گەڕانەوەی ماركس

11:57 - 2022-06-07
کەلتور
730 جار خوێندراوەتەوە
#تابلۆیەکی هونەری کارل مارکس


ئەکرەم میهرداد

 كاتێك ماركس لە ساڵی 1883 كۆچی دوایی كرد، ئەو بیروباوەڕانەی كە بەجێی هێشت پوخت ‌و پاك نەبوون، ئەو لە هیچ نووسین ‌و كتێبەكانی بەشێوەی تەواو ‌و رێكخراو بیروباوەڕەكانی كۆنەكردبۆوە. لەوەش زیاتر، بەشی زۆری نووسینەكانی گفتوگۆ ‌و رەخنە ‌و لێكۆڵینەوەیە بەرامبەر بیروباوەڕی كەسانی دیكە، كە ئێستا زۆرێك لەو بیروباوەڕانە كۆن بوون. بەڵام ماركس وەكو زۆربەی بیرمەندانی بلیمەت، تەنیا یەك روخساری نییە، شێوازی جۆراوجۆری كار ‌و نووسین ‌و كتێبەكانی، وتار ‌و نامەكانی كە لە قۆناغە جیاوازەكانی پێگەیشتنی بیروباوەڕ ‌و رێبازەكەی بەدەستمان گەیشتوون، پێمان دەڵێن ماركس چەند روخسار ‌و رەهەندی هەبووە، كە ناتوانین هیچ كام لە روخسارەكانی بكەینە رێبازی سەرەكی كار ‌و بیركردنەوەكانی، هەروەكو چۆن هیچكام لەو رێبازانەش نابنە میتۆدی شیكردنەوەی رێبازەكانی دیكەی (بێگومان ئەم پرسە، پرسی پڕ كێشە ‌و ئاڵۆزی ماركس ‌و ماركسیزمی دوای خۆیەتی).

روخسارە جۆراوجۆرەكانی ماركس
 روخسارە جۆراوجۆرەكانی ماركس بەم شێوەیەن: 
ماركسی شۆڕشگێر-‌و بەپێی ئەم بنەمایەش نووسین ‌و بیركردنەوەی ئایدیۆلۆجی زۆری هەیە، پرسی شۆڕشی چینی كرێكار ‌و دیكتاتۆری پرۆلیتاریا سەر بەم روخسار ‌و رێبازەن. ماركسی ئابووریناس- بەو پێیەش نووسین ‌و لێكۆڵینەوەی ئابووری بەهێز ‌و سەنگین بۆ ناسین ‌و شیكردنەوەی سیستەمی سەرمایەداری ‌و چەوسانەوەی چینایەتی، كە هەتا ئێستا لەم بوارەدا ماركس بنەمای راست ‌و دروستی خستۆتە ڕوو. 
ماركسی مێژوونووس ‌و لێكۆڵیاری مێژوویی- كە لە هەموو مێژووناسەكانی دیكە كەمتر گرنگی ‌و شایستەیی پێدراوە، هەروەها ماركسی فەیلەسوفی سیاسی ‌و مێژوو، كۆمەڵناسی سیاسی.
سەرەنجام ماركسی لاو وەكو كەسایەتییەكی مرۆڤدۆست و زانای ئەخلاق،  هەروەها لێكۆڵیاری گرنگی فەلسەفی ‌و سیاسی ‌و ئابووریی و كۆمەڵایەتی دەربارەی یەكێك لە پرسە گرنگەكانی كۆمەڵی مۆدێرن، كە ئەویش پرسی نامۆیی ‌و لەخۆبێگانەبوونی مرۆڤی مۆدێرنە لە سەردەمی سەرمایەداری ‌و دەوڵەتی مۆدێرن.
لەراستیدا تەنیا یەك ماركس لە ئارادا نییە، هەر كەسێكی لێكۆڵیاری بیر ‌و زانست دەتوانێ ماركسی دڵخوازی خۆی لە نووسین ‌و كتێبەكانیدا بدۆزێتەوە. 
ماركسی شۆڕشگێر ‌و ئایدیۆلۆجیست لە كتێبەكانی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست، هەژدەی برۆمێر ‌و جەنگی ناوخۆی فەرەنسا ‌و هەندێك لە بەشەكانی سەرمایە دەتوانین بناسین. ماركسی ئابووریناس ‌و لێكۆڵیاری ئابووری سەرمایەداری، لە كتێبەكانی سەرمایە، بەشدارییەك لە رەخنەی ئابووری سیاسی 1859، پێشەكیەك بۆ ئابووری سیاسی (گرۆندریسە) پەیدا دەبێت. ماركسی مێژووناس ‌و لێكۆڵیاری چینایەتی مێژوو ‌و ململانێی چینایەتی مێژوو، لە كتێبەكانی هەژدەی برۆمێر، خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا، جەنگی ناوخۆیی فەرەنسا ‌و مانیفێستی كۆمۆنیست بە زانایی ‌و رۆشنی خۆی دەردەخات. سەرەنجام ماركسی زانا ‌و بیرمەندی فەلسەفەی سیاسی ‌و كۆمەڵناسی سیاسی ‌و ماركسی مرۆڤدۆست (هیومانیست) لە نووسین ‌و كتێبەكانی (رەخنەی فەلسەفەی هەق لای هیگڵ)، (دەربارەی مەسەلەی جوو)، (ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی) و (دەستنووسەكانی 1844) یەكێكە لە روخسارە گرنگ ‌و كاریگەرەكانی فكر ‌و فەلسەفە ‌و رۆشنگەری كە هیچكام لە رێبازە ماركسی ‌و نەیارەكانیشی بەپێی پێویست باس ‌و لێكۆڵینەوەیان نەكردووە، یان لە راستیدا نەكراوەتە ناوەڕۆكی سیاسی ‌و مرۆیی هیچكام لە رەوتە چەپ ‌و سۆسیالیستەكانی جیهان. 
سەرەنجام بۆ ئەوەی خوێنەر ‌و لێكۆڵیاران بیانەوێ بە راست ‌و رەوانی ماركس بناسن، بێگومان كەس لە خودی ماركس زیاتر نابێت بكەنە سەرچاوە ‌و كەسیش وەكو ماركس ئەم كارەی ئاسان نەكردووە. بۆیە منیش پوختە ‌و كاكڵەی بیروباوەڕەكانی ماركس لە خودی خۆیەوە وەردەگرم ‌و سەرەتای ئەو كارەش بەوە دەست پێئەكەم كە لە نووسین ‌و كتێبەكانی خۆیەوە ئەم كارە بكەم.

 دابڕان لە هیگڵ ‌و هیگڵییە لاوەكان
ماركس لە ساڵی 1837 بوو بە ئەندامی (یانەی دكتۆران) ی بەرلین ‌و لەوێ لەگەڵ لاوانی هیگڵیدا ئاشنا بوو، بەتایبەتی لەگەڵ برۆنۆ باوێر، مۆزس هس ‌و ئارنۆڵد رۆگە دۆستایەتی نزیكی هەبوو. هیگڵییە لاوەكان ئەو لیبرالە نوێخوازانە بوون كە رەخنەیان لە مەسیحیەت هەبوو، ‌ ماركسیش لەمەدا لەگەڵیان هاوڕا بوو. هەر لەو ساڵانەدا بە خوێندنەوەی رەخنەكارانەی فەلسەفەی هیگڵ ‌و بەتایبەتی بیروڕا سیاسیەكانی یەكێك لە گرنگترین كتێبەكانی نووسی بە ناوی (پێشەكی رەخنەی فەلسەفەی هەقی هیگڵ)) 1843، كە سەرەڕای گرنگییەكەی بەڵام چاپی نەكرد ‌و هەروا مایەوە، هەتا دوای سەدەیەك چاپ ‌و بڵاو كرایەوە. وێرای رەخنەكانی ماركس لە هیگڵ، كە هەندێكجار زۆر توند بوون، بەڵام كاریگەری هیگڵ لەسەر ئەو لە كاریگەری هەموو بیرمەند ‌و فەیلەسوفێكی دیكە زیاتر بوو. رەخنەكانی ماركسی لاو لە هیگڵ، بێگومان لە دوای خوێندنەوەی نووسین ‌و بەرهەمەكانی فیورباخ بوون، هەرچەندە دوو ساڵ دواتر كەوتە رەخنەی بیروباوەڕەكانی فیورباخیش، ئەمەش لە كتێبی (تێزەكان دەربارەی فیورباخ) لە ساڵی 1845. ماركس پێش ئاشنابوون بە بیروباوەڕی فیورباخ بڕوای بە ماتریالیزم هێنابوو، بەڵام نووسینەكانی فیورباخ ئەوی زیاتر دڵنیا كردەوە ‌و سەرەنجام بەو ئاكامە گەیشت كە ماتریالیزمی بیر وشك ‌و وەستای فیورباخ بەهۆی ئەسیربوونی لە سروشت باوەڕی، ‌و گرنگی نەدانی بە مرۆڤی راستەقینە، كارا ‌و كۆمەڵایەتی، لە بەرەوپێشبردنی ئەندێشە ‌و كاردا رادیكال ‌و بەبەرهەم نیە.
تیۆرە ئازاكانی ماركس لە دژی ئایین، ‌و بەتایبەتی دیدگای لیبرالی ‌و رادیكال ماركسی ناودار كرد. هەربۆیەش مۆڵەتی مامۆستایی ‌و وانە وتنەوەیان نەدایە لە زانكۆ. ئەویش ئەم كێشەیەی پێ گرنگ نەبوو، چونكە رۆژنامەوانی لەهەموو كارێكی پێ گرنگتر ‌و كاریگەرتر بوو. لەم قۆناغەدا ‌و لە رەخنەی فەلسەفی هەقی هیگڵدا ماركس دەڵێت:  بۆ نەهێشتنی گومان ‌و نارۆشنی خۆم، یەكەمین كارم دیسان خوێندنەوە ‌و لێكۆڵینەوەی رەخنەكارانەی فەلسەفی هەقی هیگڵ بوو. لێكۆڵینەوەكانم منیان بەو ئاكامە گەیاند كە پەیوەندییە یاساییەكان (حقوقی) ‌و شێوە سیاسیەكانی (دەوڵەت) ناتوانن لە رێگەی خودی ئەم پەیوەندییانە ‌و شێوەكانی یان لە رەهەندەكانی ئەوەی ناویان ناوە (تەكامولی گشتی) بیركردنەوەی مرۆڤ تێبگەین، بەڵكو دەبێت لە رەگوریشەی هەلومەرجی مادی ژیاندا بیاندۆزینەوە، كە هیگڵ هەندێك لەوانەی، بە پەیڕەوی لە بیرمەندانی سەدەی هەژدەی بەریتانیا ‌و فەرەنسا لە چوارچێوەی زاراوەی (كۆمەڵی مەدەنی) دا داناوە. بەڵام ناسینی ناوەڕۆكی كۆمەڵی مەدەنی دەبێت لە ئابووری سیاسیدا بۆی بگەڕێین.

دەوڵەت ‌و كۆمەڵ
لە روانگەی ماركسەوە، رێگەی ئایندە هەر لە سیاسەتدایە، بەڵام سیاسەتێك كە چەمكی ئێستا ‌و باوی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت ‌و كۆمەڵ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم پرسەدا ئامانجی ماركس ئەوەبوو كە بەهۆی ناسین ‌و لێكۆڵینەوەی دامەزراوە سیاسی ‌و واقیعی ‌و بوونەكان، ئەوە بسەلمێنێ كە هەڵوێست ‌و روانگەی هیگڵ بۆ پەیوەندی نێوان بیركردنەوە ‌و واقعیەت هەڵەیە. هیگڵ هەوڵیدا ئەوە بسەلمێنێ كە واقعیەت بریتییە لە دەرخستن ‌و تەكامولی ئایدیا ‌و هەربۆیەش عەقڵانیە، جیهانی ئایدیاڵ ‌و جیهانی واقیعی لەگەڵ یەك سازش كردووە. ماركس بەپێچەوانەوە، لە ناكۆكی نێوان ئایدیاڵ ‌و واقیعیەت لە جیهانی مادیدا باس ‌و لێكۆڵینەوەی كرد ‌و تەواوی دیدگای هیگڵی بە ئایدیالیست ناسی، مەبەستی ماركس ئەوەبوو كە دیدی هیگڵ تەنیا لە چەمكە ئایدیاڵەكاندایە ‌و لەگەڵ هەلومەرجی واقیعی ئەزموونی ‌و بابەتی پێچەوانەیە. بەپێی فەلسەفەی سیاسی هیگڵ- كە بەشێكە لە سازشی نێوان فەلسەفە لەگەڵ واقعیەتی هەنووکەیی، كە ئەمەش دەبێتە ماهیەتی كۆنەپارێز ‌و پێشنەكەوتووی- هۆشیاری مرۆڤ خۆی لە دامەزراوە یاسایی، ئایینی، كۆمەڵایەتی ‌و سیاسیەكاندا، بەشێوەی بابەتی دەردەكەوێت ‌و دەبنە دیاردە. ئەم دامەزراوانە وا لە رۆح دەكەن كە ئازادی تەواو بەدەست بهێنێ ‌و بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەش لەلایەن ئەخلاقی كۆمەڵایەتی دامەزراوەكانی خێزان، كۆمەڵی مەدەنی ‌و دەوڵەت دروست دەكات. خێزان مرۆڤ بۆ خۆبەڕێوەبردنی ئەخلاقی پەروەردە دەكات، لەكاتێكدا كۆمەڵ ژیانی ئابووری ‌و پیشەیی ‌و فەرهەنگی رێك دەخات. تەنیا دەوڵەت، واتا باڵاترین رێكخراوی كۆمەڵایەتی، بەواقعیەتی بەرجەستەكراوی ئازادی دەبینێ-كە دەتوانێ مافە تایبەتییەكان ‌و عەقڵی گشتی ‌و جیهانی وەكو قۆناغی كۆتایی تەكامولی رۆحی واقعی ‌و بابەتی بەیەك بگەیەنێ. 

كێشەی هیگڵ ئەوەیە، ئەو بڕوایە پەسەند ناكات كە مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێكی ئازادە و دەوڵەت ئازادییەكەی سنووردار دەكات. هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت واتە، حكومەت بە دەسەڵاتی یاسادانان ‌و جیبەجێ كردن، كە لەلای هیگڵ بەشە جیاوازەكانی دەوڵەتن، بەڵام لەلای ماركس ئەوەیە كە هاوڕایی ‌و تێگەیشتن ‌و پەیوەندیی نێوان ئەم دامەزراوانە درۆ ‌و ساختە ‌و فریوە. ئەمەش یەكەمین دەستكەوتی سیاسی ‌و بیریاری بیروباوەڕی ماركسە،كە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە ‌و كاریگەریی هەیە. 

خێزان ‌و یاسا ‌و كۆمەڵی مەدەنی
 دواتر ماركس نیشانی دەدات كە چۆن هیگڵ خێزان ‌و یاسا ‌و كۆمەڵی مەدەنی بەشێوەی خودی ‌و دەروونی وابەستە بە دەوڵەت ‌و پەیدابوو لە دەوڵەت دەزانێت ‌و تەنیاش بەم شیكردنەوەیە رازیە. ئەم وابەستەییە لەلایەك پەیوەستە بە (پێداویستی دەرەكی) ‌و لەلایەكی دیكە (ئامانجی خودی یان دەروونی) خێزان ‌و كۆمەڵی مەدەنی. پێداویستی دەرەكی بەو مانایە دێت (یاساكان) ‌و (بەرژەوەندییەكان) دەوڵەتەكە وەكو ویستێك دەسەڵات ‌و ئەولەویەتی دەبێت بەسەر (ویستی) گشتی ‌و یاساكانی مەدەنی دا. باڵاتربوونی دەوڵەت بەسەر خێزان ‌و كۆمەڵی مەدەنی، وەكو پێداویستییەكی دەرەكی، بەو مانایەیە كە هەردوو دامەزراوەی خێزان ‌و كۆمەڵی مەدەنی لە تەكامول ‌و گەشەی راستەقینەی خۆیان دەبنە یان دەكرێنە قەڵەمڕەوە تایبەتییەكانی دەوڵەت. بۆیە ماركس دەڵێت: لێرەدا هیگڵ ناكۆكییەكی چارەنەكراو دەهێنێتەدی: لەلایەك پێداویستی دەرەكی ‌و لەلایەكی دیكە ئامانجی دەروونی دەخاتە یەكێتییەكی دڵخواز ‌و گشتی دەوڵەت لەگەڵ بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی تاكەكان، كە وا پێویست دەكات ئەركەكانی (ئەوان) سەبارەت بە دەوڵەت ‌و مافی ئەوان لە دەوڵەتدا یەكسان بێت. بەڵام راستییەكەی وا نییە ‌و دەوڵەت وەكو (پێداویستییەكی دەرەكی) هەمیشە لەگەڵ (ئامانجی خودی) تاكەكان لە ناكۆكی ‌و ململانێدایە ‌و هەموو شێوازەكانی دەسەڵات ‌و دەوڵەت بە شاهانە، دیكتاتۆری، دیموكراتی ‌و تەنانەت سۆشیالیستیش هەر لەم ناكۆكی ‌و ململانێیەدا دەبن، كە سەردەمێك بۆ سەردەمێكی دیكە، وڵاتێك بۆ وڵاتانی دیكە، توندیی ‌و سستی ئەم ناكۆكی ‌و ململانێیە هەر بەردەوام دەبێت. ئاڕاستە ‌و ئامانجی ماركس بەرەو پێشكەوتن ‌و سەركەوتنی (ئامانجی خودی) مرۆڤایەتییە بەسەر (پێداویستی دەرەكی) ‌و دەوڵەتدا.

رەخنە لە ئایین پێشمەرجی هەموو رەخنەكانی دیكەیە
   ماركس وتاری (هەنگاوێك لە رەخنەی فەلسەفەی هەقی هیگڵ) بەم رستەیە دەست پێدەكات: تا ئەو جێگەیەی كە پەیوەندیی بە ئەڵمانیاوە هەبێت رەخنە لە ئایین بە كۆتایی گەیشتووە ‌و رەخنە لە ئایین پێشمەرجی هەموو رەخنەكانی ترە. 
ئەم رستەیە تەنیا شكۆی رەخنە لە ئایین نییە لە ئەڵمانیا-هەر لە شتراوس هەتا فیورباخ-بەڵكو نیشانەی ئەوەیە كە ماركس ئایین بە لوتكەی نامۆیی ‌و لە خۆبێگانەبوونی مرۆڤ دەبینێ ‌و ناسینی هۆكار ‌و زەمینەكانی نامۆییەكانی دیكە لە جۆری (دنیایی) ‌و رێگەچارەكانی، رەخنەی ئایین بە پێشمەرج دەزانێ. دواتر بونیادی رەخنەی ئایین بەم شێوەیە كورت دەكاتەوە: بونیادی رەخنەی نائایینی ئەوەیە كە مرۆڤ ئایینی دروست كردووە، ئایین مرۆڤی دروست نەكردووە.
  لەدوای ئەم روانگەیەشەوە، ماركس نەخش ‌و كاریگەری ئایین ئاوا باس دەكات: «ئایین، خودباوەڕیی ‌و خودئاگایی مرۆییە كە یان هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە، یان دیسان خۆی ون كردۆتەوە.» بەڵام مرۆڤ بوونەوەرێكی جیا ‌و دابڕاو نییە كە لە دەرەوەی جیهان هاتبێ، بەڵكو جیهانی مرۆڤ- دەوڵەت ‌و كۆمەڵە-ئەم دەوڵەت ‌و كۆمەڵە ئایینیان دروست كردووە، ئایینێك كە پێچەوانەوە ‌و هەڵگێڕاوەی جیهانە، یان جیهانێكی هەڵگێڕاوەیە. ئایین تیۆری گشتی ئەم جیهانەیە، زانیننامەی گوشراو ‌و چڕكراوە ‌و لۆجیكەكەشی بەشێوەیەكە كە لە ئاستی عەقڵ ‌و هۆشیاری مرۆڤی سادەدا بێت، مایەی شانازیی مەینەوییانە» مەعنەوی»، شۆر ‌و شەوقی ئەوانە، مۆڵەتی ئەخلاقیانە، كە گەواهیدەی شكۆی ئەوانە، بونیادی جیهانی ‌و سەبووریی ‌و تەسەلا ‌و ئاڕاستەكەریانە. 
ئایین بەدەست هێنانی خەیاڵیی گەوهەری مرۆڤە، چونكە مرۆڤ گەوهەری راستەقینەی دنیایی نییە. بۆیە»  خەبات لە دژی ئایین، خەباتی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەو جیهانەی كە ئایین بۆنی مەینەوی ئەوە. رەنجی ئایینی، هەم بەیانی رەنجی واقیعیە ‌و هەم ناڕەزاییە لە دژی ئەو رەنجە. ئایین ئاهوناڵەی خەڵكی ستەم دیدەیە، هەستی جیهانێكی بێ هەستە ‌و گیانی هەلومەرجێكی بێ گیانە. ئایین ئەفیونی خەڵكە.»
هەرچەند ئایین رێگرە لە تێگەیشتنی هەموو شێوەكانی لەخۆبێگانەبوونی مرۆڤ لە كۆمەڵ، بەڵام ناڕەزاییەكیشە بەرامبەر هەموویان. هەرچەند ئایین ‌و لوتكەی نامۆبوون ‌و لەخۆبێگانەبوونە، بەڵام لەڕاستیدا رەنگدانەوەی هەموو نامۆبوونە ((دنیایی) یەكانیشە، هەرلەبەر ئەمەشە، هەتا مرۆڤ هەموو لەخۆبێگانەبوونە دنیاییەكانی چارە نەكرێن، لەناوبردنی نامۆیی ئایینی مەیسەر نابێت. «دەرەنجام نەهێشتنی ئایین وەكو بەختیاری خەیاڵی مرۆڤ، داوای بەختیاریی راستەقینەیە بۆ ئەوان.» داوای دەستبەردانە لەو وەهمانەی كە دەربارەی ژیانی ئێستایە، مانای داوای وازهێنانە لەو هەموو هەلومەرجانەی كە پێویستیان بە وەهم هەیە. بۆیە، «رەخنە لە ئایین توخم ‌و كاكڵەی رەخنەیە لە جیهانی پڕ دەرد كە ئایین خەرمانە پیرۆزەكەیەتی.»
   
رەخنە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی
بەڵام ماركس تەنیا بە رەخنە لە ئایین واز ناهێنێ، بەڵكو رەخنەی ئەو زۆر فراوانترە لە ئایین ‌و رەخنەیە لەو هەلومەرجانەی كە مرۆڤیان كردۆتە بوونەوەری ئایینی. ئامانجی ئەو تەنیا خەبات  نییە لە دژی (ئەفیون) بەڵكو خەباتە لە بەرامبەر ئەو هەلومەرجانەی كە كۆمەڵیان موحتاجی ئەفیون كردووە، كە بێگومان لە هەمانكاتدا رەخنەی سەرسەختیشە بەرامبەر ئایین. 
بەڵام رەخنەی خۆی بە رەخنە لە ئایین سنوردار نەكردووە ‌و زنجیرەكانی لەخۆبێگانەبوونەكانی (دنیایی) بەجێ بهێڵێ، بەڵكو دەبێت رەخنە لە ئایین بكرێتە رەخنە لە سیاسەت ‌و پرسە كۆمەڵایەتییەكان. لەم پرسەشدا كاری ماركس ئەوەیە كە شێوازی پیرۆز (یان ئایینی) نامۆیی ‌و لەخۆبێگانەبوونی مرۆڤ بخاتە ڕوو. ئەركی بەپەلەی فەلسەفە، كە لە خزمەتی مێژووە، ئاشكراكردنی هەموو شێوەكانی نامۆبوونە بە پیرۆز ‌و ناپیرۆزییانەوە، بە ئایینی ‌و دنیاییانەوە. بۆیە دەبێت رەخنە لە ئاسمان لە رەخنەی زەمین بكەین، رەخنە لە ئایین بەرەو رەخنە لە یاسا ‌و رەخنە لە ئیلاهیات بۆ رەخنەی سیاسەت بەرین.

دەرەنجام
  كاتێك ماركس دەڵێت كە رەخنە لە ئایین پێشمەرجی هەموو رەخنەكانی دیكەیە، بێگومان تەنیا مەبەستی لە رەخنەی فكری ‌و فەلسەفی نییە بە تەنیا، بەڵكو دەخوازێ كە جیهان ‌و دەسەڵاتی هەڵگەڕاوەی دەستی ئایین، یان نامۆیی ‌و لەخۆبێگانەبوونی دەستی دەسەڵاتی ئایینی لەناو ببرێت ‌و لە جیاتی ئەو دەوڵەت ‌و كۆمەڵی نائایینی دابمەزرێ ‌و هەر بۆیەش هەمیشە دڵنیایی لەوە كردۆتەوە، كە ئەڵمانیای گرفتاری دەستی دەسەڵات ‌و كۆمەڵی ئایینی، دەبێت بەشێوەی بەریتانیا ‌و ئەمریكا ‌و فەرەنسای (ئەوسا)ی لێبێت ‌و دەوڵەتی ئایینی یان مەسیحی بكرێت بە دەوڵەتی سیكولار ‌و بێ دین ‌و لەهەمانكاتیشدا یاسا ‌و كۆمەڵیش هەموو دەسەڵات ‌و بەرگێكی ئایینی لێ بسەندرێتەوە!

سەرچاوە:
1-
چارلز رایت میلز، ه.س.پ، ل 169-170
2-بابك احمدی، ماركس ‌و سیاست مدرن، نشر مركز، چاپ پنجم، ل ل 13-14
3-دكتر مرتضى محيط ، كارل ماركس (زندگی ‌و كارهای او) بخش اول، نشر اختران، چاپ سوم، 1385، ل ل 131-132

بابەتە پەیوەندیدارەکان