لە ساڵیادی بڕیاری دادگای پاریسدا

لە ساڵیادی بڕیاری دادگای پاریسدا: لە خەونی دەوڵەتەوە بۆ شکست و کارەسات

09:50 - 2024-03-24
ئابووری
170 جار خوێندراوەتەوە
دادگای پاریس


رێبوار محەمەد *


ساڵێک پێش ئێستا و لەڕێکەوتی 23/3/2023 بڕیاری دادگای ژووری نێو بژیوانی  پاریس دەرکرا دژی هەناردەی نەوتی کوردستان  و  دوو رۆژ دوای بڕیاڕەکە هەناردەی نەوتی  هەرێمی کوردستان راگیرا.
لە خوارەوە شیکارییەکی ورد بۆ هۆکارەکان،دەرئەنجامەکان و ئەگەر و پێشهاتە مەترسیدارەکان دەکەین:

1 - هۆکاری  بڕیاری دادگای پاریس چی بوو؟
هەرێمی کوردستان  لە ساڵی 2014 هەناردەی نەوتی دەست  پێکرد، پاڵپشت بەگرێبەستێکی 50 ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، لەهەمانکاتدا حکومەتی فیدراڵی عیراق گرێبەستێکی هەبوو لەگەڵ تورکیا  بۆ هەناردەی نەوتی عیراق لەڕێگەی بۆری کەرکوک ـ جیهان لەساڵی 1973 وە.
لەپای سەرپێچی تورکیا لە گرێبەستەکەی لەگەڵ عیراق، لە ساڵی 2014 عیراق لە دادگای ژووری نێوبژیوانی پاریس سکاڵایەکی لەسەر دەوڵەتی تورکیا تۆمارکرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی سەرپێچی تورکیا.
دواجار لە دوای 10ساڵ بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی  کوردستاندرا و هەناردەی نەوت راگیرا و قەرەبووی زیانەکانی عیراقی بەسەر تورکیادا سەپاند.

2 - ئامانجی کورد چی بوو ؟ 
سەرەتا کورد لە ساڵی  2007 هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق جێ بەجێبکرێت و یاسای نەوت وغازی فیدراڵی بەپێی ناوەڕۆکی مادەکانی 111،112 دەربچێت و کورد مافی خۆی لەبەڕێوەبردن و سوودوەرگرتن  لە سامانی نەوت و غازی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەندێک لە بڕیاربەدەستانی ئەوکاتەی بەغدا عەقڵیەتی شۆڤێنی زاڵ بوو بەسەریاندا و باوەڕیان بەهاوبەشیی راستەقینە نەبوو لەگەڵ کورد و خەونی گەڕانەوەیان هەبوو بۆ ناوەندێتی.

3 - بۆچی کورد کەوتە هەڵەوە و دەبوایە چی بکردایە؟
 لە ساڵی 2007 کورد کەوتە هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەی خۆکوژیەوە و لەجیاتی ئەوەی پەنا بۆ دادگای فیدراڵی عیراق ببات و لەڕێگەی دادگاوە مافی خۆی وەربگرێت، ئەمەی نەکرد و دوو هەنگاوی بێ ئەنجامی نا کە ئەم کارەساتانەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە:
ا ـ  پەنای بۆ رێکەوتنی سیاسی برد و هەندێ رێکەوتنی ژێربەژێری کرد بۆ وەبەرهێنانی نەوت وغاز لە کوردستان بەڵام ئەم رێکەوتنە لەبەرامبەر دەستووردا هیچ  بەهایەکی نەبوو فریای کورد نەکەوت.
ب ـ کورد وەک پەرچەکردار دژی بەغداد کۆمەڵێک هەنگاوی نا کە لە بنەڕەتدا مافی خۆی بوو بەڵام رێکارەکەی هەڵە بوو، چونکە پەنای بۆ دادگای فیدراڵی نەبرد کە  حکومەتی فیدراڵی و پەرلەمانی فیدراڵی ناچار بکات ئەم مافانە بسەلمێنێت بەیاسا.
ئەمەش هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو:
1ـ دەرکردنی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان .
2ـ  دابەشکردنی هەرێم بۆ 57 بلۆکی نەوتی .
3ـ ئەنجامدانی 52 گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتی و غازییە بیانیەکان.
4ـ  بنیاتنانی بۆری خورمەڵە ـ فیشخابوور بۆ هەناردەی نەوت.
5ـ بڕیاری هەناردەی  نەوتی هەرێم و ئابوری سەربەخۆ لەساڵی 2014.
6ـ دەرکردنی یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیەکان.

4 - زیانەکانی ئابووری سەربەخۆ و هەناردەی نەوت
ئەلف ـ راگرتنی پشکی بوودجەی 17 ٪ی  هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە کە  دەکاتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار.
ب  ـ بەهەدەردانی نزیکەی یەک ملیارو پێنج سەد ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان.
ج ـ حکومەتی هەرێم دەڵێت، بە گوژمەی 68 ملیار دۆلار نەوتم فرۆشتوەو لەبەرامبەردا 36 ملیار دۆلار قەرزدارە.
د ـ حکومەتی هەرێم کەوتە قەیرانێکی دارایی و ئابووریەوە و چەندین مانگ مووچەی پێنەدراوە، هەموو پڕۆژەکان بەنیوە ناچڵ وەستان. پڕۆژەی نوێ ئەنجام نەدرا.قەیرانی سیایی و کۆمەڵایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

5ـ  زیانە سیاسیەکانی هەناردەی نەوت 
ئەلف ـ  16 ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە بەهۆی هێنانی روسەکان بۆسەر نەوتی کوردستان و تائێستاش زیانەکانی بەردەوامە سەرەڕای لەدەستدانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان و لاوازبوونی پێگەی کورد لە جیهان.
ب ـ تێکچوونی یەکڕیزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

6 -  بۆچی بڕیارەکەی دادگای پاریس لەم رێکەوتە دەرچوو؟
سەرەڕای هۆکارەکانی سەرەوە  بەڵام هۆکاری ناوخۆی هەرێمیش پاڵنەری دەرکردنی ئەم بڕیارە بوون کە بریتی بوو لە بن بەستنی دۆخی ئابووری،سیاسی،کۆمەڵایەتی  هەرێم و نزیک بوونەوە لەتەقینەوە .
دوای چەندین هەوڵی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان،ئەمریکا و دۆستانی کورد  بۆ رێکەوتن لەناوخۆی کوردستان و هاوسەنگ کردنەوەی هێز بەڵام ئەنجامی نەبوو،   بەپێی بۆچوونی کەسانی پەیوەندیدار ئەم بڕیارەی دادگای پاریس هەنگاوی یەکەمی  هاوسەنگ کردنەوەی هێزە لە کوردستان.

7 - کاریگەری و دەرئەنجامەکانی  بڕیارەکە
ئەلف ـ راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان و دەرهێنانی گرنگترین سەرچاوەی ئابووری لەدەستی بڕیاربەدەستانی هەرێم.
ب دەرکردنی هەرێم لەسەرنەخشەی وزە.
ج ـ دوورخستنەوەی هەژموونی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
د ـ نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێم.
ه ـ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەو یاسایانەی لە ماوەی درێژکراوە دەری کردبوو.
و ـ حکومەت کرا بەکاربەڕێکەر.
ز ـ کۆمسێۆن پەک خرا.
ح ـ  کۆتاکان نەدا و هەرێم کرایە چوار بازنە.
گ ـ  کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵ و داتای فیدراڵ کاری هەڵبژاردنی کوردستان ئەنجام دەدەن.
ک ـ مووچە خراوەتە دەرەوەی دەسەڵات و ململانێ سیاسیەکانی هەرێم و بەغداد.
ل ـ کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم پێگەی دابەزی بەتایبەت یەکێک لەلایەنە سەرکی یەکانی کوردستان.....هتد.

8 ـ  لە پشت ئەم لاوازکردنە چی هەیە ؟
بەپێی دەرئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ واشنتۆن و سێ داواکاری گرنگی ئەمریکا بۆ پشتیوانی کورد  کە بریتین لە (یەکخستنی هێزی پێشـمەرگە و هەڵوێستی سیاسی دوو هێزە سەرەکییەکە، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ،حوکمی رەشید) کە لە ئێستادا ئەم سێ داواکاریەی ئەمریکا نییە لەکوردستان و گوشار و لاواز کردنەکان بۆ ئەم سێ داواکاریەیە.

9 - ئەگەرو پێشهاتەکان چین لە ئایندەدا ؟
هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 10/6/2024  بڕیاری کۆتایی دەدات  و ڕاستکردنەوەی هاوسەنگی هێز و چارەسەریەکان  بەرجەستە دەکات.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە کوردستان  ئاڕاستەیەکی جیاواز دروست بووە بۆ بەشداری نەکردن و بایکۆت کردنی هەڵبژاردن  لەگەڵ راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان .
ئەگەر بەردەوام مووچە نەدرێت و بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و رێگری بکرێت، ئەوا دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشاییەکی دەستووری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵک لە بواری  ئازادی دەربڕینی بیروڕا و بەشداریی هەڵبژاردن،برسیکردن و رووبەڕووکردنەوەی ژیانی خەڵک بە کارەساتی ئابووری، دەرچوونی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی چەتری دەستوری عیراق و دروستبوونی بۆشایی سیاسی،حکومڕانی،ئابووری لەبەشێکی عیراق بەپێی دەستوور. 
لەوکاتە  دۆخی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سەرپێچی 16 مادەی دەستوور دەبێتەوەو  بەپێی مادەی 67 لەدەستووری هەمیشەی عیراق، کە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە هەڵدەسێت بەپاراستنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق و دەبێت هەنگاوی پێویست بنێت بۆ راستکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان لەکاتی بایکۆت و رێگری هەڵبژاردن.
هەرچەند لەدەستووردا رێکارەکان دیاری نەکراون،بەڵام بەبۆچوونی بەندە ئەم سیناریۆ و پێشهاتانە دێنە پێشەوە:
ئەلف ـ دانووستان  بۆ چارەسەر.
ب ـ گوشاری سیاسی ناوخۆی و نێودەوڵەتی.
ج-تۆمارکردنی سکاڵا و هەڵوەشاندنەوەی حزب و رووبەڕووکردنەوەی بەرپرسان بەدادگا.
دـ کارتی سەربازی
هـهەڵگەڕانەوەی سەربازی لە هەرێم  و هەر ڕێکارێک گونجاوبێت.

لەکۆتاییدا هیوادارم بڕیار بەدەستانی هەرێم بەوردی  کار لەسەر مەترسیەکانی بڕیارەکانیان بکەنەوە و   بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمان رەچاوبکەن و بڕیاری  دروست و ژیرانە بدەن و نەهێڵن هەرێم لەوە زیاتر رووبەڕووی کارەساتی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتی بێتەوە، چونکە لەپێش هەمووانەوە خۆیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

*مافناس،ماستەر لەگرێبەستەکانی نەوت و غازدا  

بابەتە پەیوەندیدارەکان