ئێوارەی رۆژی سێ شەممە، 7 حوزەیرانی 2022 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەڕائی کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوەکرا و رێگا چارەکان بۆ بارودۆخێکی باشتر بە بەشداری ھێزە نیشتمانییەکانی دیکە خرایەڕوو.
بەشداربوانی کۆبوونەوەکە داوایانکرد کە پێویستە حکومەت ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و ھەوڵی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ھەموو وڵات بدات.
لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لەسەر بایەخی ھاوئاھەنگیکردنی ھەڵوێستەکان لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەو پیلانانەی ھەڕەشە لە سەقامگیری پڕۆسەی سیاسی و ئەزموونی دیموکراسی لە وڵات دەکەن.
ھەروەھا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ بەدیھێنانی کارە لە پێشینەکان لە پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز کە توانای چاکسازی ھەمەلایەنەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ھەبێت و زامنی مافی ھەموو رۆڵەکانی گەلی عیراق بکات بە پێی یاسا و دەستوور.