״پریاسکە״ کتێبێک بە تامی فەرهەنگ

10:04 - 2022-06-08
دووتوێ
856 جار خوێندراوەتەوە

کتێبی «پریاسکە» کە نووسینی (عەلی حاجی عەبدوڵڵای کەڵۆش)ە، کتێبێکی گرنگە بەتایبەتی لە باسکردنی ئەو ئامێر و کەرەستە کشتوکاڵییانەی لە گوندەکاندا بەکارهێنراون، یان هەندێ وتە و قسەی نەستەقی جوان شیکردۆتەوە، بۆیە دوای مۆڵەت وەرگرتن لە برای نووسەر، پێمان باش بوو لە پاشکۆی «گوندستانی نوێ»دا بڵاوی بکەینەوە.

گوندستانی نوێ

عەلی کەڵۆش

 بەشی حەڤدەیەم

  داڕوجان:

لەناو مەرەزەدا دەڕوێت، زۆر لە رووەكی برنج دەچێت، تا گوڵ نەكات بە ئاسانی جیاناكرێتەوە لە مەرەزەكە، دەنكێكی ورد و خڕ دەگرێت.

سڕناتك:
رووەكێكی وەرزییە و لە كۆتایی بەهاردا شین دەبێت و گەورە دەبێت، بە ناسكی ئاژەڵەكان دەیخۆن، بەڵام لەدوای گوڵ كردن و پیربوونی، هەر ئاژەڵێك لێی بخوات دەم و لووتی بریندار و رووش و ناشیرینی دەكات، سڕناتك گیایەكی لاسك رەق و جیڕە، جاران وەرزێرەكان ئەیانكرد بە گسك بۆ سەر خەرمان.
قاپەكەوەلە:
لە هاویندا دەڕوێت، زیاتر لە وەرد و كێڵگەكاندا، رەنگی سەوزێكی شین باوە، هیچ ئاژەڵێك نایخوات.
پۆڵكە:
ئەم گیایە لەنێو دەغڵوداندا شین دەبێت، خشۆكە و خۆی بە ئەوانی تردا هەڵدەواسێت، بەرێكی زۆر دەگرێت و بەشێوەی كەلو وەك پاقلە و قەرەقاچ و هتد، دەنكەكانی خڕە هێندەی دەنكە ماشێك.
گیا قەیتەران:
ئەم گیایە لەناو ئەشكەوت و ژێر تاڤگە و شوێنە تەڕ و سەختەكانی چیاكاندا سەوز دەبێت، دیمەنێكی جوان و رازاوە بەو شوێنە دەبەخشێت، بۆ رمل و بەردی گورچیلە وەكو دەرمان بەكاردەهێنرێت.
سێ پەڕە:
گیایەكی نسك و جوانە  هەرپەلە و سێ گەڵای پێوەیە، گوڵێكی وردی زەرد دەكات، بەتەواوی لە وێنجە دەچێت، بۆ مەڕوماڵات زۆر خۆرایە.
كەما:
لە چیا كوێستانەكان دەڕوێت، گەڵا وورد و چڕ و باڵا بەرزە، گزرە گیای لێدەكرێت بۆ زستانی ئاژەڵەكان.
لۆ:
بەهەمان شێوە لە كوێستانەكان دەڕوێت، خواردنێكی فرە نایابە بۆ ئاژەڵەكان.
بەیبوون = چاوەپشیلە:
لەبەهاردا دەڕوێت، ناوەڕاستی گوڵەكەی زەردە و پەرشەكانی سپییە، بۆنێكی تایبەتی لێدێ، بایەخی پزیشكی زۆرە و دەرمان و چای لێ دروستدەكرێت.
مەلەوێچە:
گیایەكی خشۆكە پەل دەهاوێ دەئاڵێ بە دار و درەختی دەووربەریدا، لە شێوەی لاولاودایە و گوڵێكی جوانی كراوەی سپی دەكات.
كنیواڵ = قوڕاڵە:
ئەم گیایە لەبەهاردا دەڕوێت، شێوە و رەنگ و تامی لە كەوەر دەچێت كەمێك توندترە، لە هەردە و مێرگ و دەشتەكاندا دەڕوێت.
ترشكە:
لەشێوەی سڵقدایە بە بچووكی، گیایەكی بەهارییە و دەكرێت بە یاپراخ تام و لەزەتی خۆشی هەیە.
تۆڵەكە:
گیایەكی بەهارییە هەموو گەڵاكانی دەكەونە سەری لاسكەكانەوە، گەڵایەكی خڕی بازنەیی هەیە ئەم رووەكە زیاتر لەشوێنی پەیین و دەوروپشتی گوندەكاندا دەڕوێت، بە شۆربایی و سورەوەكراوەیی دەخورێت، بەتام و بەلەزەت و خۆڕایە.
سمڵ:
زیاتر هاوینان لەقەراغی جۆگە و زەویە بەراوەكان دەڕوێت، سێ پەلە و زیاد رۆدەچێتە زەویدا، لەژێرەوە بەهۆی رەگەكانیەوە بڵاودەبێتەوە و زۆر دەبێت و سەلكی رەشی هێندەی ناوكە خورما دەگرێت، بۆنی زۆر خۆشە و دوای پاككردنی، ژنان دەیكەنە پێی مێخەكبەن و حەتحەتۆكە.
هەڵیتری = گیاكەڵە:
ئەم گیایە هاوینەیە و زیاتر لە زەویە بەراوەكاندا دەڕوێت، لەشێوەی رووەكی گەنمەشامیدایە، بژارێكی بێزاركەری ئاوێر و جوتیارەكانە، بەناڕەحەت لەناودەچێت و ساڵانە هەڵدەداتەوە، هەر ئاژەڵێك تێری لێبخوات دەیكوژێت. 
سەڵمكە:
هاوینەیە و لە زەوی بەراو نزیك چۆم و رووبار و جۆگەلەكان دەڕوێت، بە ناسكی دەكوڵێ و سووردەكرێتەو لە رۆندا، ئەم گیایە تۆوێكی یەكجار زۆر وردی هەیە و بەئاسانی بڵاودەبێتەوە.
پەڵپینە:
هاوینەیە و لە زەوی بەراو و نزیك ئاوەكاندا دەڕوێت، گەڵا و لاسكی ئەستوور و ناسك و ئاودارە زیاتر پان دەبێتەوە و كەمتر باڵا دەكات، خواردنێكی ناسراوە و خۆش و بەسوودە، ئێستا لەهەندێک جێگە جووتیارەكان دەیڕوێنن و پەروەردەی دەكەن و دەیخەنە بازاڕەوە.
هەزبێلە = جاترە:
لە بنچكەكانە، ساڵانە لە جێگەی خۆیان گەڵا دەكەن و دەژێنەوە، لاسكێكی رەق و گەڵایەكی وردی بۆن خۆشی هەیە، زیاتر لە هەردە و بناری كەژەكان دەڕوێت، یەكێكە لە دەرمانە نایابەكانی چێشت و خواردنەكان و رەواجێكی زۆری هەیە.
پونگە:
ئەم گیایە لە دەراوی كانی و كارێز و ناو جۆگە ئاوەكان دەڕوێت، ئەمیش بۆنێكی یەجگار خۆشی هەیە، وەكو یەكێك لە سەوزەكان بەكاردەهێنرێت.
كووزەڵە:
رووەكێكی ئاوییە، هەمیشە رەگی لەنێو ئاو و تەڕاییدایە، رەنگی سەوزێكی تێرە، زۆر ناسك و ئاودارە، تامێكی تونی هەیە، یەكێكە لە سەوزە دەگمەن و پڕفرۆشەكانی بازاڕ.
بەرزەڵنگ:
گیایەكی بۆن خۆشی كوێستانییە، گەڵایەكی شین باوی وردی جوانی هەیە.
هەڵەكۆك:
گیایەكی بەهارییە و زۆر بەرزنابێتەوە، چوار تا پێنج گەڵا و لاسكێكە، گوڵێكی سوری قەشەنگ لە ناوەڕاستیانەوە بەرز دەبێتەوە، زیاتر لە هەردە و پێدەشت و سوركە و هەڵەتەكاندا شین دەبێت، لەناو زەویدا سەلكێكی كەمێك درێژی هەیە، بە پێستێكی تەڕی شیراوی داپۆشراوە، بە ئاسانی لێی دەبێتەوە و پاك دەبێت، خواردنێكی خۆشە و تامێكی تایبەتی هەیە، لە كۆنەوە وتویانە دیاری شوان یا پیشۆكە یان هەڵەكۆك.
پیشۆك:
گیایەكی بەهارییە هیچ بەرزنابێتەوە، لە زەوی سەری دەرهێنا گەڵاكانی بەسەر زەویدا رادەكێشێت، ئەوانیش دوو پەل سێ پەل چوار پەل تا پێنج پەلن، واتە گەڵای درێژی باریكە و لە ناوەراستیدا بە درێژی خەتێكی سپی نیتكە نیتكەی تێدایە، پیربوو لەناوەڕاستی پەلەكانەوە خونچە و گوڵ دەكات، پیشۆك سەلكێكی پیاز ئاسای خڕی هەیە و بە چەند توێكڵێكی قاوەیی زەردباوی كون كون (مشبك) داپۆشراوە، بەئاسانی پاكدەكرێت و دەخورێت و هەندێك جار لە رۆنیشدا سووردەكرێتەوە.
گنۆڕ:
بەهارییە و لەسەر چیا و رەوەز و شوێنە سەختەكان شین دەبێت، لاسكێكی ئەستور و گەڵایەكی گەورە و پانی هەیە، گوڵ و تۆوەكەی بە تۆپەڵە و لەشێوەی قەرنابیتدایە، هەموو لاسكەكەی پاكدەكرێت و دەخورێت.
ستك:
گیایەكی بەهاری گەڵا وردی باڵابەرز و شاشە، زیاتر لە هەردە و پێدەشتەكان دەڕوێت، بەرەكەی بە تۆپەڵ و هێشووە و خواردنی تام و چێژێكی تایبەتی هەیە.
رێواس:
ئەم رووەكە تەنها لە شوێنە زۆر كوێستان و ساردەكاندا شین دەبێت، لاسكێكی توكنی تەڕ و ناسك و پان و ئاوداری هەیە، تامێكی مزر و تایبەت و خۆشی هەیە.
سورەونە:
ئەم گیایە لەقەد رەوەز و شوێنە بەرزەكان دەڕوێت، بەرز و لاسكدارە، بۆ ناو دۆخەواو ترخێنەو چەند چێشتێكیتر بەكاریدەهێنن.
شیرین شاتەڕە:
لە زەویە بەپیت و بەراوەكاندا دەڕوێت، باڵای لە مەترێك زیاتر دەبێت، گەڵاكەی هێندەی گەڵای دار بییە، سەرەڕای ئەوەی هەر ئاژەڵێك زۆری لێبخوات تووشی باكردن دەبێت بەڵام ئەكوڵێنرێت و سوورئەكرێتەوەو تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە.
بێڵەهەڕ:
گیایەكی گەڵا پانی گوڵ ورد و زەردە، گوڵەكەی پەڕەی نییە تەنها گۆپكەی وردو بڵاوە.
مارەگیرە = بێوێژان:
گیایەكی بۆن ناخۆشە، مار حەزی لێناكات و كەچی لەبەر كونەكەیدا سەوز دەبێت، بەیەكێك ئەوترێ حەز بە چارە و بینینی نەكات، لەبەر خۆیەوە دەڵێت: مار حەزی لە مارەگیرە نییە كەچی لەبەر كونەكەیدا سەوز دەبێت.
قومام:
زۆر لە رووەكی گەنم دەچێت لە زەویدا سەلك دەكات و بە ناسكی تام و چێژێكی تایبەتی هەیە، زۆرێك لە ئاژەڵ و باڵندەكانیش ئارەزووی خواردنی قومامیان هەیە.
بەڕەزا:
لە كاو و شوێنە سەختەكانی چیادا شین دەبێت، گیایەكی جوان و ناسك و گەڵا ورد و پاراوە، زۆر لە شویت دەچێت لەبری سەوزە بۆ ناو زەڵاتە و دەكرێتە ناو هەندێ خواردنی ترەوە.
هەرزن:
ئەم گیایەش لە گەنم دەكات، بەرێكی وردی هەیە، لە ساڵە نەهاتیەكانی كۆندا (گرانی)، لەبری جۆ  خەپلە و كولێرەی لێدروستكراوە، ئێستا زیاتر خواردنی باڵندەكانە بەتایبەتی (گیر الحب)، پێشینان وتوویانە:
هەرچەن گاڵین بەڵام زادی خوایین.
گۆزروان:
گیایەكی بەهاری توكنە لەشێوەی كنگردایە، بە كوڵاوی و سورەوەكراوی دەخورێت.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان