لە رۆژی جیهانیی ریسایکلیندا

09:40 - 2024-03-20
ڕاپۆرت
374 جار خوێندراوەتەوە

   ئا / مەعروف مەجید*

 
رۆژی جیهانی ریسایکلین چییە؟ دەستپێشخەرییەکی نووسینگەی ریسایکلینی نێودەوڵەتی  (BIR)ە بۆ هاندانی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا تا سەرلەنوێ بیر لەو شتانە بکەنەوە کە فڕێی دەدەن و بە شێوەیەکی جیاواز و فراوانتر بیبیننەوە.
 گرنگیی ئەم رۆژە کە دەکاتە رێکەوتی 18/3 ، ئەوەیە کە رۆژێکە بۆ تیشک خستنەسەر گرنگیی ریسایکلین و وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە رزگارمان دەبێت لە پاشماوە فڕێدراوەکان.
 ئامانج لەم رۆژە، هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە گرنگیی فڕێدانی پاشماوەی دروست بۆ دوورکەوتنەوە لە گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە. هاوکات خەمی یەکخستنی هەڵوێستی جیهانە بەرامبەر بە ریسایکلین.
 ئەو رۆژە بۆ یەکەمجار لەلایەن رەنجیت باکسی-یەوە بیری لێکرایەوە، کاتێک پۆستی سەرۆکی کۆمپانیای بی ئایر لە کۆنفرانسی جیهانیی ریسایکلینی بی ئای ئاڕ لە دوبەی لە ساڵی 2015دا وەرگرت.

رۆژەکەی کەیە؟ 
هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی ریسایکلین لە 18ی ئازاردا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجاریش لە 18ی ئازاری 2018دا بەڕێوەچوو.
ئەو رۆژەش رێکەوت بوو لەگەڵ (70) ساڵەی دامەزراندنی نووسینگەی ریسایکلینی نێودەوڵەتی (BIR). یونیسکۆش ئەو رۆژەی پەسەندکردووە و ناساندی، بە ئامانجی پەروەردەکردنی خەڵک لەسەر گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوە و ریسایکلینی پاشماوەکان بۆ باشترکردن و پاراستنی ژینگە.
گرنگیی ئەم رۆژە چییە؟
گرنگی ئەم رۆژە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرێک لە شارەزایان لە سەرانسەری جیهاندا ریسایکلین بە هیوایەک بۆ جیهانێکی بەردەوامتر و هەسارەیەکی بێ پیسبوون دەبینن، هەندێکیان مەزەندەیان کردووە کە تا ساڵی 2050 پیسبوونی زەریاکان و رووبارەکان، یەکێک دەبێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن.
لەم رۆژەدا کۆمەڵێک پرسیاری سەرەکی لە بەکارهێنەران دەکرێت سەبارەت بە ریسایکلین وەک هەوڵێک تا بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز بیری لێبکەنەوە.
رۆژی جیهانی ریسایکلین لە هەموو ساڵێکدا، ئامانجی گۆڕینی تێڕوانینی جیهانە بەرامبەر بە کەرەستەی ریسایکلین و وەک یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی جیهان تا بە سەرچاوەی حەوتەم  سەیری بکات، نەک وەک پاشماوەیەک کە دەبێت فڕێ بدرێت. 
هەروەها سەرنج دەخاتە سەر سوودەکانی ریسایکلین وەک ژینگەیی و ئابووری.
ئەم رۆژە لە سەرانسەری جیهاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە بەوپێیەی خەمی زیادکردنی هۆشیاریی ژینگەییە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە وڵاتان بەشداریی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی کوالێتی بەرزدا بکەن لە هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە ریسایکلینی پاشماوەکانەوە.
لەوەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم رۆژەی بۆ ریسایکلین ناساندووە، ملیۆنان کەس و رێکخراو و ئۆرگان و قەوارە، چ حکومی و چ ناحکومی، بازرگانی و قازانج نەویست، بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ریسایکلیندا کردووە لە رێگەی دەستپێشخەرییەکانی رۆژی جیهانیی ڕیسایکلینەوە.
گرنگیی ڕیسایکلین لەوەدایە کە گرنگە بۆ مرۆڤ و ژینگە، بەوپێیەی بەکارهێنانی وزە کەمدەکاتەوە، کوالێتی ئاو و هەوا باشتر دەکات، گۆڕانی کەشوهەوا سنووردار دەکات، هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی خاوی نوێ بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ کەمدەکاتەوە، ئەوە جگە لە پاشەکەوتکردنی پارە و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان.

پاشماوەکان بە داتا و ژمارە
*ساڵانە 11.2 ملیار تۆن پاشماوەی رەق لە سەرانسەری جیهاندا کۆدەکرێتەوە.
 *لە کەرتی ریسایکلیندا تەنها لە بەرازیل و چین و ئەمریکا 12 ملیۆن کەس کاردەکات.
*تەنها  9 %ی هەموو پاشماوەی پلاستیکی کە تائێستا بەرهەم هێنراوە، دووبارە بەکارهێنراوەتەوە.
*نزیکەی 12 % سووتێنراون.
 79 %یان لەناو خاک و ژینگە، فڕێدراون.
*لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر خولەکێکدا یەک ملیۆن بوتڵی خواردنەوەی پلاستیکی دەکڕدرێت.
*ساڵانە پێنج تریلیۆن کیسی نایلۆنی یەکجار بەکارهێنراو لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت.
*نیوەی هەموو پلاستیکەکانی بەرهەمهێنراو بۆ یەکجار بەکارهێنان و فڕێدان دیزاین کراون.
*لە نێوان ساڵانی 2010 - 2019 قەبارەی پاشماوەی ئەلەکترۆنیی دروستکراو لەسەر ئاستی جیهان لە 5.3 بۆ 7.3 کیلۆگرام بۆ هەر تاکێک لە ساڵێکدا زیادیکردووە.
*رێژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی ئەلەکترۆنی لە رووی ژینگەییەوە زۆر خاوترە و ساڵانە لە 0.8 بۆ 1.3 کیلۆگرام بۆ هەر تاکێک زیاد دەکات.
*بانکی جیهانی: پاشماوەکانی جیهان تا ساڵی 2050 بە رێژەی 70 % گەشە دەکات.
*پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی پاشماوەی جیهانی لە 2.01 ملیار تۆن لە ساڵی 2016 بۆ 3.4 ملیار تۆن لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا زیادبکات.
*وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرز 16 %ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام پێکەوە زیاتر لە 1\3 ی  34 % ی پاشماوەی جیهان بەرهەمدەهێنن.
*ناوچەی خۆرهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی نزیکەی چارەکێک 23 %ی هەموو پاشماوەکان.
*پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 بەرهەمهێنانی پاشماوە لە ئەفریقای ژێر بیاباندا زیاتر لە سێ ئەوەندەی ئاستی ئێستا زیادبکات.
*لە ساڵی 2016 دا، جیهان 242 ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەمهێناوە، کە دەکاتە 12 %ی هەموو پاشماوە رەقەکان.
*لە ساڵی 2000 ەوە بانکی نێودەوڵەتی زیاتر لە 4.7 ملیار دۆلاری پابەند کردووە بە زیاتر لە 340 بەرنامەی بەڕێوەبردنی پاشماوەی رەقەوە لە وڵاتانی جیهان.

*عیراق، بڕی پاشماوەی ئاسایی کۆکراوەی لە ساڵی 2020 دا 11.8 ملیۆن تۆن بووە لە ساڵێکدا، بە بەراورد بە ساڵی 2019، کە 10.6 ملیۆن تۆن بووە.
*عیراق، لە کاتێکدا تێکڕای بڕی پاشماوە  لەلایەن هەر کەسێکەوە 1.5 کیلۆگرامە لە رۆژێکدا.
*بەم پێیە ئەو نزیکەی 12 ملیۆن تۆن پاشماوەیەی عیراق لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەرهەمی هێناوە، دەتوانێت بڕێکی زۆر کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەوپێیەی هەر هەزار تۆن پاشماوە 37 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت.
*هەرێمی ‌کوردستان، رۆژانە نزیکەی هەشت هەزار تۆن پاشماوەی هەیە.
*پاشماوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 45 %ی پاشماوەکان پێکدەهێنن.
*پاشماوەی مادە پلاستیکییەکان نزیکەی 35 %ی پاشماوەی هەرێم پێکدەهێنن.

*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان