وشكهەڵهاتنی هیوای جووتیار و ئاژەڵدارەكان

09:59 - 2022-06-08
دووتوێ
627 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە بیری خێڵ و هۆزی كوردیدا و بەتایبەت ئەو خێڵ و هۆزانەی كە بە هۆی مێگەل و ئاژەڵدارییەوە گەریدە بوون و هەرجارەی لە ناوچە و جوگرافیایەكی كوردستاندا بارگە و بنەیان هەڵداوە و خەمی ئاژەڵەكانیان كەمتر نەبووە لە خەمی خۆیان و بژێوی ژیانیان، چەندان ساڵی ناخۆش و كارەساتبار لە بیر و ئەندێشەیاندا ماوە، لە نمونەی ئەو ساڵە ناخۆشانە كە تاكو ئێستا و دوای نزیكەی شەش دەیە  لە دەرئەنجامەكانی دەترسن وەك ساڵی بەفرەسوور و دەردە كوللە و ماین تۆپین كە زیانی زۆری بەر بەرهەمی ئاژەڵ و كشتوكاڵی جوتیار و ئاژەڵدارەكان خستووە، لەلای ئەوان هێشتا ئەم ساڵانە وەك كاتی ناخۆش و بەسەرهاتی مێژوویی تاڵ دەگێڕدرێتەوە و چەندە ئەو ساڵانە دووریش بكەونەوە، هێشتا گێڕەرەوەیەك هەیە ئەو مێژووانە دەماودەم یان وەك نووسین بگەیەنێتە نەوەی دوای خۆیان.
نەوەی ئێستای ئەو خێڵ و هۆزە كۆچەرییانە، ئەگەر ئەو زەمانەیان تەنها بە گوێ بیستبێت و بە چاویش نەیانبینی بێت، ئەوا ئێستا لێكچواندنێكیان بۆ خۆیان دروست كردووە لەنێوان ئەو زەمانە و ئێستادا كە دیسان وشكە ساڵی و نەخۆشییە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان جارێكی دیكە بەرۆكیانی گرتۆتەوە و دیسان بۆ مانەوەی كەلتوور و داب و نەریت و ئاژەڵەكانیان دەبێت بەردەوام بن لە كۆچەری ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەكانیان و هەمان كاری باب و باپیرانیان دووبارە بكەنەوە و هەر مانگ و وەرزەی روو لە ناوچەیەك و جوگرافیایەكی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی مەڕوماڵاتەكەیان بمێنێتەوە.
بابەتی كۆچەریبوون و رەوكردن بە دوای ئاژەڵ و وشكە ساڵی و نەبوونی بەرهەم لەلای جوتیار و خاوەن ئاژەڵەكان، لە زۆرێكی ناوچەكانی خۆرهەڵات و بەتایبەت عیراقدا بوونی هەیە و زیاتر كەلتوور و دابونەریتی خۆرهەڵانییەكانە، بۆیە ئەگەرچی وشكە ساڵی هیوای جوتیار و خاوەن ئاژەڵەكانی لە كوردستان و عیراقیشدا وشكهەڵهێناوە، بەڵام هێشتا ئامادەنین كۆتایی بە مێژوویەكی دوورودرێژ لەم پیشەیەیان بهێنن، ئەمەش پەیوەستە بە مێنتاڵێتی خێڵەوە كە پیشە و ئیشەكەیان وەك مێژو و پیرۆزیەتی خۆیان دەبینن و ناتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ببن، دەستبەرداربوونیش لەم پیشەیە مانای كۆتایی ژیانی كۆچەری و گوند و كشتوكاڵییە.
ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە زاری جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەكانەوە بیستراوە ئەوەیە كە ئێستا پیشەكەیان بە زەرەر و زیان شكاوەتەوە و زیانەكانی پڕ نەكردووەتەوە، بەڵام چونكە پیشەی سەرەكی و مێژووی كۆنی خۆیانە و نەستالۆجیای منداڵی و گەورەیی و پیریشیانە، ئاسان نییە لێی دووربكەونەوە و دەست بەرداری ببن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی جوتیار و ئاژەڵداری كورد پشتیان بە حكومەت نەبەستووە و وەك پێویستیش هاوكاری نەكراون و هەموو ئەو زەرەر و زیانانەی كە ساڵانە تووشیان دەبێت بۆیان قەرەبوو نەكراوەتەوە.
ئەم خێڵ و هۆزە گەریدانە، بە بەراورد بە ئێستا چونكە ئەزموونی قورس و گەورەتریان هەیە لەگەڵ ئەو ساڵانەی كە وشكە ساڵی بووە و دەردی كوشندە ئاژەڵ و وڵاخ و مەڕوماڵاتیانی لەناو بردووە، ترسیان لە كۆتایی كار و پیشەكەیان نییە و بەشێوەیەك لە شێوەكان چارەسەری هەر دۆخێكی وەك وشكە ساڵی و بێ ئاوی و نەخۆشییە كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەكان دەكەن و هەر خۆیان هەم چارەسەركەر و هەم خەمخۆری لەوەڕگاو پووش و پاوانەكانن و بەردەوام خەونیان ئەوەیە كە بگەنە ئەو ناوچانەی كە لە رووی تێربوونی ئاژەڵەكانیانەوە ترسی نییە.


#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان