کەرکوک لە یەکەم نەورۆزی ئازادیدا

10:22 - 2024-03-20
دووتوێ
118 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

خاوەنداریی کورد لە کەرکوک خاوەندارییەکی رەسەنە، نە ئەوەیە پەیوەست بێت بە نەوت و جەوتەوە، نە ئەوەشە کورد خواستی ئەوەی هەبووبێت کە خاکی کەسی تر زەوت بکات، بەڵکو بە درێژایی مێژووی 100 ساڵی رابردوو لە ململانێی پاراستنی ناسنامەی خۆیدا بووە تا خاک و شوناسەکەی لێ زەوت نەکرێت.
راپەڕین و خاوەنداریی کەرکوک
ساڵی 1991 لە زنجیرەی هەڵمەتەکانی هێزی پێشمەرگە و جەماوەری راپەڕیوی کوردستاندا، بۆ ئازادکردنی شارەکان، شاری کەرکوک بووە ئەو شوێنەی کە لێیەوە جاڕی سەرکەوتنی راپەڕین درا و کەرکوک تاجی سەرکەوتنەکی لەسەر نا. 
ئەگەرچی قسەکردن لەسەر نەورۆزی ئازادیی کەرکوک بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی ئەو شارەیە، نەک خوانەخواستە بۆ کەمکردنەوە لە سەنگ و قورسایی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک، چونکە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت پێکهاتەکانی کەرکوک بە تورکمان و کلدۆئاشوور و عەرەبە رەسەنەکانیشەوە کەم و زۆر بێبەش نەبوون لە ستەم و چەوساندنەوە لە ژێر دەستی دەسەڵاتە جیاجیاکانی بەغدا، بەڵام ئیدی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا چەوساندنەوە و سەرکوتکاری گەیشتبووە ترۆپک و هەموو نەتەوە و پێکهاتە و تایەفەکانی کەرکوک حاڵیان حاڵی کورد بوو، تاکە جیاوازییان کەمیی ژمارەیان و نەبوونی هێزی سیاسی و چەکداریی ئۆپۆزسیۆنی دژ بەو رژێمە بوو.
خاڵێکی تر ئەوەبوو لە سەروبەندی راپەڕین و رزگارکردنی کەرکوکدا، راپەڕین و ئازادکردنی شارەکە هێندە دەستوبرد بوو،  دەوڵەتە ئیقلیمییەکان نە بەرنامەیان هەبوو بۆ جێکردنەوەی ئەجێندای خۆیان و نە فریای پیلانگێڕیی کەوتن، بۆیە نەک هەر کورد، بەڵکو تورکمان و کلدۆئاشوور و عەرەبە رەسەنەکان و بگرە بەشێک لەو عەرەبە هاوردانەش کە لە ناوچەکانی باشووری عیراقەوە دوای تێکدانی هۆڕەکان و ناوچەکانیان بە زۆر هێنرابوونە کەرکوک، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لە پێشوازیی پێشمەرگەدا بوون لە رۆژی رزگارکردنیدا، بەڵگەی ئەوەش جگە لە دامودەزگا سەربازی و ئەمنی و سیخوڕییەکانی رژێم لەو شارە، لە هیچ گەڕەک و ناوچەیەکی عەرەب نشین و تورکمان نشیندا پێشمەرگە و جەماوەری راپەڕیو نەک تووشی روبەڕوبوونەوە نەهاتن، بەڵکو هاوشێوەی کوردە ستەمدیدەکانی ناو شارەکە کە بە شێوازی جیاجیا لە سیاسەتی بە عەرەبکردن و بە بەعسیکردن و راگواستن رزگاریان ببوو، لە پێشوازیی هێزە رزگارکەرەکاندا بوون، بەوەش ئەوە بۆ جیهان سەلمێنرا کە سەرەڕای شاڵاوی چڕی نزیکەی 40 ساڵی حوکمڕانیی هەردوو قۆناغی بەعس و شۆڤێنیزمی عەرەبی لەو شارە، بەڵام لە چەند رۆژێکی کەمدا ئەوە بۆ هەموولایەک روون بۆوە کە کەرکوک کوردستانییە و هەم هێزە رزگارکەرەکەی و هەم ئەو هێزەش کە لە دوای رزگارکردنی تا دوا دەرفەت بەرگریی لە شارەکە کرد و زۆرترین قوربانیی بۆ بەخشی بە گیانی رۆڵەکانی هەر کورد بوو.
بەڵگەیەکی دیکەش کە پێکهاتەکانی دیکە خاوەندارێتی کوردستانیی شارەکەیان سەلماند، ئەوەبوو کە لە دوای شکستی راپەڕین و پاشەکشەی پێشمەرگە، هاووڵاتیانی غەیرە کوردی شارەکە پەلاماری هێزی پێشمەرگەیان نەدا، کەواتە هەم پێشوازییەکەی سەرەتا و هەم پاشەکشەی هێزەکەش بەناو پێکهاتەکاندا بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو پێکهاتانە وەک نەتەوە و ئیتنیکی جیاواز نە لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئیقلیمیدا بوون  و نە لەگەڵ رژێمەکانیشدا هاوڕابوون لە راگواستنی کورد لەو شارە بە درێژایی مێژوو.
دەنگی گەلی کوردستان و رزگارکردنی کەرکوک
رەنگە ئەو هەموو دروشم و بانگەوازانەی لە دەنگی گەلی کوردستانەوە وەک تاکە میدیای سەردەمی راپەڕین پەخش دەکرا، هێندەی ئەو دروشم و شعیر و شانامە و پەخشان و بانگەوازانە کاریگەر نەبووبن کە لە ئێوارەی نەورۆزی 1991-ەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ئازادکردنی کەرکوکدا کاریگەر نەبووبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان