فەیسەڵ عەلی
راگنەر ئەنتۆن کیتل فریچ
(Ragnar Anton Kittil Frisch)، لە 3ی ئازاری 1895 لە ئۆسلۆ لەدایکبووە، یەکێکە لە ئابووریناسە کاریگەرەکانی نەرویج. بە ئامۆژگاری دایکی و لەکاتی راهێنانی پیشەییدا، لە زانکۆی رۆیاڵ فریدریک (ئۆسلۆ) ئابووری هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی بە کورترین ماوە دەخوێنرێت و ئاسانترین زانستە، لە ساڵی 1919 بڕوانامەی ئابووری لە زانکۆی ئۆسلۆ وەرگرتووە، لە ساڵی 1920تاقیکردنەوەی پیشە دەستییەکانی بڕیوە و لە وەرشەکەیدا لەگەڵ باوکی بووەتە شەریک.
فرێچ تاکە ئابووریناسی نەرویجییە، کە لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی دەرکردووە، بەمەش بووە بە باوکی ئابووریی نەرویج
خوێندنی ئەکادیمی
فرێچ لە پاریس و لەندەن خوێندوویەتی و لە ساڵی 1925 بڕوانامەی دکتۆرای لە ئاماری ماتماتیکدا بەدەستهێناوە. دوای دکتۆراکەی پێنج ساڵ لە زانکۆی مینیسۆتا و زانکۆی بیل بووە، دوای وانە گوتنەوەی بۆ ماوەیەکی کەم لە زانکۆی بیل لە ماوەی نێوان 1930 بۆ 1931، بە مەبەستی بە دەستهێنانی پلەی پرۆفیسۆر لە ئابووریدا خوێندوویەتی، بەڵام دوای گوشاری هاوڕێکانی ئەو پلەیەی رەتکردەوە و گەڕایەوە بۆ زانکۆی ئۆسلۆ، بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 1931 فرێچ لەلایەن پاشای نەرویجەوە وەک مامۆستای ئابووریی و ئامار لە کۆلیجی ماف دامەزراوە، بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی بەشی ئابووریی و ئامار لە نەرویج. لە ساڵی 1932 بەشی ئابووری لە زانکۆی ئۆسلۆ کردۆتەوە، تا خانەنشین بوونی لە ساڵی 1965 دا ئەو بەشەی بەڕێوەبردووە.
ئابووریی پێوانەیی
فرێچ بایەخی بە زانستی ئابووری داوە، بەتایبەتی لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆڵێکی کارای لە میانی بەشدارییە زانستییەکانی لە بواری ئابوورییدا گێڕاوە، یەکێک بووە لەو بەشداربووە کارایانەی کە لەسەرەتای سەدەی بیستدا زانستی ئابووری و زانستێکی بڕەکی دامەزراندووە، لە ساڵی 1926 زاراوەی ئابووریی پێوانەیی داڕشتووە، هەروەها لە ساڵی 1933 زاراوەکانی ماکرۆئابووریی داڕشتووە.
لە میانی هەوڵەکانی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵەی ئابووریناسانی ئابووریی پێوانەیی، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئابووریی پێوانەیی کە لە ساڵی 1930 دامەزراوە و گۆڤارەکەیشیان کە ناوی «ئیکۆنۆمیتریکا» بووە، هەر لە رۆژی دەرچووانی ئەو گۆڤارەوە بۆ ماوەی 21 ساڵ سەرنووسەری ئەو گۆڤارەی بووە، کە دەکرێ بە یەکێک لە رواڵەتە دیارەکانی زانستی ئابووریی و بە نێودەوڵەتی کردنی ئابووریی پێوانەیی دابنرێت. فرێچ تاکە ئابووریناسی نەرویجییە، کە لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی دەرکردووە، بەمەش بووە بە باوکی ئابووریی نەرویج.
فرێچ چەندین خەڵات و میدالیای لەمەڕ ئابووریی بەدەستهێناوە، خەڵاتی ناوازەی شۆمپیوتەر، خەڵاتی ئەنتۆنیۆ فیلتەرینیلی لە ئەکادیمای نیشتمانی زانست لە ئیتالیا. فرێچ ئەندامی ئەکادیمیای زانستی نەرویج بووە، هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی ئامارناسی پاشایەتی بەریتانی، ئەندامی کۆمەڵەی ئابووریناسانی ئەمریکا، ئەندامی ئەکادیمیای هونەر و زانستی ئەمریکا بووە.
فرێچ لەگەڵ تینبرگن، پێشەنگی پەرەدان بە داڕشتنی سامپڵە ماتماتیکییەکانی ئابووری بوون، زاراوەی ئابووریی پێوانەیی بۆ ئەو توێژینەوانەی شێوازی ئاماری بۆ وەسفکردنی سیستمە ئابوورییەکان داڕشت. بە بەشدارییە دیارەکانی لە سامپڵە داینامیکییەکانی ئابووری ناوبانگی دەرکرد، لە ساڵی 1933 یەکەمین سامپڵی ئابووری ماتماتیکی پێشکەش کرد، کە بەهۆیەوە وەسفی بارگۆڕانەکانی سوڕی بزنسیی کرا.
فرێچ بە شێوەیەکی تایبەتی بە پەرەپێدانی سامپڵەکانی ئابووریی پێوانەیی کە بە پلانی ئابووری و ئەژماری داهاتی نەتەوەییەوە پەیوەستە ناوبانگی دەرکرد. لە میانی ئەم جۆرە کارەیدا، هاوکاریی چەندین ئابووریناسی راهێنراو کردووە تا بە پۆستی خزمەتگوزاریی مەدەنی بگەن. فرێچ بەشداری لە کۆمەڵێک بابەتی ماکرۆئابووری کرد، بە سوڕی بازرگانی، تیۆریی بەرهەمهێنان، رەفتاری بەکاربەر و تیۆریی ئاماریشەوە.
خەڵاتی نۆبڵ و میدالیای فرێچ
فرێچ بە هاوبەشی لەگەڵ جان تینبرگن، یەکەمین خەڵاتی نۆبڵیان لە زانستی ئابووری لە ساڵی 1969 بەدەستهێناوە.
فرێچ ناوی «میدالیای فرێچ»ی بەسەر ئەو خەڵاتەدا بڕی کە ساڵانە کۆمەڵەی ئابووریی پێوانەیی بە باشترین توێژینەوەی ئابووریی پێوانەیی دەیبەخشێت. هەروەها لە زانکۆی ئۆسلۆ سەنتەری فرێچ بۆ راڤەی ئابووریی پراکتیکی کردۆتەوە، هۆڵە گەورەکەی پەیمانگای ئابووریی زانکۆی ئۆسلۆ ناوی «راگنەر فرێچ»ی لێنراوە. لە 31ی کانونی دووەمی 1973 بە جەڵتەی مێشک کۆچی دوایی کردووە.