هەر جارەی تێکۆشەرێک: ئاسۆ كوردستانی پێشمه‌رگه‌ی دێرین

10:30 - 2024-03-18
کوردستان
623 جار خوێندراوەتەوە

ئاماده‌كردنی: ئالان محه‌مه‌د جه‌زا

ئێمه‌، ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان رێكخستن بووین، پێشبڕكێمان ده‌كرد ئاخۆ كاممان چالاكی زیاتر و گه‌وره‌تر ئه‌نجام ده‌ده‌ین.
له‌ راستیدا باوكمان (حه‌مه‌كوردستانی) هانده‌ر و پشتوانێكی به‌هێزمان بوو،  له‌سه‌ر كوردایه‌تی راسته‌قینه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌كردین.
مه‌ترسییه‌كانیش زۆر بوون، دوژمن هه‌وڵی ده‌دا له‌ رێگه‌ی سیخوڕه‌كانییه‌وه‌ بخزێته‌ ناو رێكخستنه‌كانه‌وه‌ و  هه‌ندێكجار سه‌ركه‌وتووش بوون، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك كه‌سێك ده‌یویست بچێته‌ رێكخستنه‌وه‌ سه‌ره‌تا به‌ لایه‌نگر وه‌رده‌گیرا، دواتر به‌ پاڵێوراو و دوای ماوه‌یه‌كیش كه‌ هه‌موو شتێكی له‌باره‌وه‌ بۆ رێكخستن ئاشكرا ده‌بوو پله‌ی ئه‌ندامێتی پێ ده‌به‌خشرا له‌ شانه‌یه‌كی سێ كه‌سیدا و بێجگه‌ له‌و دوو ئه‌ندامه‌ كه‌سی تری نه‌ده‌ناسی، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوو له‌ كاتی گرتن و به‌رگه‌ نه‌گرتنی ئه‌شكه‌نجه‌دا، ئاستی زه‌ره‌ره‌كه‌ی كه‌مده‌كرده‌وه‌ به‌وه‌ی ته‌نیا دوو ئه‌ندامی ده‌ناسی، به‌ڵام گیانی شۆڕشگێڕانه‌ و هه‌ستی كوردانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رزبوو ئه‌گه‌ر ده‌ستگیریش ده‌كرا، ئاماده‌بوو له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هید ببێت ناوی هیچ كه‌سێك ئاشكرا نه‌كات.
له‌ ساڵی 1986دا كه‌ خوێنكاری پۆلی چواربووم له‌ ئاماده‌یی ئه‌زمڕ، چواربرام پێشمه‌رگه‌بوون، حكومه‌تی به‌عسیش به‌ چڕی كه‌وتبووه‌ ده‌ستگیركردنی كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ هه‌ر هه‌فته‌ی له‌ گه‌ڕه‌كێك و له‌ ماڵێك  خۆمان ده‌شارده‌وه‌، چه‌ند جارێكیش مه‌فره‌زه‌ی ئه‌من چوبوونه‌ ئاماده‌یی ئه‌زمڕ و پرسیاری منیان كردبوو، دواجار به‌ هه‌وڵی مامۆستاكان رزگارم بوو و له‌ كۆتایی هه‌مان ساڵ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌.
سه‌رده‌می به‌عس پڕبوو له‌ سته‌م و زۆرداری، بۆ گه‌نجی كورد ئاسان نه‌بوو بتوانێت ژێر ده‌سته‌یی قبوڵ بكات، بۆیه‌ گه‌نجی ئه‌وكاته‌ به‌گشتی روویانده‌كرده‌ پێشمه‌رگایه‌تی و مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات.
پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هه‌ڵگری ناوێكی پیرۆز،  خۆی ئاماده‌كردبوو له‌ پێناو نیشتماندا شه‌هید بكرێت، بۆیه‌ دوژمن هه‌میشه‌ به‌ ترسه‌وه‌ هێرشی ده‌برده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كانیدا هه‌موو چه‌كێكی به‌كار ده‌هێنا، كه‌چی هه‌ر شكستیشی ده‌هێنا.
سه‌ره‌تا له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی دوو بوومه‌ پێشمه‌رگه‌ و دواتر گواسترامه‌وه‌ بۆ سنووری تیپی37ی شارباژێر له‌ شاناخسێ، یه‌كه‌م شه‌ڕیش كه‌ به‌شداریم تێداكرد داستانی رزگاری بوو له‌ به‌هاری ساڵی 1987 كه‌ ده‌كه‌وته‌ سنووری تیپه‌كه‌مانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ كه‌رتی یه‌ك و دوو  هێرشمانكرده‌ سه‌ر دوژمن له‌ نزیك چیای گمۆ، له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوبووین، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌دا و چه‌ندین پارچه‌ چه‌كیش  ده‌ستكه‌وت و ده‌یان  جاش و سه‌ربازیش به‌ دیل گیران، ئه‌مه‌ بۆمن هه‌ستێكی زۆر خۆش و تایبه‌ت بوو.
به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی ئێستای خه‌ڵك باشنییه‌، زۆرینه‌یه‌كی زۆری تێكۆشه‌رانی دێرین و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و زیندانیانی سیاسی و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان به‌رهه‌می خه‌باتیان نه‌چنیوه‌ته‌وه‌. وه‌ك ده‌بیندرێت پێشمه‌رگه‌ی دێرین و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و بریندارانی چه‌كی كیمیایی  ئێستا له‌ چینی هه‌ژاراندان.

 



پرۆفایل:
ئاسۆ محه‌مه‌د فه‌تحوڵڵا-كوردستانی، له‌ دایكبووی ساڵی 1967ی شاری كه‌ركوك.
ساڵی 1985 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی ی.ن.ك و ساڵی دواتر بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌.
ئێستا نیشته‌جێی وڵاتی نه‌رویژه‌، ئه‌ندامی ژوری ره‌وه‌ندی كوردی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی نه‌رویژه‌.
خانه‌نشینكراوه‌ به‌ پله‌ی ملازم

#هەر جارەی تێکۆشەرێک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان