ئا: عەبدوڵڵا سدیق
وەزارەتی پیشەسازیی عیراق رایگەیاند: لە بەرنامەی حکومەتی عیراقیدایە کە 12 شاری پیشەسازیی لە تەواوی عیراقدا دروست بکات. هەندێک لەم شارانەش تەواوبوون و هەندێکی تریان هێشتا تەواو نەبوون، یان لە پلانی حکومەتدایە کە دروستیان بکات. لە درێژەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پیشەسازیدا هاتووە، عیراق هەوڵ دەدات کە وەبەرهێنەری بیانی بۆ عیراق رابکێشێت، لەهەمانکاتیشدا هانی کەرتی تایبەت بدات تاوەکو وەبەرهێنان بکەن و چیتر پشت بە کاڵا و بەرهەمی بیانی نەبەسترێت. ئەمەش لەکاتێکدا عیراق ساڵانە بڕی 70 ملیار دۆلار بەرهەم و کاڵای هەمەجۆر هاوردە دەکات. هەروەها حكومەتی عیراقی دەیەوێت کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتیاری بەهێز بکات و چیتر پشت بە نەوت وەکو تاکە سەرچاوەی داهات نەبەسترێت.
لە هەموو شارەکانی عیراقدا
حەسەن مەروان ناجی بەرێوەبەری کاروباری پیشەسازیی و ئەندازیاریی لە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق بە میدیاکانی راگەیاند: وەزارەتی پیشەسازی لە تەواوی عیراقدا 12 شاری پیشەسازیی دروست دەکات، هەندێکیان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەتایبەتی لە شارەکانی « زیقار، کەربەلا، نەجەف، بەسرە، ئەنبار، نەینەوا، میسان و واسیت، شارەکانی تریش. وتیشی هەندێکیان تەواو بوون یان بەشێکی زۆری تەواو بووە بۆ نموونە لە 90 % شاری پیشەسازیی لە شاری ئەنبار تەواو بووە. هەروەها لە شاری زیقاریش 80 % ی ئەو زەوییانەی کە تەرخانکراون بۆ شاری پیشەسازی، دراون بەکرێ.
دۆستی ژینگە دەبن
لە درێژەی لێداونەکەیدا حەسەن مەروان ناجی وتی: ئەم شارانە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروست دەکرێن و دۆستی ژینگە دەبن، وەکو پێشتر نابێت کە شارە پیشەسازییەکان بەشێوەیەکی ناڕێکوپێک و بێ پلان دروستکراون، هەندێکیان نزیکن لە ناوچەی نیشتەجێبوون یان زەوی کشتوکاڵین. بەڵام ئەم شارە نوێیانە بەپێی بنەمایەکی مۆدێرن دروستکراون و رەچاوی ژینگەپارێزیی کراوە.
هاندانی کەرتی تایبەت
لەبارەی کەرتی تایبەتەوە حەسەن مەروان ناجی رایگەیاند: حكومەت هەوڵ دەدات کەرتی تایبەت هان بدات تاوەکو لەم شارە پیشەسازییانە وەربەرهێنان بکات، ئەمەش لەرێگەی پێشکەشکردنی قەرزی پیشەسازی و لێخۆشبوون لە پارەی کارەبا و ئاو، پێدانی زەویی و لێخۆشبوونی باج و پێدانی بەنزین و نەوت و شتی تریش.
9 ملیار دۆلار
لەلایەکی ترەوە سەفوان قوسەی شارەزای ئابووری لە وەزارەتی پیشەسازی عیراقی بە کەناڵی سکای نیوزی راگەیاند: کەرتی تایبەت بە بڕی 9 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە شارە پیشەسازییەکاندا کردووە. وتیشی: کەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵی زیاتر لە کەرتی پیشەسازی ببینێت، بۆئەوەی ڕێژەی هاوردەکردنی کاڵاکان لە دەرەوەی وڵات کەم بکاتەوە، کە بەداخەوە لە ئێستادا بڕێکی زۆرە.
70 ملیار هاوردە دەکات
لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەفوان قوسەی بە سکای نیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ عیراق ساڵانە کاڵایەکی زۆر هاوردە دەکات و کۆی گشتی بەرهەمی هاوردەکراو لە ساڵی پاردا گەیشتۆتە 70 ملیار دۆلار، ئەمەش زیان بە ئابووری عیراق دەگەیەنێت، چونکە ئەم پارەیە دەچێتە دەرەوەی عیراق و ناگەڕێتەوە. وتیشی: لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو کاڵا و بەرهەمانەی کە عیراق لە وڵاتانی تر هاوردەی دەکات، دەتوانرێت لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکرێت، لەمەشدا دەکرێت کەرتی تایبەت رۆڵی باش ببینێت و پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەسترێت.
سامانی سروشتی
لەبارەی دەوڵەمەندیی شارەکان عیراق بە سامانی سروشتی، سەفوان قوسەی وتی : عیراق خاوەنی سامانێکی سروشتی زۆر گەورەیە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا بە باشی نەتوانراوە سوود لەو سامانە گەورەیە وەربگیرێت، بۆ نموونە عیراق خاوەنی نەوتێکی زۆرە، لە نەوتیش دەتوانرێت 180 بەرهەمی جیاوازی لێ بەرهەبهێنرێت، ئەمەش دەبێت لەرێگەی بەهێزکردنی پیشەسازی پیترۆکیمیاوییەوە بێت. دەشڵێت: پارێزگای موسەنا خاوەنی سامانێکی زۆرباشی سروشتییە کە دەتوانرێت پیشەسازی چیمەنتۆی لێ بەرهەم بهێنرێت، لەمەشدا چەند هەوڵێکی باشدراوە. هەروەها لە پارێزگای نەینەواش ڕێژەیەکی زۆر کبریت هەیە، لە پارێزگای ئەنباریش ڕێژەیەکی زۆر فۆسفاتی تێدایە. بەڵام بەداخەوە بەباشی سوود لەم سامانە زۆرە وەرنەگیراوە.
پلانی 2029 ی حکومەت
لەلایەکی ترەوە سەفوان قوسەی باسی لە پلانی داهاتووی حکومەت کرد کە بە پلانی 2029 دەناسرێت. لەمبارەیەوە وتی: پلانی حكومەتی عیراقی ئەوەیە کە هەتاوەکو ساڵی 2029 چیتر پشت بە نەوت نەبەستێت وەکو تاکە سەرچاوی داهاتی حكومەت، هەوڵ بددەین داهاتی نا نەوتی زۆر بکەین، ئەمەش لەرێگەی بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی بەتایبەتی پیشەسازی خۆراکی و کاری دەستی، هەروەها بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری.
زۆر بواری وەبەرهێنان هەیە
لە کۆتاییدا سەفوان قوسەی شارەزا لە وەزارەتی پیشەسازی عیراق رایگەیاند: دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی پەلەوەر و هەناردەکردنی و دامەزراندنی کارگە بەو ئاڕاستەیە لە عیراقدا هەیە، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی شیرەمەنی و تووتن لە هەرێمی کوردستاندا. ئاماژەی بە سەرکەوتنی عیراق کرد لە بەهێزکردنی پیشەسازی شەکر و نەوت ، کە ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ بەرهەمهێنانی کاڵاکانی تر.
پێویستە یاساکان بگۆڕێن
لەلایەکی ترەوە عەلی سەعدی سەرۆکی پێشووی ژووری پیشەسازی عیراق رایگەیاند: پێویستە یاساکان بگۆڕێن بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە خاوەندارێتی زەوییەکانەوە هەیە لە شارە پیشەسازییەکاندا. وتیشی: خاوەندارێتیکردنی ئەو زەوییە دەبێتە هۆی راکێشانی زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی بیانی. دەشڵێت: داواکاریی هەیە لەلایەن وەبەرهێنەرانی بواری پیشەسازییەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای شارە پیشەسازییەکان بە خاوەندارێتیکردنی ئەو زەوییانە بۆ بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی، چونکە بەشێکە لە سەروەت و سامانی پڕۆژەکە، ئەمەش وادەکات پێدانی قەرز ئاسانتر بێت.
گەورەترین شاری پیشەسازیی
جێگەی ئاماژەیە شاری پیشەسازیی نەجەف گەورەترین شاری پیشەسازیی عیراقە و رووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 6 هەزار دۆنم، هەتاوەکو ئێستا نزیکەی 25 % ی ئەم پڕۆژەیە چۆتە بواری جیبەجێکردنەوە. لە پاش ئەویش شاری پیشەسازیی کەربەلا دێت، ئەم شارەش تایبەتە بە پیشەسازیی پیترۆکیمیاویی کە نزیکە لە پاڵاوگەی کەربەلاوە، بە ڕێژەی 29 % ی ئەم شارە پیشەسازییەش تەواوکراوە.
کۆمەڵێک پڕۆژەی سەرکەوتوو
لە چەند ساڵی پێشوودا کۆمەڵێک پڕۆژەی پیشەسازیی زۆر باش لە عیراقدا ئەنجامدراوە لەوانە: پڕۆژەی « الاتحاد» بۆ بەرهەمهێنانی شەکر کە ساڵی 2015 دروستکراوە و رۆژانە بڕی 3500 تۆن شەکری سپی بەرهەمدەهێنێت. هەروەها پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ڕۆنی رووەکی کە رۆژانە 4 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وایکردووە کە بۆ کۆبۆنی خۆراک زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت و بەرهەمی هاوردە کەمبکرێتەوە.
سەرچاوە:سکای نیوز