سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانيی کوردستان بەمیدیای یەکێتی راگەیاند، لە کاتێکدا کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لە حكومەتی هەرێم و لەحكومەتی فیدراڵ زۆر بە راشكاوانە و خەمخۆرانە، هەوڵە بەردەوامەکانییان چڕکردۆتەوە بۆئەوەی مووچە دەست بەسەرداگیراوەکەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکرێت و چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدۆزنەوە، دواهەوڵیش کۆبوونەوەی دوێنێی فراکسیۆن و تیمی یەکێتی بوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ، بەداخەوە ئەمڕۆ لایەنێکی سیاسی لە شاری سلێمانی بەسوود وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە رێی کادیرانی خۆیانەوە هەوڵەکانی خۆیان بۆ بەلاڕێدابردن و شێواندنی راستییەکان خستۆتەگەڕ. بۆیە بە هەموو خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین کە لەگەڵ ئەوەی یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕی هەیە بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ئەو راسییەش بڵێین کە لە هەولێری پایتەخت و لە لایەن تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم دەست بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گیراوە نەک لە سلێمانی، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان شانبەشانی فەرمانبەران و مامۆستایان گوشارە هاوبەشەکان لەسەر تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم دروست بکەن بۆ ئەوەی لە هەولێر بریار لەسەر دابەشكردنی مووچە بدرێت. بەدەر لەمە هەر لایەنێک بیەوێت سینارێۆیەکی دیکە دروست بکات بەدڵنیاییەوە بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەکانە و خزمەت بەو لایەنە دەگەیەنێت کە بۆ مەرامێکی سیاسی دەستی بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گرتووە.