سەرۆک بافڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیادا کۆبۆوە

08:17 - 2024-03-28
کوردستان
203 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیادا کۆبۆوە .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و روسیا کرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ کە خەڵکی مەدەنیی کردە قوربانی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی روسیا و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، پێویستە سەروەریی خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.
لە بەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا پابەندبوونی روسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە.
پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و روسیا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەڕێیەوە دەبێتە مایەی فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگییەکان و لە بەرژەوەندیی هەردوولادا دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان