گوندی چەرموو لە مۆزەخانەكانی ئەمریكادا

09:49 - 2022-06-08
دووتوێ
775 جار خوێندراوەتەوە

پشتیوان محەمەد 

وەك لای هەمووان ئاشكرایە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت لە گوندەكاندا، شوێنەوارێكی زۆر هەن و كەمترین كەس زانیاری لەبارەیانەوە هەیە، لە بەناوبانگترین شوێنەواریش شوێنەواری گوندی چەرمووە لە كوندی كانی ساردی سەربە قەزای چەمچەماڵ.
لەساڵی 1948-1955 تیمێكی شوێنەوارناسی ئەمریكی بەسەرپەرشتی رۆبێرد برەیدود لەگوندی چەرموو دەستیانكرد بەكنە و پشكنین و تێدا چەندین پارچە ئاسەواریان تێدا دۆزییەوە و بەیەكێك لە شوێنەوارە مێژووییە گرنگەكان دەستنیشان كرا كە مرۆڤی ئەو شوێنە توانیویانە بۆ یەكەمجار كاری كشتوكاڵی دانەوێڵەی گەنم و جۆ بكەن.
كارزان ئیبراهیم محەمەد بۆ گوندستانی نوێ وتی: پاش ئەوەی دەرفەتم بۆ رەخسا گەشتێكم بۆ وڵاتی ئەمریكا كرد، هەڵبەت زانیاریم لابوو كە هەندێك پارچە ئاسەواری لە وڵاتی ئەمریكادا هەن منیش ئەو هەلەم بەباشزانی سەردانی مۆزەخانەی پەیمانگای رۆژهەڵات لە زانكۆی شیكاگۆم كرد، بەشی یەكەم پشاندانی ئەو پارچە ئاسەواریانەیە كەلە مۆزەخانەكەدا بەجوانی دانراون، ئەوەش تایبەتن بەو كەرەستە و پێداویستیانەی لەسەردەمی رابردوودا لەگوندی چەرموو بەكارهێنراون.
كارزان محەمەد وتیشی لە وڵاتی ئەمریكادا زۆر شوێن گەڕام تاوەكو بتوانم پارچە ئاسەوارییەكانی تری كوردستان ببینم و وێنەیان بگرم تاوەكو لایەنی كەم زانیارییەكی كورتیان بگەڕێنمەوە بۆ كوردستان.
كارزان باسی لەوەكرد لەساڵی 1951-1961 شوێنەوارناسی ئەمریكی راڵف سۆلیكی لەگەڵ تیمێكی شوێنەوارناسی لەزانكۆی كۆلۆمبیا گەشتنە كوردستان و كنەوپشكنینیان لە ئەشكەوتی شانەدەر لەچیای برادۆست لەسنووری مێرگەسووری سەربە پارێزگای هەولێر دەستپێكرد.
كارزان دەڵێت: لەسەردانەكەمدا چوومە مۆزەخانەی نیشتیمانی بۆ مێژووی سروشتی لە واشنتۆن، بینیم ژمارەیەك وینە و كەرەستەی جۆراجۆر و 10 ئێسكە پەیكەری مرۆڤ نمایشكراون، مێژووەكەیان دەگەرێتەوە بۆ 35-65 هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەرێگەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە زانیاری لەبارەی شوێن و مێژوو و تیمی شوینەوارناسییەكە خراوەتە روو كەباسی ئەوەدەكات لەكوردستاندا دۆزراونەتەوە.
وتیشی بەهۆی شۆڕشەكانی سەردەمی رابردووی عیراق نەتوانرا تیمە شوێنەوارناسەكان بگەرێنەوە بۆ كوردستان درێژە بەكارەكانیان بدەن، هەروەك تیمەكە بەشێوەی رێكەوتن هاتوونەتە كوردستان و هەرچییەكیان دۆزیوەتەوە بەشێكی بۆ تیمەكە بووە هەربۆیە بەشێك لەو پارچە ئاسەوارییانە ئێستا لە ئەمریكادا نمایشكراون.
باسی لەوەشكرد لەبارەی ئەو شوێنەوارانەی كە تیمەكان كنەو پشكنینیان تێدا كردووە چەندین كتێب بەچاپ گەیەندراون و ئێستا لە پێگەی ئەمازۆن بەزمانی ئینگلیزی و بەشێوەی PDF بەردەستن.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان