״بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ 400 هەزار تۆن دەبێت״

10:45 - 2022-06-07
ئابووری
727 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 400 هەزار تۆن بێت، لەكاتێكدا ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ملیۆنێك تۆن گەنم هەیە.
بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی كشتوكاڵیش، لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار و 948 جووتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش لە کۆی سێ ملیۆن و 593 هەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی، رووبەری دوو ملیۆن و 599 هەزار و 580 دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە.

قەبارەی وەرگرتنی گەنم
د.زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە: ساڵی رابردوو ئەو رێژە گەنمەی کە حکومەتی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردبوو، بۆ ئەوەی لەلایەن سایلۆکانەوە وەربگیرێن، بریتی بوو لە 375 هەزار تۆن، بەڵام لەو بڕە تەنیا 126 هەزار تۆن گەنم بە سایلۆکانی فیدراڵ درا.
وتیشی: «ئێمە ناڵێین بەرهەمی گەنم 126 هەزار تۆن بووە، لەوانەیە زۆرێک لەو گەنمە جووتیارەکان خۆیان لە بازاڕی رەشدا ئاڵوگۆڕیان پێکردووە و نەدراوە بە سایلۆکان».
لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنمەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشکرایکرد: ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لەژێر كاریگەریی وشكەساڵیدا بووین، بۆیە پێشبینی دەكەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بێت، بەو رێژەیەی كە رادەستی سایلۆكان دەكرێت، یان لای جووتیارەكان دەمێنێتەوە.

كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لە هەرێم
ئاماژەی بەوەشداوە: بە گوێرەی راپۆرتەکان، لە ساڵی 2004دا پێشبینیکراوە کە هەر تاکێک لە عیراقدا ساڵانە پێویستی بە 192 کیلۆگرام دانەوێڵە لە جۆری گەنم هەیە، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی رۆژانەی پڕ بکاتەوە، ئێمەش بەگوێرەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەگەر وای دابنێین کە دانیشتوانی هەرێم شەش ملیۆن کەسە، کەواتە لە ساڵێکدا پێویستمان بە زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم دەبێت، تا بگەینە ئاستی ئاسایشی خۆراک لە رووی نیشتمانییەوە.
لەبارەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵییەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژە بەوەدەكات: بەهۆی وشكەساڵییەوە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم كەمبێتەوە، بۆ ئەم بابەتەش راپۆرتێمكان ئامادەكردووە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە بە ناوچە رێژەی زیانەكانی وشكەساڵیمان دیاریكردووە، زۆرترین ئەو ناوچانەشی زیانی پێگەیشتووە لە رووی بەرهەمی گەنمەوە، گەرمیان بە پلەی یەكەم دێت، كە وشكەساڵی تەواو لەو دەڤەرە راگەیەنراوە، هەروەها لە پارێزگای هەولێریش ئەو ناوچانەی كە بارانبارینی تێدا مسۆگەر نییە وەك (گوێڕ، دیبەگە و مەخموور) و بەشێك لە ناوچەی قوشتەپە كە بە تەواوی بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دهۆكیش ناوچەی (سێمێڵ و بەردەڕەش) زۆرترین زیانیان بەهۆی وشكەساڵییەوە بەركەوتووە.
32 سایلۆ لە هەولێر و سلێمانی
وتیشی: «ئەمساڵ گەنمی وەرگیراو بە نرخی 850 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر تۆنێك، ئێستا جگە لە سایلۆكانی حكومەتی هەرێم، لە هەولێر 20 سایلۆ و لە سلێمانیش 12 سایلۆی دیكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم دروستكراون و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران».
بەوتەی د.زێدا محەمەد، لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار و 948 جووتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش لە کۆی سێ ملیۆن و 593 هەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی، رووبەری دوو ملیۆن و 599 هەزار و 580 دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان