین هیچ كارێكی نوێكردنەوەی تێدابكەین، ئێستاش هەندێك لە دانیشتوانەکەیان لەناو خانووەكانیاندا دەژین و تائێستا نیوەی خانووەكان قەرەبووكراونەتەوە كە لە ساڵی 2012 وە دەستمانکردووە بە چۆڵكردنیان.

جگە لەو 1040 خانووە شوێنی دیکەش دەگرێتەوە
روونیشیکردەوە کە بەپێی رێنماییەكان دەبێت خانووەكان بە شێوازی كۆنی خۆیان نۆژەن بكرێنەوە و دەشتوانرێت بكرێت بە ماركێت و كافیتیریا و قوتابخانە و شتی دیکە، بەڵام هەر دەبێت لەسەر شێوەی خانوو بێت و دوای تەواوبوونیشی وەكو شوێنێكی گەشتیاری بەكاردەهێنرێت، بۆئەوەی خەڵك لە هەر شوێنێكەوە بێن بزانن کە شوێنێكی كۆنی شارەکە بووەو وەكو خۆی نۆژەنكراوەتەوە و ناكرێتەوە بە شوێنی نیشتەجێبوون.
ئەو بەڕێوەبەرەی شارەوانی وتیشی: نۆژەنكردنەوەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یونسكۆدا دەکرێت، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم بودجەكەی تەرخان بكات و ئەوکات هاوکاریی بۆدێت، وتیشی: ژمارەی خانووەكانی هەرسێ گەڕەكەكە 1040 خانووە، بەڵام ئەوەی ئاشکراکرد لە (بەفەر زۆن) تەنیا قەڵا و ئەو سێ گەڕەكە ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو شوێن و خانوانەی هەولێر دەگرێتەوە كە دەكەونە ناو پانتایی شەقامی گشتیی 30 مەترییەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەموویان قەرەبوو ناكرێنەوە تەنیا زۆنی CA  قەرەبوو دەكرێنەوە و دەبنە موڵكی حكومەت، پێشتر حكومەت كرێچی و خاوەن خانووەكانیان بە زەوی لە چەند شوێنێك قەرەبوو كردۆتەوە كە ئێستا گەڕەكێك بەناوی تەعجیلی نوێ هەیە، هەروەك هەندێك لە دانیشتوانی ئەو سێ گەڕەكە لە گەڕەكی گڕەسۆر زەوییان وەرگرتووە.

چۆن رێگە لە روخانی خانووە چۆڵەکان بگیرێت؟
سەبارەت بە رووخانی خانووەكانی ئەو سێ گەڕەكەش بەهۆی چۆڵكردنییەوە ، ئەو بەرپرسەی شارەوانی یەكی هەولێر دەڵێت: كۆبوونەوەیەكمان كردووە سەبارەت بەوەی دەست بەكارێك بكەین بۆئەوەی رێگری لە رووخانی خانووەكان بکەین كە دەتوانین دیواری پارێزی بۆ خانووەكان دابنێین تا ئەوكاتەی بودجەیەكی بۆ تەرخان دەكەین.


بابەتە پەیوەندیدارەکان