فێستیڤاڵی بێدەنگی لە ئەندەنوسیا

10:45 - 2024-03-17
دووتوێ
98 جار خوێندراوەتەوە
فێستیڤاڵەکە بەجۆرێک کشوماتە تەنها جریوەی باڵندە و پەلەوەر دەبیسترێ، هەموان بە ئاماژە یەکدی تێدەگەیەن

هیندۆسەکان لە زۆر وڵات و شوێن لەسەری ساڵی تازەی هیندۆسییدا تایەفەیەک لەو ئایینە فێستیڤاڵێک دەگێڕن بەناوی « بێدەنگیی» تێیدا هەموو هاوڵاتیان بۆ ماوەی 24 سەعات قسە ناکەن، دوورگەی» بالی» لە ئەندەنوسیا بەو فێستیڤاڵە بەناوبانگە و زۆر بە پەرۆشەوە بەپیریەوە دەچن و بەشداری تێدا دەکەن، ئاینپەرستانی هیندۆسی لەمڕۆژەدا کە دەکەوێتە10  ی مانگی حوزەیران تەواوی رۆژەکە دەمیان دادەخەن، کارەبا دەکوژێننەوە، پیاسەو گەڕان حەرام دەکەن، خۆشی و رابواردنیان نییە، پشووی سەرتاسەری دەبێ  و دونیا بەجۆرێک کشومات دەبێت تەنها جریوەی باڵندە و پەلەوەر دەبیسترێ و هەموان  بە ئاماژە یەکدی تێدەگەیەنن.
لەچییەوە هاتووە؟
مامۆستای هیندۆسی «مەهیر بابا» کە لەماوەی نێوان 1925 تا 1969 لە دوورگەی بالی ژیاوە، لەژیانیدا تەنها یەک وشەشی لەدەم نەهاتۆتەدەر، پێی وابووە زمان بەڵای سەرەو لەپێناو خواپەرستیدا دەبێت هەوڵ بدرێت کەمترین قسەبکرێت، رۆژی یەکەمی سەری ساڵی تازەی داناوە بۆ دەستگرتنەوە لەهەموو شتێک لە ئاو و کارەبا و پێداویستی رۆژانە و خواردن و هاتوچۆ و گەڕان هەروەها قسەنەکردن بۆ ماوەی شەو و رۆژێک، لەم رۆژەدا نوێژ دەکەن لەخودا دەپاڕێنەوە لێیان خۆش بێت و چاکەو خێرو بەرەکەت بهێنیتە رێیان، لە دوای مردنی ئەو مامۆستایە لەو کاتەوە فێستیڤاڵی بێدەنگیی لە زۆر شوێنی هاونیشتمانیانی هیندۆسی پیادەی دەکەن، لەو رۆژەدا دەروازەی دوورگەکە لەبەردەم رێبواران دادەخرێ و کەس بۆی نییە بە ئۆتۆمبێل و پایسکیل بەناو شاردا بگەڕێت و دوکان و بازاڕەکان بەتەواوی دادەخرێن، فڕۆکەخانەو شەمەندەفەر و پاس قەدەغە دەکرێن تەواوی دوورگەکە بەبێدەنگی دەمێنێتەوە، هیڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن دەوەستێندرێن، تەنها دەزگا خزمەتگوزارییەکان نەبێت دەتوانن بەکاریبێنن، ئەو گەشتیارانەی پێشتر لەوێ بوون دەبێ رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و لە هۆتێلەکانیان دەرنەچن، ئەو کەلتورە ئاینییە بۆتە جێی سەرنجی زۆرێک لە بیانییەکان و ساڵانە بەر لەو بۆنە ئاینییە گەشتیارێکی زۆر روو لەو دوورگەیە دەکەن تا بەچاوی خۆیان بارودۆخەکەو سروتە ئاینییەکە ببینن.

بۆ وادەکەن؟
تایەفەی ئەو ئاینە پێیان وایە بەدەستگرتنەوە و بێدەنگیی شەیتان و خراپەکاریی لە دەوروبەری خۆیان دەردەکەن و رۆحی خۆیان پاک دەکەنەوە، ئەو شەو و رۆژە بە دەرفەتێکی باش دەزانن بۆ خواپەرستی و پاڕانەوە کە خوا خۆیان و خاوخێزانیان بپارێزێت، رسقیان زۆربێت، خۆشگوزەران بن، بۆیە بۆ ئێوارەکەی و ساتەکانی بەر لە تەواوبوونی کاتەکە هەموو کەلوپەلە خراپ و قێزەونەکانیان کۆدەکەنەوە، دەمامک و کارەکتەری ناشیرین دروست دەکەن و دەیانبەن لە رۆخ دەریا دەیانسوتێنن، بەو مانایەی ئیدی خراپە لەناو دوورگەکە نامێنێت تا ساڵی تازە دەسوڕێتەوە و دیسانەوە رێورەسمەکە دەکەنەوە، هەر لەسەر دەریا کەرنەڤاڵێک سازدەکەن، بەیەکەوە بە جلی رەنگاوڕەنگەوە هەنگاو دەنێن و کەژاوە دەخەنە سەرشانیان و بەبێدەنگی رێ دەکەن.

سەرچاوە: Indonesien.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان