تەندروستیی کوردستان لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا

01:07 - 2024-03-25
دووتوێ
177 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل باوزێی* 

لە سەدەکانی رابردوودا بەهۆی لاوازیی کەرتی تەندروستی و کەمی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە لە کوردستان، هەروەها بەهۆی فراوانی و بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاو درم و نەخۆشییە کوشندەکانی وەک (تاعون، کۆلێراو مەلاریا) وە بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی کوردستان ژیانیان دەکەوتە مەترسییەوە و ساڵانە بە هەزاران کەس نەخۆش دەکەوتن و گیانیان لەدەست دەدا. هەرچەندە بەشێکی ئەو پەتا و نەخۆشیانەی بڵاودەبوونەوە، لە بنەڕەتدا زادەی ژینگە و بارودۆخی خراپی کوردستان نەبوون، بەڵکو شەپۆلی نەخۆشی و پەتا کوشندەکان لە شوێنانی دیکەوە دەگوازرانەوە بۆ کوردستان و هەندێک جاریش کوردستان دەبوو بە پردێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بۆ ناوچە و شارەکانی دیکەی عیراق.
بە گوێرەی سەرچاوەکان لە نێوان ساڵانی (1688 - 1689) دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعونەوە نزیکەی 100 هەزار کەس لە دانیشتوانی ویلایەتەکانی عیراق گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە ساڵی (1737) دا نەخۆشی تاعون زۆر بە گرانی لە شاری موسڵ و ناوچە کوردییەکانی دەوروبەری داکەوت و لە ماوەی (3-4) مانگدا هەزاران کەسی لەناوبرد.
نەخۆشییەکە گەیشتە کەرکوک
لەلایەکی دیکەوە، کلۆدیۆس جەیمس ریچ (1787 - 1821) گەڕیدە و خۆرهەڵاتناسی بەریتانی لە پاشکۆی گەشتنامەکەیدا ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی تاعونێکی گەورە کردووە لە ساڵی (1757) دا لە کوردستان، دواتر لە ساڵی (1758) دا شەپۆلی نەخۆشییەکە گەیشتۆتە شاری موسڵ، دواتریش لە ساڵی (1771) دا تاعون بە توندی شاری دیاربەکری گرتۆتەوە، دواتر بە شارەکانی مێردین، نوسێبین و جزیرەدا بڵاوبۆتەوە، وەک دەگێڕنەوە تەنانەت هەندێک کەس لە کاتی نوێژکردن لەسەر مردووەکان لە مزگەوتەکاندا بەردەبوونەوە و دوای ماوەیەکی کەم دەمردن، هەمان شەپۆلی تاعون لە ساڵی (1772) دا گەیشتۆتە شاری کەرکوک، بەو هۆیەوە نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەمانکات لە ناوچەکانی میرنشینی بابانیشدا، کە سەردەمی فەرمانڕەوایی محەمەد پاشا بوو لە ساڵانی (1765 - 1778ز) دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە مەڵبەندی دەسەڵاتی گواستەوە بۆ (كۆیە) و ماوەیەك شاری کۆیەی كرد بە پایتەخت، چونكە پەتاکە لە قەڵاچوالان بە توندی پەرەی سەندبوو. دوای ئەوەی پەتاکە چەند مانگێک بەردەوام بوو، جارێکی دیکە خەڵک هیوای بە ژیان گەڕایەوە، بەڵام تەنها %40 ی هاووڵاتیان لە مردن رزگاریان بوو، بەشێک لەوانە لە ئەشکەوتی شاخەکاندا کەوتبوونە لێواری مەرگ و بە ئازارەوە چاوەڕوانی کاتی مردنیان دەکرد، دواتر لە حەشارگەکانیان هاتنە دەرەوە و دەرکەوتن هەتا نیشانیبدەن، کە هێشتا زیندوون، پاشان لە ساڵی (1778) دا نەخۆشییەکە لە ناوچەکانی ئامێدی و میرنشینی بادیناندا بڵاوبۆوە.
باکووری کوردستانی گرتەوە
هەرچەندە لەو کاتەدا خەڵکانێک متمانەیان بە پزیشکە ئەوروپاییەکان هەبوو، چونکە وەک دەردەکەوێت ساڵی (1767) محەمەد پاشای میری بابان بۆ چارەسەرکردنی براکەی، قەشەیەکی ئیتالی لە (موسڵ) ەوە بانگهێشت کردووە بۆ قەڵاچوالان.
زۆری پێنەچوو تەنگژەیەکی دیکە روویدا، کاتێک لە ساڵی (1792) دا تاعون لە باکوری کوردستان بڵاوبۆوە و زۆر بە گرانی شاری دیاربەکر و دەوروبەری گرتەوە، بە جۆرێک رۆژانە نزیکەی 150 کەسی دەکوشت، ئەم نەخۆشییە نزیکەی دوو مانگ هەروا بە قورسی لە دیاربەکر بەردەوامبوو، هەمان ساڵیش لە شاری ئورفە سەری هەڵدایەوە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، پاشان لە ساڵی (1797) دا تاعونێکی گەورە یەخەی شاری (موش) ی گرت و رۆژانە 300 کەسی لەناو دەبرد. لە ساڵی (1799) شدا لە ناوچەکانی (ئەرزەڕۆم، قارس، وان، سیواس، تۆقات و دیاربەکر) تاعون بڵاوبۆوە، سەرەتا لە رۆژێکدا چەند کەسێکی دەکوشت، بەڵام دواتر لە شارێکی وەک دیاربەکر مردووەکان لە رۆژێکدا دەگەیشتنە نزیکەی 100 کەس. ساڵی دواتر واتا (1800) پەتاکە توندتربوو، بە تایبەتی لە شاری دیاربەکردا نزیکەی 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، پاشان نەخۆشییەکە لە مێردین و جزیرە و موسڵ بڵاوبۆوە، بە جۆرێک پێڕانەدەگەیشتن هەموو مردووەکان بنێژن، بۆیە سەگ لاشە بۆگەنەکانی دەخوارد و بەوهۆیەوە هارببوون و پڕیاندەدایە خەڵک. لە ساڵی (1801) دا تاعونەکە زۆر بە توندی لە دانیشتوانی موسڵ ئاڵاو رۆژانە 100 کەس زیاتری دەکوشت. بە گوێرەی ئاماری پاسەوانی دەروازەکانی شار، کە بۆ قوربانییەکان کردویانە، زۆربەی مردووەکان ئافرەت و منداڵ بوون. سەرەڕای هەوڵێکی زۆری خۆپارێزیش، پەتاکە بەرەو باشوور هات و ناوچەکانی میرنشینی بابان و بەغداشی گرتەوە، بۆیە والی فەرمان دەکات هیچ کاروان و رێبوارێک لەم ناوچانەوە روونەکەنە بەغدا.
نەخۆشی گرانەتا
کەش و هەواش لە هەندێک ناوچەی کوردستان دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، کلۆدیۆس جەیمس ریچ لە سەردانی ساڵی (1820) دا بۆ سلێمانی نووسیویەتی: «ناوچەی شارەزوور مەرەزەیەکی زۆری تێدادەکرێت، یەکجار گەرم و نادروستە، پڕیەتی لە مێشوولە و کێچ». لەسەر زاری (مەحمود پاشا 1813-1841) ی میری بابان دەگێڕێتەوە: خەڵکی کوردستان توشی (گەرانی تێ - گرانەتا) بوون، کە (3-4) رۆژ دەخایەنێت، دواتر تایەکی زۆر لە نەخۆشەکە دێنێت و لاوازی دەکات، کە زۆرتر لە بەهاراندا دەردەکەوێت، هەرکەسیش بیرگرێت بە دەگمەن چارەسەری دەکرێت. کاتێکیش ریچ لەگەڵ هاوەڵەکانی دەچێتە گوندی بێستان لە نزیک پێنجوێن، هەموویان توشی (زەردەتا) دەبن، وەک دەرکەوتووە گوندەکە پەتاکەی تێدا بڵاوبۆتەوە. خێزانی ریچ-یش لەمبارەیەوە دەڵێت: «بۆ جێگایەکی نادروست کۆچمان کرد و نەخۆشی و ئەو (تا)یەش، کە هەتا رادەیەک لە وەرزەی هاویندا لە کوردستان بڵاودەبێتەوە، ئەم شوێنەی بەخەستی گرتبۆوە».
سەرەتای بەکارهێنانی پێکوتە
دەتوانین بڵێین: یەکەم هەوڵی زانستی و هاوچەرخانە بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی و پەتا لە کوردستان لە هەمان ساڵدا بووە، کاتێک هاوسەری کلۆدیۆس جەیمس ریچ بەرنامەیەکی کوتانی بە پێکوتە (ڤاکسین - لقاح)ی دژی نەخۆشی ئاوڵە و خروێڵکە (مێکوتە) لە نێو منداڵانی سلێمانی جێبەجێکرد، بەڵام بەرنامەکە سەرکەوتوو نەبوو هەموو ئەو منداڵانەی کوترابوون توشی نەخۆشییەکەبوون، چونکە بە نەشارەزایی جێبەجێکرا، تەنانەت دووەم کوڕی عوسمان بەگ، کە تەمەنی ساڵ و نیوێک بوو رۆژی پێنجشەممە (21/9/1820) کۆچی دواییکرد، هەروەها رۆژی (12/10/1820) دووەم کوڕی مەحمود پاشای میری بابانیش بە ناوی ئەحمەد بەگ بە نەخۆشی ئاوڵە کۆچی دواییکرد، هەرچەندە (مستەر بەل) ی پزیشکی تایبەتی ریچ زۆر هەوڵیشی لەگەڵدا، بەو هیوایەی چاکی بکاتەوە و نەمرێت.
پەروەردەکردنی منداڵی کورد و توانای بەرگریی
لەم بارەیەوە (کارلوکیار) ی خۆرهەڵاتناسی بەلژیکی، کە سەردانی ناوچەکانی کوردستانی کردووە، دەڵێت: «منداڵانی کورد بە سادەیی پەروەردە دەکرێن و هەر لە لەدایکبوونەوە هەتا دوو ساڵیی یەکجۆر کراس دەپۆشن... چونکە دەکەونە بەرئاو و هەوای جیاوازەوە و بە ئاوی سارد دەشۆرێن، بۆیە بەرگەی گۆڕانکاریی کەش و هەوا دەگرن... لە راستیدا منداڵانی کورد، هیچ کاتێک توشی ئاوسان و لیک و بەڵغەم نابن. ژنانی کوردیش، لە کاتی منداڵبووندا هاوکاری یەکتری دەکەن، نەمبیستووە لە کاتی منداڵبووندا دایکێک مردبێت، چونکە ئەوان لەو باوەڕەدان رۆحیەتێکی بەرز باشترین پەرستارە». ئەگەرچی هەندێک ناوچەی دیکەی کوردنشین هەبوو، کە نەخۆشی جۆراوجۆر لە نێویاندا بڵاو دەبۆوە، وەک گەڕیدە بیشوپ، لە سەفەرنامەکەیدا باسی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت: «نەخۆشی چاو، ئاوی رەش، رۆماتیزم و سەرئێشە... لە نێوان بەختیارییەکاندا هەیە، بەهۆی پارێزگاری نەکردن لە خۆیان و نەبوونی ئامرازی تەندروستی  هۆکارێکی سەرەکی بەربڵاوی نەخۆشییەکانە».
پەتایەکی تازە بە ناوی کۆلێرا
بە گوێرەی سەرچاوەکان لە ساڵی (1821) دا نەخۆشییەکی دیکە رووی لە ناوچەکە کرد، کە پێشتر نەناسرابوو، ئەویش پەتای (کۆلێرا) بوو. سەرەتا لە هیندستان بڵاو ببۆوە، ئەمجار لە شاری بەسرە بەرەو باکوور هەڵکشا تا بەغدا و کوردستانیشی گرتەوە. وەک مێژوونووس رەسوڵ حاوی کەرکوکلی ئاماژەی بۆ کردووە: تا ئەوکاتە ناوی پەتاکە و چارەسەرەکەشی نەدەزانرا، لە عیراق چەند ناوێکیان لێنا، وەک: (الهواء الاصفر، الهیضة) تەنانەت هەندێک هەر بە جۆرێک لە تاعونیان دادەنا، چونکە یەکێک لە نیشانەکانی رشانەوەبوو. پەتاکە لە شاری کەرکوک 20 رۆژ بەردەوام بوو، نزیکەی هەزار کەسی کوشت، دواتر بە خێرایی لە سلێمانی و میرنشینی باباندا بڵاوبۆوە.
لە رووداوێکی دیکەدا، باس لە دوورخستنەوەی ئافرەتێک کراوە لە گوندێکی کوردان، لەبەرئەوەی تووشی نەخۆشی (الجذام) واتا (گەڕیی) ببوو، خەڵکی گوندەکەش ترساون لێیبگرنەوە.
کوڕی شای قاجار تووش بوو
لە کاتێکدا سوپای قاجاری بە فەرماندەیی شازادە محەمەد عەلی میرزای والی کرماشان، هێرشی کردبووە سەر میرنشینی بابان و سلێمانی، بەڵام سەربازەکانیان بە توندی تووشی کۆلێرابوون و لە گەڕانەوەیاندا بۆ كرماشان لە گوندی (مەرجانیە) ی نزیك (خەسرەوئاوا – سەعدیە) محەمەد عەلی میرزای کوڕی فەتحعەلی شای قاجار بەهۆی نەخۆشییەکەوە تووشی رشانەوەیەكی توندبوو، لە ئۆكتۆبەری (1821) دا كۆچی دواییكرد، هەروەها لە نێوان ساڵانی (1822 - 1823) دا نەخۆشیی چاوەقوڵە و رشانەوە، کە بە تاعون دەناسرا، سەرتاسەری كوردستان و بە تایبەتی میرنشینی بابانی گرتەوە.
وەک دەردەکەوێت لە تەمموزی (1830) دا چەند دەنگۆیەک بڵاوبۆوە، کە پەتاو نەخۆشی تاعون گەیشتۆتە شاری تەورێز لە ئێران، دوای دوو مانگیش گەیشتە کەرکوک، هەواڵیش هەبوو ئەو پەتایە روو لە بەغدا دەکات، دواتر سلێمانی گرتەوە، بە جۆرێک نەخۆشی تاعون و چاوەقوڵە، بە شێوەیەكی ترسناك بە نێو خەڵكدا بڵاوبۆوە. ناوچەكە رووبەڕووی نەهامەتی و دۆخێكی خراپ بۆوە، بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی مردووان روو لە زیادی بوو. لە هەمان كاتیشدا، گرانی و قاتوقڕییەكی گەورە باڵی بەسەر ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی میرنشینی باباندا كێشابوو. لەوكاتەدا لەبەر چۆڵیی و بێكەسی، ئاوەدانییەك نەمابوو ناوی شار، یان گوندی لێبنرێت، چونكە زۆربەی دانیشتوان و جوتیارەكانی ژێردەسەڵاتی میرنشینی بابان، لە ترسی مردن و نەخۆشكەوتن، كۆمەڵ كۆمەڵ بەرەو چیاكان و ئەشكەوتەكان دەچوون و ماڵ و موڵكی خۆیان جێدەهێشت، بەشێكی زۆریشیان بەرەو ناوچەكانی رەواندز و هەولێر و ژێردەسەڵاتی میرنشینی سۆران و كەركوك كۆچیاندەكرد. لەو رۆژانەدا عوسمان بەگ دوای شەش ساڵ فەرمانڕەوایی كۆیە، هەروەها حەسەن بەگی براكەی دیكەی مەحمود پاشا لە سلێمانی بە پەتای تاعون كۆچی دواییانكرد.
چاوەکانی مستەفا بەگ چارەسەریان نەبوو
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر روس رۆژی دووشەممە (20/5/1833) لەسەر داوای (محەمەد پاشا 1813 - 1836) ی میری سۆران لە بەغداوە دەگاتە رەواندز بە مەبەستی چارەسەرکردنی چاوەکانی مستەفا بەگی باوکی، بەڵام چارەسەری نەکرا، بەڵکو لە گەڕانەوەیدا بۆ هەولێر لادەداتە گوندێک و پیرەژنێک دەبینێت، کە یەکێکی لەبەردەم خۆی داناوە و هەندێک پارچە قوماشی شڕی داوە بەسەریدا و دەستیکردووە بە خوێندنی چەند نزایەک، گوایە بۆ لابردنی نەگبەتییە و لە نەخۆشیش دەیان پارێزێت.
لە ساڵی (1838) دا شێوازی دابڕینی تەندروستی (الحجر الصحي) لە دەوڵەتی عوسمانیدا پەیڕەوکرا، هەرچەندە دوو ساڵی دیکەی پێچوو تا سیستمێکی تایبەت بەم شێوازە دانرا و ناوی لێنرا سیستمی (کۆرەنتینا)، پاشان ئەم سیستمە هەتا ساڵی (1871) شێوەی کۆتایی خۆی وەرگرت. دەبێت لێرەدا ئاماژە بە وتەی کونسڵی گشتی فەڕەنسا بکەین لە بەغدا، کاتێک لە نووسراوێکدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (مەلاریا) لە ساڵی (1854) دا دەگێڕێتەوە بۆ گەندەڵی دەسەڵاتداران و خەمساردییان لە چارەسەرکردنی ئەو گۆم و زەلکاوانەی لە ئەنجامی لافاو پەیدابوون، ئاشکرایە گۆم و زەلکاویش ژینگەیەکی لەبارن بۆ ئەو مێش و مێشولانەی، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەلاریا.
حکومەت پارەی بۆ تەندروستی تەرخان نەکردبوو
ئەمانەی باسکران، دەکرێت چەند هەوڵێکی کەمی سەرەتاییانە بووبێت بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی و پەتا، چونکە حکومەت پارەیەکی ئەوتۆی بۆ لایەنی تەندروستی تەرخان نەدەکرد، ئەوەتا لە ساڵی (1887) دا لە هەموو ویلایەتی موسڵ تەنها 600 قوروش بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکردووە، ئەویش لە (سنجەق – لیوا) ی سلێمانی بوو، لە کاتێکدا بۆ ئەو لایەنە لە نێو خەرجییەکانی هەردوو سنجەقی موسڵ و (شارەزور – کەرکوک) دا هیچ بڕەپارەیەک نابینین، لە ئەنجامی ئەو فەرامۆشکردنە، خەڵکی کوردستان هیچ هیوایەکیان بە پزیشک و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دەوڵەت نەبوو، بەڵکو دەیانگوت نوژدار تەنها خودایە و دەرد و دەرمان هەر لای ئەوە، بۆیە لە کاتی نەخۆشکەوتندا دەچوونە لای شێخ و مەلا و سەردانی گۆڕی پیاوچاکانیان دەکرد، هەندێکجاریش پەنایان دەبردەبەر دەرمانی سروشتی و نوژدارە میلییەکان.
رێژەی تووشبوان زۆر بوو
لەحوزەیرانی (1890) دا هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان و ناوچە کوردییەکانی سەروتر جارێکی دیکە تووشی نەهامەتی پەتای کۆلێرا بوونەوە، کە ناوچەکانی (هەولێر، موسڵ، ئاکرێ، زاخۆ، بەرواری، جزیرە، میدیات، مێردین، سەلوان، سەعەرد و بدلیس) ی گرتەوە. رێژەی توشبوون و مردن بەم پەتایە بەرزبوو، وەک لە هەندێک بەڵگەنامەی عوسمانیدا دەردەکەوێت، چونکە لە شارێکی بچووکی وەک هەولێر تەنها لە رۆژێکدا 47 توشبوو هەبوو، 73 کەسیش هەر لە ماوەی نێوان (24 - 29)ی حوزەیراندا بە پەتاکە مردن. لە جزیرەش تەنها لە رۆژانی (25 - 28) ی حوزەیراندا 56 کەس مردن، بەڵام پەتاکە زۆری نەخایاند و لە ناوەڕاستی تەمموزدا سووک بوو دوای چەند رۆژێکیش لەناوچوو. هەر لە بەڵگەنامە عوسمانییەکاندا دەردەکەوێت: ساڵی (1892) دووبارە نەخۆشی یەخەی دانیشتوانی هەرێمەکەی گرتەوە، لە ئەیلولی ئەو ساڵەدا پەتای کۆلێرا لە ویلایەتی حەڵەب سەریهەڵدا و جزیرە و ناوچەی بۆتان و عەنتاب و گوندەکانی هەولێری گرتەوە و لە ماوەی نێوان 28ی ئاب تا سێی ئەیلول لەو گوندانەدا 13 کەس مردن.
هەندێک شار پزیشکی تێدا نەبوو
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی (ترجمان حقیقت)ی عوسمانی لە ساڵی (1892) دا، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە دەوروبەری سابڵاخ و خۆرهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستییەوە زانیاری گەیشتووە: پەتاکە لە ناوچەکانی ویلایەتی وان هەتا سنوورەکانی روسیا و ئێران بڵاوبۆتەوە و ماوەی 10 رۆژە کەرەنتینە بەردەوامە. لە هەمان کاتدا لە سنووری خانەقینی نزیکی ئێران، چەند شوێنێک بۆ گلدانەوەی نەخۆشەکان تەرخانکراوە و ماوەی پێنج رۆژ کەرەنتینە هەیە، دوابڕیاریش بۆ وەستاندنی لەلایەن ئەنجومەنی تەندروستییەوە رادەگەیەنرێت.
وەک لە ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی (1890) دا دەبینین، لە هەردوو شاری موسڵ و کەرکوک نوژدارێکی سەر بە شارەوانی هەیە، لە کاتێکدا لە سلێمانی نییە، هەرچەندە ئەوێش ناوەندی سنجەقێکی دیکەی سەر بەهەمان ویلایەت بوو، بێگومان لە شارێکی وەک هەولێریش هەبوونی نوژداری لەم جۆرە هەر جێگەی باس نەبوو، چونکە تەنها قەزایەکی سەر بە سنجەقی (شارەزور – کەرکوک) بوو، هەروەها لە ساڵنامەی ساڵی (1894) دا هەمان ویلایەت ئەم نوژدارەی سەر بە شارەوانی کەرکوک نابینێتەوە. 

کەرەنتینە لە خانەقین و مەندەلی
لە سلێمانیش بە هەمان شێوە نوژدار بوونی نەبوو، لە کاتێکدا لە شارەوانی موسڵ نوژدارێک و جەراحێک و دەرمانسازێک هەبوون. دیارە شاری هەولێریش تا ساڵی (1900) بێ پزیشک بووە، چونکە لەو ساڵەدا بڕیار درا نوژدارێکی تازەدەرچوو، کە ناوی (هارون ئەفەندی) بوو، ئەم بەتاڵییە پڕبکرێتەوە، بەڵام دڵنیانین ئایا ئەم نوژدارە لە هەولێر دەست بەکاربوو، یان نا، چونکە لە ساڵنامەی ساڵی (1907) یشدا بێ پزیشکیی لە هەردوو سنجەقی کەرکوک و سلێمانی بەردەوامە، لە کاتێکدا شارەوانی موسڵ دەستەیەکی تەندروستی لەخۆ دەگرێت، کە لە پشکنەرێکی تەندروستی، نوژدارێکی مرۆیی و ڤێتەرنەرێک و دوو کارمەندی تەندروستی دیکە پێکدێت، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو، کە دامەزراوەکانی کۆرەنتینا (بە زمانی ئەمڕۆ کەرەنتینە) لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا لەکاردابوون، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا کۆرەنتینای هەریەکە لە شارەکانی خانەقین و مەندەلی، کە لەسەر سنووری ئێران بوون چالاکی گرنگییان دەنواند، لەبەرئەوەی کاتێک نیشانەی هەرپەتایەک لە شارەکانی ئێران دەردەکەوت، ئەمانە بۆ ماوەی 10 رۆژ ئەو کەسانەیان گلدەدایەوە، کە لەو وڵاتەوە دەهاتن، پێش ئەوەی رێگای هاتنیان پێبدەن، بێگومان ئەم ماوەیە بۆ ئەوەبوو، ئەگەر نەخۆشییەکەی لەگەڵ خۆی هێنابێت لێی دەرکەوێت و بیگێڕنەوە دواوە.

سەرچاوەکان:
-1 حسێن نازم بەگ، مێژووی میرایەتی بابان، وەرگێڕانی: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، چاپخانەی شڤان، بنكەی ژین، (سلێمانی، 2013)، ل107، 346، 350، 363.
-2 جیمس بیلی فرەیزەر، گەشتەکەی فرەیزەر بە کوردستان و میزیۆپۆتامیادا، وەرگێڕانی: نەوزاد ساڵح رەفعەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی پیرەمێرد، (سلێمانی، 2020)، ل42، 45، 102.
-3 رسول الكركوكلی: دوحة الوزراء في تأریخ وقائع بغداد الزورا‌ء، نقله: موسی كاظم نورس، مطبعة كرم، دار الكتب العربی، (بیروت، 1963)، ص298، 300.
-4 ستێفێن هێمسلێی لۆنگریک: چوار سەدە لە مێژووی عیراقی نوێ، وەرگێڕانی: رەسوڵ بەختیار، چاپی یەکەم، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، (هەولێر، 2019)، ل320
-5 سەعدی عوسمان هەروتی: کوردستان لە سەردەمی عوسمانیدا، چاپی دووەم، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، (هەولێر، 2023)، ل257، 258، 264، 266، 278، 280، 288، 294، 298، 300، 307.
-6 شوان رەسوڵ عەبدوڵڵا و قادر محەمەد محەمەد: لایەنی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار (1848 - 1896)، گۆڤاری زانکۆی راپەڕین، ژمارە (2)، بەرگی (9)ی ساڵی (2022)، ل144.
-7 عومەر ئیسماعیل مارف: میرنشینی بابان لە ماوەی دەسەڵاتی 12 میردا، چ1، چاپخانەی کارۆ، (سلێمانی، 2018)، ل125.
-8 كلاودیوس جەیمس ریچ: گەشتنامەی ریچ بۆ كوردستان 1820، وەرگێڕانی: محەمەد حەمە باقی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، (سلێمانی، 2012)، ل135، 158، 186، 190، 277، 308، 365.
-9 نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەمدا، بەرگی یەكەم، كتێبی سێیەم، الدار العربیە للعلوم، (بیروت، 2013)، ل164.
-10 رۆژنامەی ترجمان حقیقت، ژمارە (1308)، رۆژی 19ی ئۆگۆستۆس- ئاب 1892، ل3.
بەکالۆریۆس لە مێژوودا*

کلۆدیۆس جەیمس ریچ

کاروباری تەندروستی سەدەکانی رابردوو لە دیدی نیگارکێشێکەوە

لە سەردەمانی زوودا بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعونەوە نزیکەی 100 هەزار کەس لە دانیشتوانی ویلایەتەکانی عیراق گیانیان لەدەستداوە

نیگارێکی تایبەت بە بواری پزیشکی سەردەمانی کۆن

بابەتە پەیوەندیدارەکان