وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رەتیکردەوە وەزیرەکانی یەکێتی رۆڵیان لە دواخستنی مووچەی کارمەندا هەبێت و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەو پرسە نەخراوەتە دەنگدانەوە.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، پرسی دابەشنەکردنی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەخراوەتە دەنگدانەوە تاکو وەزیرەکانی یەکێتی دەنگی لەسەر بدەن یان نا. هەروەها جەختیکردەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین مووچەخورانی هەرێمی کوردستان مووچەی خۆیان وەربگرن بەڵام وردەکاری تەکنیکی مووچەی کارمەندان زیاتر لەلای وەزارەتی داراییە و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەندێ سەرچاوەی میدیایی وەکو بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن یەکێتیان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە دەنگیان بە دابەشنەکردنی مووچە داوە، بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نکۆڵی لەوە کرد و سەرجەم ئەو هەواڵانەی بە درۆخستەوە.