راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، رێژە و ئامارەکانی رووداو لەناو شاردا لە دوای دانان و کاراکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوییەوە بەرە و کەمبوونەوە چوون و هەندێک لەو کەسانەش کە سەرقاڵی کاری راستکردنەوە و بۆیاخکردنی ئۆتۆمبێلن ئاماژە بە کزبوونی بازاڕی کارەکەیان دەکەن، بەڵام خۆشحاڵن بەوەی شۆفێران بێ زیان بن، بەڵام شۆفێران و بۆیاخچییەکانیش نیگەرانن لەوەی کە سەرەڕای کۆکردنەوەی پارەی غەرامەی کامێراکانی هاتوچۆ و رێگەوبان و ژینگەش، بەڵام هێشتا بەشێک لە رووداوەکان پەیوەستن بە خراپیی رێگەوبانەکانەوە و نازانرێت بۆچی ئەو پارەیە لە چاکردنەوەی رێگەوبانەکان و ژینگەدا خەرج ناکرێتەوە.
لەوبارەیەوە عەقیدی هاتوچۆ بەختیار محەمەد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی بەدواداچوونی رۆژانەمان بە شێوەیەكی گشتی رێژە و ئاماری رووداوەكان رووی لە کەمی کردووە، بەڵام دەڵێت: «گرفتی سەرەکی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان و ئەوانەن کە تابلۆی باشوور و ناوەڕاستی عیراقیان پێوەیە.
رێژەی رووداوەکان گەیشتۆتە کوێ
هەروەها روونیکردەوە کە ئاماری هاتوچۆ بە گشتی لە كۆتایی ساڵدا دەردەكەوێت، بەو پێیەی پڕۆسەیەكی وردە و دەبێت هەموو زانیارییەکان لە بەشی ناوشار، دەرەوەی شار، نەخۆشخانەکان، بنکەکانی پۆلیس و پزیشکی دادی کۆبکرێنەوە، دەنا هەروا بە ئاسانی دەرناکەوێت، بەڵام وتی: «بە پێی بەدواداچوونەکانمان کە رۆژانە دەستمان کەوتووە، ئاماری رووداوەكان بەگشتی دابەزیووە و بەشێكی زۆریشی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كامێراكانی چاودێریی تیژڕەوی، کە وادەكات شۆفێران بۆئەوەی تووشی سزا نەبن خێراییەكەیان کەمدەکەنەوە بۆ ئاستی رێگەپێدراو ئەوەش وادەکات رووداوەکان كەم ببنەوە.
هەر لەوبارەیەشەوە شۆفێرێکی تاکسی رایگەیاند: پێویستە حكومەت ئەو پارانەی لە غەرامەی كامێراكان و رسوماتی تر لێمان وەردەگرێت، بەشێكی لە رێگەوبانەكاندا خەرج بکاتەوە، چونكە سلێمانی لە رووی رێگەوبانەوە پێویستی بە چاكسازیی زۆرە.
جگە لەو شۆفێرە، چەند هاووڵاتییەکیشمان دواند لەوبارەیەوە و پێیانوابوو کە بەراورد بە پێشتر ئێستا هێمنییەكی زیاتر لە شەقامەکاندا بەدیدەكرێت، چونکە پێشتر ئەو چاودێرییە هەمیشەییە نەبوو بۆیە سەرپێچییەکانیش زیاتر بوون.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە نێوان دوو مانگی پێش دانانی کامێراکان و دوای دانانیاندا، رووداوەکان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بە نموونە وەرگیراوە، کە لە 124 رووداوەوە کەمیکردووە بۆ 16 رووداو کە ئەویش هەندێکیان رووداوی پێکدادان نەبووە، بەڵكو یان ئۆتۆمبێل خۆی کێشاوە بە ستوونی کارەبادا یان لە پرد کەوتۆتە خوارەوە لە ئەنجامی تیژڕەویدا لەو شوێنانەی کە دڵنیابوون کامێرای چاودێریی لێ نییە.
ژمارەی رەسەن و ساختە
لەبارەی سەرپێچیی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیشەوە عەقید بەختیار ئەوەی روونکردەوە کە كامێرای چاودێری خێرایی هەقی بەسەر ئەوەوە نییە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی تووشی سەرپێچی و رووداو دەبێت تابلۆکەی هی کوێیە، ساختەیە یان رەسەنە، ئەو لای خۆی سەیڤی دەکات، بۆیە شۆفێرێک سەرپێچیی تیژڕەویی دەکات تۆمار دەبێت، بۆیە كاتێك ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەستیان بەسەردا دەگیرێت و پاكتاوی حسابیان لەگەڵدا دەكرێت.
سەبارەت بەوەش کە ئاخۆ داهاتی ئەو سەرپێچییانە و رسومات دەچنەوە خزمەتی چاککردنی رێگەوبانەکان، عەقید بەختیار دەڵێت: «ئەوە پەیوەندیی بە وەزارتی دارایی و رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەوە هەیە، دەبێت لەوان بپرسرێت، چونکە لای ئێمەوە رادەستی دامەزراوەکانی وەزارەتی دارایی دەکرێت و دەبێت لەوان بپرسن کە ئاخۆ لەچیدا خەرج دەکرێت.
گرنگ ئەوەیە خەڵک سەلامەت بێت
شوێنكارێك كاری چاككرنی ئۆتۆمبێل پێم خۆشە كامێرای هاتوچۆلە كۆڵانەكانیش دابنرێت .
هەر سەبارەت بە کاریگەریی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆش لەسەر کاسبکارانی بواری راستکردنەوە و بۆیاخکردنی ئۆتۆمبێل، وەستا فاروق لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی لەسەر کزبوونی بازاڕی كاریان لەدوای دانانی كامێراکانەوە وتی: «رووداوە سووکەکانی هاتوچۆ زیاتر لەناو شارەکاندا روودەدات وەك لە دەرەوەی شار، چونکە لەدەرەوەی شار یان کەمترە، یان رووداوەکان قورسترن کە رەنگە ئۆتۆمبێلەکان کەڵکی چاککردنەوەیان لای ئێمە نەمێنێت.
وەستا فاروق پێیوایە دانانی كامێراكانی هاتوچۆ زۆر کارێکی باشە، چونکە خەڵک بیر لە گیرفانی خۆی دەکاتەوە بۆیە پانەبد دەبێت بە یاسا و رێساکانی هاتوچۆوە، وتیشی: «خۆم یەكێكم کە جاران 140 – 150 لێم دەخوڕی، بەڵام ئێستا واناکەم، هەم خۆم سەلامەتترم و هەم ئۆتۆمبێلەکەشم و ئەگەر خەڵك بەئارامی بڕوات و سەرەڕۆیی نەكات، ئەوا ئەو كۆمپانیایە ئیفلاس دەکات و پارەی خۆی دەرناهێنێتەوە.
هەروەها هیوای خواست چارەسەرێکیش بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیش بدۆزرێتەوە. هەروەها دەڵێت: «حەزدەكەم لەناو كۆڵانەكانیشدا كامێرای خێرایی دابنرێت و بۆچوونی خۆشم وایە کە با ئێمە لە مانگێكدا چوار ئوتۆمبێل كەمتر چاك بكەین، رزق لای خوایە، گرنگ ئەوەیە خەڵک سەر و ماڵیان سەلامەت بێت. دەنا خۆ لە وڵاتێکی وەک بەریتانیاش شەقام هەیە دەبێت 30 کیلۆمەتر بڕۆیت لە سەعاتێکدا، بەڵام لەوەش گرنگتر چاککردنی رێگەوبانەکانمانە.
لە هەندێک ناوچەدا (60) کیلۆمەتر کەمە
سۆران محەمەد-یش کە شۆفێری تاکسییە پێیوایە دانانانی كامێراكان كارێكی باشە بەڵام پێویستە شەقامی شەست مەتری كە رۆیشتن تیایدا لە 60 كیلۆمەترە لە سەعاتیكدا و هەندێك شوین 50 بۆ 30 كیلۆمەترە، دەكریت لە هەندێک شوێنیشدا رۆیشتنیان تیادا زیادبكرێت بۆ 70 یان 80 بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە دوورن لە شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیانەوە، هەروەها ئەویش نیگەرانیی لە خراپیی رێگەوبان و زۆری چاڵ و قۆرتی شەقام و کۆڵانەکان دەربڕی و وتی: پێویستە حكومەت لەو پارانەی لە غەرامە و رسوماتەکان لە شۆفێرانی وەردەگرێت لەو بوارانەدا خەرجی بکاتەوە کە بیانووەکانی سەرپێچی و رووداوی هاتوچۆ کەم دەکەنەوە، جگە لە چاککردن، دانانی تابلۆی هۆشیاریی و فسفۆڕ و...هتد.
عەقیدی هاتوچۆ بەختیار محەمەد عەبدوڵڵا