ژینگەی کارەکەت ژەهراوییە؟

10:42 - 2024-03-31
دووتوێ
104 جار خوێندراوەتەوە
شوێن و ژینگەی کار ژەهراوی بێت مانای وایە هەندێ رەفتار و کرداری توندوتیژی لەلایەن فەرمانبەرەکان یان د

ئا: دڵان سامان

شوێن و ژینگەی کار و وەزیفە ژەهراوی بێت مانای وایە هەندێ رەفتار و کرداری توندوتیژی لەلایەن فەرمانبەرەکان یان دەستەی بەڕێوەبردن یان هەردووکیانەوە دەکرێت، ئەوەش وادەکات فەرمانبەر هەست بە ئاسایش و حەوانەوە نەکات، جگە لە سترێس و دڵەڕاوکێی دەروونی، ئەو جۆرە ژینگانە بۆ کارکردن فشار دەخەنە سەر تاک و توانای بەرهەمهێنانی کەمدەبێتەوە بەهۆی لەدەستدانی متمانە بەخودی خۆی و ترس لە قسەکردن و بەشداریکردنی کارا لە کارەکاندا، لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە چۆن بەرەنگاری ئەوجۆرە ژینگەیە دەبیتەوە؟ ئەو جۆرە لە ژینگەی ژەهراوی کار تا چەند کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تاک و دەزگاکە بەگشتی دەبێت؟ 
لەو بارەیەوە توێژەرانی کۆمەڵایەتی پێناسەی ژینگەی ژەهراوی کار دەکەن بەوەی: لە شوێنی کاردا کەشی ترس و شەڕانگێزی و بێڕێزیی لە نێوان کارمەندەکاندا هەبێت، هەروەها رەنگە کارمەندەکان دووچاری گێچەڵپێکردن و بێزارکردن و رەخنەی بەردەوام و پاڵپشتینەکردن ببن، وەک نایەکسانی نێوان هەردوو رەگەز یان یاریکردن بە کارمەندەکان و ئیستیغلالکردنیان.

جۆرەکانی ژینگەی ژەهراوی کار
*ئەو جۆرەی فەرمانبەرەکان ژەهراوی دەکەن بەشێوەیەک رەفتار دەکەن ژینگەی کار ژەهراوی بێت وەک:
- کارمەندێک رووبەڕووی گێچەڵپێکردن دەبێتەوە یان لەلایەن هاوپیشە یان بەڕێوبەرەکەیەوە بێزار دەکرێت و بەو هۆیەوە هەست بە ترس و هەڕەشە و ناڕەحەتی دەکات.
- ئیستیغلالکردنی کارمەندەکان لەلایەن فەرمانبەرێکی دیکەوە کە پلەکەی لەوانی دی بەرزترە و کۆنترۆڵیان دەکات.
- ناکۆکیی و کێشمەکێشی تایبەتی لە نێوان فەرمانبەرەکاندا دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێک لە سترێس و دڵەڕاوکێ لەشوێنی کاردا.
 *جۆرێکی دیکە لە کەشی ژەهراوی کار ئەوەیە کە بەڕێوبەرەکە دروستی دەکات لەوانە:
- خراپیی ئیدارەدان بەجۆرێک بەڕێوبەرەکە ناتوانێت بەباشی رابەریی کارەکان بکات و پاڵپشتی فەرمانبەرەکانی بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان و رەزامەندی وەزیفی.
- نادادپەروەریی: تێیدا بەڕێوبەر مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرەکانیدا نادادپەروەرانەیە ئەوەش هەستی بێهودەیی و تووڕەیی دروست دەکات.
- یاریپێکردن بە فەرمانبەران، کاتێک روودەدات ئەگەر بەڕێوبەرەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کارمەندەکانی بەکاربهێنێت، ئەوەش هەستی بێ متمانەیی و بێڕێزیی دروست دەکات.
کاردانەوە نێگەتیڤەکان لەسەر تاک
*کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان کاتێک فەرمانبەر هەست بە ناڕەحەتی دەکات و هیچ هاندانێکی نییە.
*دابەزینی رەزامەندی وەزیفیی لای فەرمانبەر و زۆربوونی دەستلەکارکێشانەوە، چونکە لێرەدا فەرمانبەران هەست بە نەبوونی رەزامەندی دەکەن لەسەر کارەکانیان.
*رەنگە ئەو ژینگە ژەهراوییەی کار ببێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەهۆی ئەو دڵەڕاوکێ و سترێسەی لە شوێنی کار رووبەڕووی دەبێتەوە و ببێتە هۆی بەرزە پەستانی خوێن و کێشەکانی دڵ و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

کاردانەوە نێگەتیڤەکان لەسەر دەزگاکە
-دابەزینی بەرهەمهێنان، چونکە کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی فەرمانبەرەکان بەگشتی کار لە کۆی توانای بەرهەمهێنانی ئەو دەزگا یان کۆمپانیایە دەکات.
-زیادبوونی تێچووی وەزیفی، چونکە زۆربوونی دەستلەکارکێشانەوەی فەرمانبەرەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی دامەزراندن و راهێنانی فەرمانبەری نوێ.
-دابەزینی رەزامەندی بەکارهێنەران بەهۆی کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارمەندەکان.
-رەنگە مەترسیی رووبەڕووبونەوەی داوا لە دژی دەزگاکە بۆ گێچەڵپێکردن و بێزارکردن زیاد بکات و داوای یاسایی لەدژی ئەو دەزگا یان کۆمپانیایە بەرزبکرێتەوە.

چارەسەرەکان
توێژەران جەخت لە هەندێ چارەسەر دەکەنەوە بۆ بەگژداچوونەوەی ژینگەی ژەهراوی کار لەوانە:
*ئەگەر دووچاری هەندێ رەفتاری نێگەتیڤ لە شوێنی کار دەبیتەوە، زۆر گرنگە هانا بۆ کەسێک بەریت لەو دەزگایە کە متمانت پێیەتی تا یارمەتیت بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
*پاڵپشتیی هاوپیشە یان هاوڕێکانت بەدەستبێنە رەنگە قسەکردن لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەواندا دەربارەی ئەزموونی خۆت یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا بگونجێیت.
*ئەگەر هەستتکرد ژینگەی کارەکەت بەشێوەیەکی نێگەتیڤ کار لە تەندروستیت یان ژیانی وەزیفیت دەکات، ئەوە واباشترە بیر لەوە بکەیتەوە شوێن و کارەکەت بگۆڕیت.
دواجار گرنگیدان بە خۆت و وەرگرتنی کاتی باش بۆ حەوانەوە و وەرزشکردن، رەنگە یارمەتیدەرت بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سترێس و فشاری کار و وەزیفە، هەرگیز مەهێڵە لەلایەن ئەوانی دیکەوە ئیستیغلال بکرێیت یان یاریت پێ بکرێت و فێربە بڵێ نەخێر و لەبیرت بێت تۆ کەسێکی بەنرخیت. 
سەرچاوە: سیدتی.نت

بابەتە پەیوەندیدارەکان