پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ یادی 36 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە

08:02 - 2024-03-15
کوردستان
426 جار خوێندراوەتەوە

36 ساڵ پێش ئێستا رژێمی رەفتارفاشیی بەعس شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و پێنج هەزار هاووڵاتی و دەیان هەزار کەسی بریندار و ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ کرد.
خەڵکی جینۆسایدکراوی پارێزگای هەڵەبجە و خاکی بەسوتماک کراوی پایتەختی شارەزوور، لەم کارەساتەوە بوون بە ناونیشانی مەزڵومیەتی گەلی کوردستان و کێشە رەواکەی لە سەرتاسەری دونیادا.
بیرەوەریی 36 ساڵەی كارەساتی هەڵەبجە بیرەوەرییەكی خەمناك و پەژارەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییە كە هەرگیز لە هزر و ئەندێشەی  گەلەكەمان و بزووتنەوەی كوردایەتی و مرۆڤایەتیی بە ویژدان دەرناچێت، هەمیشە زامێکی ساڕێژ نەبووە تا ئەو رۆژەی هەڵەبجە و هەموو كوردستان دەگەنە دواقۆناغی رزگاری و ئارامی و ئاوەدانی و قەرەبووی لانی كەمی زوڵم و ستەمی رژێمەکەی سەدام وەردەگیرێتەوە کە یەکەم حکومەت بوو  کیمیاویی بەرامبەر بەشێکی گەلەکەی و هاووڵاتیانی چوارچێوەی وڵاتەکەی بە کار بێنێت.
هەڵەبجەی ئەمڕۆ پێویستیی زیاتر و زیاتری بە ئاوەدانی و بوژانەوە و ژینگەیەکی پاک و تەندروستە بۆ ژیان هەیە، ئومێدی خەڵكەکەی ئەوەیە دوای بوونی بە پارێزگایەکی خنجیلانەی هەرێم، لە ئاستی عیراقیشدا رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی بوونی بە پارێزگای نۆزدەمینی وڵات تەواو ببێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم ئەرک و شانازییە نیشتمانی و مرۆییە بە زوویی راپەرێنێت. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک چۆن لە دەیەکانی رابردوودا درێغی لە خزمەتکردنی کەیسی ئیداری و ئاوەدانی و بوژانەوەی هەڵەبجە و ناساندنی وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی جینۆساید و هاندانی بەرپرسیارێتیی مۆراڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیە نەکردووە، لەمەودواش بە گوڕوتینێکی زیاتر لەم ئەرکە پیرۆزە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی هەموو نوێنەرایەتییەکانی لە پەرلەمان و حکومەت، لە ئاستی هەرێم و حکومەتی فیدرالیدا تێکۆشانی هەمەلایەن و دەستەجەمعی و بەکردەوەی بۆ دووپات دەکاتەوە. 
نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی گەلەکەمان لەسەرتاسەری کوردستاندا.
تا ساڕێژبوونی دوا زامەکانی هەمیشە دەڵێین:
(هەڵەبجە.. برینمانی، لە بیرمانی)
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2024/3/16

#هەڵەبجە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان