سودانی بانکی (TBI) راسپارد لەگەڵ ھەرێم رێکبکەون بۆ بەبانکیکردنی مووچە

08:14 - 2024-05-07
کوردستان
61 جار خوێندراوەتەوە

سودانی بانکی (TBI) راسپارد لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێکەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، چەند پێشھاتێکی نوێش لە ئارادایە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

سەرچاوەیەکی کوردسات نیوز رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بانکی (TBI) راسپاردووە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێکەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دەستپێکردنی پڕۆسەکە.

وتیشی، تاکو ئێستا ھیچ فەرمانێک نەگەیشتۆتە دەست بەڕێوەبەری گشتی مووچەی عیراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم.

بەوتەی سەرچاوەکە، تائێستا عیراق و ھەرێم لەسەر پرسی رادەستکردنی داھاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە رێکەوتن، عیراق داوادەکات ھەرێم مانگانە 100% داھاتی نانەوتی رادەست بکات دواتر نیوەی ئەو داھاتەی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ھەرێم ناردنی تەواوی داھاتی نانەوتی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامادەیە تەنھا 50%ی داھاتی نانەوتی رادەست بکات.

ھاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، چەند پێشھاتێکی نوێ لە ئارادایە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عیراق و ھەرێم، لە نێویاندا کێشەی مووچە و بودجە، لە دوو رۆژی داھاتووشدا ئەنجامەکانیان دەردەکەون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان